له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی، هه‌میشه ژن بوونه‌وه‌رێكه كه ته‌نیا له خزمه‌ت تێركرددنی زایه‌نده‌كانی پیاودایه. له دیدگای به‌شێكی زۆری پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتیدا، ژن ته‌نیا له‌پێناو پیاودا هه‌یه. ئه‌م ڕوانینه به‌ره‌ه‌می بیركردنه‌وه و ڕوانینێكی تایبه‌ته كه بووه‌ته به‌شێك له پاشخانی هزری زۆر له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه، له زۆر كاتدا پێوه‌ندی به نه‌ته‌وه و جیۆگرافیا و كولتووری دیاریكراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كیشه‌وه نییه، به‌ڵكو له زۆرجێ بوونی هه‌یه. ده‌ستكاریكردنی ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته و گۆڕینی ئه‌و ڕوانینه كه بڕوای به سه‌ربه‌ستی و ئازادییه بێ سنووره‌كانی مێ هه‌بێت، گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی و هزری گه‌وره‌ی ده‌وێت. چونكه له دیدی ئه‌واندا سه‌ربه‌ستی و ئازادی ژن ده‌به‌سترێته‌وه به ده‌رچوون له نه‌ریت و سنووره‌كانی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئاخۆ سه‌ربه‌ستی ژن له رۆژهه‌ڵاتدا، هه‌روا به ئاسانی و بێ گرفت و شكانه‌وه و ده‌ستدرێژی ده‌چێته سه‌ر؟. ڕۆمانی (ژنه‌كان وڵاتیان نییه)، چیڕۆكی ژنێك به ناوی (خه‌جێ خه‌یاڵاوی) ده‌گێڕێته‌وه كه كوردستان جێدێڵێت و ده‌چێته نه‌رویج.
ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه، به گه‌یشتنی خه‌جێ بۆ ئه‌وروپا ده‌ست پێ ده‌كات. به‌ڵام ئه‌مه ده‌سپێكی ڕووداوه‌كه نییه. لێره‌دا ڕۆماننووس له ڕێی مۆنتاجی سینه‌مایی و ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه، ڕووداوه‌كان به‌یه‌كتره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌و نه‌یویستووه كۆی ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه بگێڕێته‌وه، له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی. چونكه ئه‌وكات نه خوێنه‌ر چێژی له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه وه‌رده‌گرت، نه ده‌بووه جێی پرسیار و ڕامان لای، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته خۆرئاوا، ئه‌وكات له ڕێی دیمه‌نی جیاوازه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه ژیانی منداڵی خۆی و جه‌نگ و نه‌همه‌تییه‌كانی برسییه‌تی و ژیانی سه‌ختی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تا به ئه‌زموونه كه‌سی و خێزانییه‌كانی خۆی ده‌گات، پاشانیش جێهێشتنی نیشتمان.
كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه، له‌پێناو گه‌یشتن به سه‌ربه‌ستی، له‌پێناو شه‌ڕی خۆی و داكۆكیكردن له به‌های هه‌بوونی خۆی وه‌ك مرۆڤێك نه‌ك ژنێك، له ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی ژیاندایه. خه‌جێ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێك هه‌ڵبژێرێت كه خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك بۆی هه‌ڵبژێرن، سه‌ره‌تا ده‌بێ هه‌موو ئه‌و ته‌وق و سندمانه بپچڕێنێت كه ژیانی ئه‌ویان له ه‌ه‌زار لاوه به‌ستووه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش كه هه‌موومان ده‌زانین ژیانی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌رگیز وه‌كو ژیانی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر نییه. ژن‌بوون له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌ر ته‌نیا هێما نییه بۆ بوونی مرۆڤێك، به‌ڵكو شوناسێكی گه‌وره‌تری هه‌یه كه ئه‌ویش خۆی له شوناسی خێزان و بنه‌ماڵه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات. به‌و مانایه‌ی مۆڕاڵی ژن هه‌ر ته‌نیا هی خۆی نییه، به‌ڵكو مۆڕاڵی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه له‌ڕووی خوێن و نه‌ژاده‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ری. بۆیه پارێزگاریكردن له‌و مۆڕاڵه، پارێزگاریكردنه له‌و شوناسه. ئه‌ی ئه‌م شوناسه چۆن ده‌پارێزرێت؟ بێگومان به سنوورداركردن و دیاریكردنی مه‌وداكانی ئازادی ژن له‌و چوارچێوه ئه‌قڵییه كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆی ده‌كێشرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ژنیش بتوانێت سنووری ئه‌و سه‌ربه‌ستییه ده‌ستكرد و نه‌خشێنراو و كۆنكریتییه ببڕێت، ده‌بێ یاخی بێت و به گژ هه‌موو شتێك‌دا بچێته‌وه كه بوونه‌ته نۆڕمی كۆمه‌ڵگه.
لێره‌وه‌ش خه‌جێی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه، یاخی ده‌بێت و پشت له هه‌موو شتێك ده‌كات. سه‌ره‌تای ئه‌و یاخیبوونه به جێهێشتنی ماڵ ده‌ست پێ ده‌كات، بێگومان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ماڵ به مانای شوناسی ژن و ژیانی بچووككراوه‌ی ژن. ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌گوترێت: (ژنێك بێنه با ببیته ماڵ). ئه‌م ده‌ربڕینه خۆی له خۆیدا به‌رجه‌سته‌كردنی شوناسی ژنه له ئاستی بووندا. ماڵ بۆ ژن، هه‌ر ته‌نیا ڕووبه‌رێكی بچووككراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیزیكی نییه، به‌ڵكو هێمایه‌كیشه بۆ سنوورداركردنی سه‌ربه‌ستی ژن، بۆیه ده‌بینین ژن و ماڵ ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و به‌داخه‌وه به‌شێكی زۆری ژنانیش، وه‌ها بیر ده‌كه‌نه‌وه ماڵ پیرۆزییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی هه‌یه بۆ ره‌گه‌زی مێ و جێهێشتنی ماڵ، گه‌وره‌ترین لادان وناپاكی و هه‌ڵه‌یه، كه ژنێك پێی هه‌ڵبستێت. ده‌رچوون له ماڵ واتا ده‌رچوون له هه‌موو ئه‌و به‌ها خێزانی و مۆڕاڵی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی دواجار مانایه‌ك و به‌هایه‌ك به بوونی ئه‌و خێزانه ده‌ده‌ن له ئاست ئه‌وانیتر، لێره‌وه‌یش كاتێ ده‌بینین ژنێك به ئاره‌زووی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوێك ده‌ڕوات و ماڵ جێدێڵێت، ئیتر ته‌نیا سڕینه‌وه و كوشتنی ژنه‌كه، ئه‌و مانا و به‌هایه بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. بۆیه گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستی له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا بۆ ژن، هه‌ر ته‌نیا داماڵینی فۆڕمێكی دیاریكراو و یاخیبوون نییه له ئاست شتێك، به‌ڵكو هاتنه‌وه‌یه به‌گژ هاوسه‌ر، ماڵ، خێزان و كۆمه‌ڵگه كه ڕه‌نگه دواجار باجه‌كه‌ی خوێنیش بێت.
خه‌جێ ده‌زانێت سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌نگاوه، به جێهێشتنی ماڵ ده‌بێت، بۆیه كاتێ له نێوان ڕق و تووڕه‌یی دایك و خوشكه‌كانی و غه‌زه‌ب و شه‌هامه‌تی پیاوانه‌ی براكانیدا، ماڵ جێدێڵێت، ده‌زانێت ئه‌مه كۆتایی هه‌موو شتێك نییه، به‌ڵكو ده‌سپێكی گه‌ڕانه به دوای سه‌ربه‌ستییه‌ك كه پێویست ده‌كات له‌گه‌ڵیدا كۆمه‌ڵگه و نیشتمانیش جێبێڵێت، بۆیه له‌دوای جێهێشتنی چوار دیواری ماڵ، سنوورێكی گه‌وره‌تر ده‌بڕێت كه ئه‌ویش سنووری كۆمه‌ڵگه و جیۆگرافیایه. له‌وێشه‌وه ده‌ڕواته ئه‌وروپا و له نه‌رویج ده‌گیرسێته‌وه، به‌ڵام ئایا خه‌جێ خه‌یاڵاوی به گه‌یشتنی بۆ نه‌رویج، هه‌موو خه‌ونه‌كانی هاتنه دی و گه‌یشته ئه‌و خۆشبه‌ختییه‌ی خۆی ده‌یویست؟ یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا، ئه‌ژین به‌زمانێكی ساده، به‌ڵام به قووڵاییه‌كی فیكرییه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و وێنه ئه‌بستراكت و به‌هه‌شتییه‌یه بۆ خۆرئاوا كه له هزری زۆر مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌و جیۆگرافیایه، بوونی هه‌یه. وێنه‌یه‌ك كه خۆرئاوا یه‌كسان ده‌كات به به‌هه‌شت و نرخ و به‌هایه‌كی هێنده گه‌وره ئایدیالی پێ ده‌دات كه ه‌یچ ناشرینی و خه‌وشێك له‌خۆ ناگرێت، خۆرئاوا به گشتی له دنیابینی به‌شێكی زۆری مرۆڤی كورددا، به‌هه‌شتێكی بنیاتنراوه له‌سه‌ر زه‌وی كه بوون و ژیان تێیدا بێ گرفت و كێشه‌ن.
ئه‌م وێنه جوان و خه‌یاڵییه تا ئه‌و شوێنه بڕ ده‌كه‌ن، كه نابنه به‌شێك له واقیع و ژیانی كردارییانه له خۆرئاوادا. هه‌ر كاتێك ئه‌و وێنه روئیا كراوه، له خه‌یاڵه‌وه بوو به واقیع، ئیدی مرۆڤ هه‌ست ده‌كات، شتێكی جیاوازتر هه‌یه له‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كرد. خه‌جێ خه‌یاڵاوی، ئه‌گه‌رچی تووڕه‌یه له ماڵ، له نیشتمان، له هه‌موو بوونێكی ناو ئه‌و جیۆگرافیایه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و پێكدێنن، به‌ڵام له یه‌كه‌مین چركه‌ی گه‌یشتنی به نه‌رویج، هه‌ست ده‌كات ئه‌ویش به‌ر وێنه‌یه‌كی تری جیاواز و پارادۆكس ده‌كه‌وێت له‌وه‌ی كه خه‌ونی پێوه ده‌دیت. له خۆرئاواشدا له نه‌رویجی سه‌هۆڵبه‌ندانیشدا، خه‌جێ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه كه له نیشتمان بوونی هه‌بوو، به‌ڵام به به‌ریه‌ككه‌وتنی جیاواز. له میانه‌ی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌دا، ڕۆماننووس گومان ده‌خاته سه‌ر به‌شێكی ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه هه‌میشه وه‌ك سیمایه‌كی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و سه‌ربه‌ستی، ده‌درێنه پاڵ خۆرئاوا.
خه‌جێ به‌شێك له‌و به‌هه‌شته خه‌یاڵییه، پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه كه هه‌مووان خه‌ونی پێوه ده‌بینن. ئه‌ویش كاتێ خۆی وه‌ك تارماییه‌ك له نێوان ئه‌و هه‌موو مرۆڤانه دێته به‌رچاو. ئه‌و له شه‌قامدا هه‌زاران ئاژه‌ڵدۆست و ژینگه‌دۆست و مرۆڤی جیاواز ده‌بینێت، به‌ڵام هه‌مووان دواجار خه‌جێ وه‌ك تارمایی ده‌بینن و به‌لایدا ڕه‌ت ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤیش نه‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌هایه‌ك به‌بوونی ئه‌و ده‌دات ئیقامه‌یه، واتا نااسنامه‌یه‌كی بچووكه كه به‌هۆیه‌وه پێگه‌یه‌ك ده‌داته هه‌بوونی ئه‌و له‌وێ. خه‌جێ بڕوای وابوو به جێهێشتنی نیشتمان له سه‌ربه‌ستییه‌كی سنوورداره‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه سه‌ربه‌ستییه‌كی بێ سنوور، به‌ڵام ئه‌م سه‌ربه‌ستییه ته‌نیا بۆ ئه‌وانه مانای هه‌یه‌كه به‌شێكن له بوونی ئه‌و نیشتمانه و ئه‌و ناسنامه‌یه. كه خه‌جێ نیشتمانی خۆی جێدێڵێت، له‌پێناوی ئه‌وه نییه كه نه‌رویج ده‌كاته نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، یاخۆ ئه‌و جێهێشتنه، گۆڕینی سنوورێك نییه به سنوورێكی تر، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ئازادی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك ودواتریش وه‌ك ژنێك سنووردار ده‌كه‌ن. ئه‌و دژی ئه‌و سنوورداركردنه ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و نیشتمانه‌یه كه هه‌یه، به‌بڕوای خه‌جێ نابێ ه‌یچ سنوورێك بۆ مرۆڤ له هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دنیایه بێت، بوونی هه‌بێت. نه‌بوونی سنوور بۆ سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، به‌و مانایه نییه كه چیت ده‌وێ بیكه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونی ژنێكی سه‌ربه‌ست له ئه‌وروپا به به‌ڕه‌ڵایی ده‌زانین و دایكی خه‌جێش به تووڕه‌ییه‌وه له ته‌له‌فۆندا به‌و ده‌ڵێت:(تۆ به ته‌نیا له ئه‌وروپا چ ده‌كه‌یت). به‌ڵكو خه‌جێ نایه‌وێت دواجاربوونی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك بچووك بكرێته‌وه له ناسنامه‌دا، لێره‌وه‌یشه‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆسۆمان بیر دێته‌وه كه دووپات له‌سه‌ر له دایكبوونی مرۆڤ به سه‌ربه‌ستی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دواتر ژیان ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ی له قاڵب ده‌دات.
خه‌جێ كه ده‌گاته نه‌رویج وا هه‌ست ده‌كات ئیتر ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك سه‌ربه‌سته، چونكه هه‌میشه ئه‌وروپا وه‌ك هێمای سه‌ربه‌ستی و ئازادی ده‌بینین، به‌ڵام له‌وێش ناچاره به ڕه‌شی بژیی و به ڕه‌شی كار بكات و به ڕه‌شیش بخه‌وێت. بوونی خه‌جێ له‌وێ به‌ستراوه‌ته‌وه به بوونی پارچه كاغه‌زێكی مردوو كه ڕێی پێ بدات وه‌ك مرۆڤ بژی. ئه‌م پارچه كاغه‌زه ده‌بێته مایه‌ی پرسیارێكی قووڵ بۆ خه‌جێ كه چۆن ده‌بێت له‌و ئه‌وروپایه‌ی به‌لانكه‌ی هاووڵاتیبوون و ئازادی ده‌ناسرێت، مرۆڤێك له چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌م پارچه كاغه‌زه كه مافی نیشته‌جێبوونی پێ ده‌دات، له چاوه‌ڕوانیدا ڕۆژه‌كان به یه‌كتری بسپێرێت. مه‌گه‌ر لێره‌ش سنوورێك بۆ سه‌ربه‌ستییه‌كانی مرۆڤ هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌جێ له وڵات چ مانایه‌كی ده‌بێت؟ چونكه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ونی خه‌جێ گۆڕینه‌وه‌ی شوێنه‌كان و سنووره‌كان نییه به یه‌كتر، به‌ڵكو گه‌ڕانه به دوای سه‌ربه‌ستیدا. سه‌ربه‌ستییه‌ك كه مرۆڤ له ژێر ه‌یچ پاساوێكدا دیل نه‌كات. ئه‌گه‌ر خه‌جێ له كوردستاندا له به‌ر سته‌می پیاوسالاری و نه‌بوونی ئازادی بۆ ژیانی خۆی و توانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌ستی به سه‌ربه‌ستی نه‌كردبێت، ئه‌وا له نه‌رویجیش له‌به‌ر نه‌بوونی مافی مانه‌وه، ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ی نییه كه خۆی به دوایدا وێڵه،.به‌ڵكو له‌وێش جۆرێكی تری سنوور هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی تر و به‌پاساوێكی تر كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و جێی پرسیار و ڕامانه.
ئه‌و دواجار دڵی به وه‌رگرتنی ئیقامه خۆش ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ست ده‌كات هه‌مان خه‌جێی جارانه و ه‌یچ شتێك نه‌گۆڕاوه، بگره بووه‌ته ڕۆبۆتێكیش. لێره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك له سه‌ر به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی كورد و رۆژهه‌ڵاتی، هاوكات ژنێكی بوێر و سه‌ربه‌ست و ئازادیش، به نه‌رویج و خۆرئاوا به‌گشتی بوه‌ستم. بێگومان به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ به خۆرئاوا، به‌ریه‌ككه‌وتنێكی جیۆگرافی و كولتووری و ژینگه‌یی نییه كه سه‌ره‌نجام به غه‌ریبییه‌كی گه‌وره و كوشنده كۆتایی دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌شێكی زۆری ڕۆمانی كوردی و مرۆڤی كوردی ئاواره‌بوو به‌گشتی ده‌یبینین. ئه‌م به‌ركه‌وتنه، به‌ركه‌وتنێكی ڕوحی و مرۆڤانه‌یه. ئه‌ژینی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، هێنده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ك سۆسیۆلۆجستێ له سه‌ر ڕه‌هه‌ندی ڕۆحی مرۆڤی خۆرئاوایی بوه‌ستێت، هێنده جوانی و داهێنان و ژیارییه‌كانی نه‌رویجی به‌لاوه گرنگ نییه. گه‌رچی له هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌كه‌یشیدا، وه‌سفی ئه‌و جوانییانه ده‌كات. ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی،
له‌سه‌ر هزر و قووڵایی ده‌روونی مرۆڤه‌كان بوه‌ستێت، جا چ مرۆڤی كورد بێت، یان خۆرئاوایی، بۆ نموونه: كاتێ وه‌سفی ماڵی خاڵ و خاڵۆژنی ده‌كات، ده‌ڵێت له شوێنێكی به‌رز و جوانی سه‌ر شاخێك بوو. ئه‌م جوانییه دیكۆری و ڕاگوزه‌رییه، بۆ خه‌جێ نه ده‌بێته جێی پرسیار، نه سه‌رنجیشی ڕاده‌كێشیت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ده‌بێته جێی هه‌ڵوه‌سته، پێوه‌ندی خاڵ و خاڵۆژنی وه‌ك دوو مرۆڤی كورد و كه‌شی رۆژهه‌ڵاتییانه‌ی ناو ماڵه‌كه‌یه، دوای ژیانكردنیان بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ له‌و وڵاته، كه پڕه له ده‌مه‌قاڵێ و نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و شكانه‌وه‌ی یه‌كتر. ئه‌ژین لێره‌دا، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت كه چۆن به‌شێك له مرۆڤه‌كان وێڕای ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به ژیان و كولتووری خۆرئاوایانه‌یش ده‌بن، به‌ڵام هێشتا ناتوانن، ببنه مرۆڤی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌و ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه له ئه‌قڵی پیاوسالای به‌شێك له پیاوی كورد ده‌گرێت كه پێی گۆشكراون و زه‌مه‌ن و شوێن و جیۆگرافیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن و بیسڕنه‌وه، بۆیه كاتێ هه‌ست ده‌كات كه‌شی ئه‌و ماڵه هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه كه ئه‌و لێی هه‌ڵاتووه، ئیتر ئه‌وێ جێدێڵێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری كوڕی ده‌چێته ئاپارتمانێك و به ته‌نیا ده‌ژین. له‌لایه‌كی تره‌وه خه‌جێ له‌به‌ركه‌وتنی به‌و وڵاته، مرۆڤی خۆرئاوایی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه كه هه‌میشه ئه‌وێ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی ده‌بینرێت، كه‌چی كاتێ ئه‌و ژیانه له‌وێ ئه‌زموون ده‌كه‌ی، ئه‌م واقیعه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه. واتا ئه‌وێش نابێته شوێنێك بۆ ژیانێك كه ئه‌ژین له ڕۆمانه‌كه‌یدا به دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
بۆ نموونه: ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی به‌رزی یاسایان هه‌یه، چونكه به ڕه‌گه‌ز هاووڵاتی ئه‌و وڵاته نین، ئیتر ده‌بێ توالێته‌كان پاك بكه‌نه‌وه. سه‌ربه‌ستی و بوونی مرۆڤیش ده‌به‌سترێته‌وه به‌وه‌ی تۆ زمانی دایكت نه‌رویجییه یان زمانی دووه‌مته؟ به‌مه‌ش ڕۆماننووس ئه‌و به‌رواردكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیارییه ده‌كات و دواتریش ده‌پرسێت، مرۆڤ له كوێوه‌ی ئه‌و جیهانه‌وه‌یه؟ ئه‌گه‌ر له كوردستان خه‌جێ ئازادی نه‌بێت، ئه‌وا له نه‌رویجیش بوونی له پارچه كاغه‌زێك ده‌بینرێت، واتا به جۆرێك له جۆره‌كان له‌وێش ئازاد نییه، ئه‌گه‌ر خه‌جێ له كوردستان له به‌ریه‌ككه‌وتندا بێت له‌گه‌ڵ نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌قڵیه‌تی په‌تریاكی، ئه‌وا له نه‌رویجیش له ڕووی رۆحییه‌وه له به‌ریه‌ككه‌وتندایه له‌گه‌ڵ مرۆڤگه‌لێكی جیاواز. سه‌ره‌نجام خه‌جێ له نێوان كوردستان و نه‌رویج دۆش داده‌مێ، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته كۆتایی پرسیاره‌كانی. لێره‌وه ئه‌و خوێنه‌ره‌ی پێی وایه كۆتایی ڕۆمانه‌كه كۆتاییه‌كی لاوازه، یاخۆ بۆ خوێنه‌ر جێی سه‌رنج نییه، به بڕوای من له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕۆمانه نه‌گه‌یشتووه. چونكه هه‌ر خوێنه‌رێك به وردی ڕۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه، ده‌زانێت ئه‌وه‌ی كۆتایی دێت، ڕۆمانه‌كه‌یه نه‌ك ڕووداوه‌كان.
ئه‌م ڕۆمانه كۆتاییه‌كی كراوه‌ی هه‌یه، ڕه‌نگه ڕۆماننووس مه‌به‌ستی بێت درێژه به ڕووداوه‌كان بدات، چونكه ڕووداوه‌كان به‌و پرسیاره كۆتایی پێ دێنێت كاتێ ده‌ڵێت:(ژنه‌كان وڵاتیان نییه، كێ وڵاتی هه‌یه؟) بۆیه ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بچێت. پرسێكی تری ناو ڕۆمانه‌كه كه ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستم، پرسی خێزان و هاوسه‌رگیرییه كه له ڕۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت. بێگومان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هاوسه‌رگیری ئه‌و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی و په‌روه‌رده‌یه‌یه‌یه كه تێیدا پیاو ده‌بێت به سه‌نته‌ر. ئه‌م پێوه‌ندییه هه‌میشه به جۆرێك دروست ده‌بێت كه هه‌ردوو هاوژین، به تایبه‌تیش پیاوان، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستییانه ژن بوونێكی هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌نده یه‌كتریان ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن. به ده‌ربڕینێكی تر، پیاو یا به‌شێكی زۆر له ژنان، وا بیرده‌كه‌نه‌وه هاوسه‌رگیری یانی موڵكداریه‌تیكردنی یه‌كێكیان، كه ژن ده‌بێته موڵكی پیاو، ئیتر ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤێكی تر ده‌دات كه هاوتای خۆیه‌تی و له پێوه‌ندییه‌كی خێزانیدایه له‌گه‌ڵی.
ئه‌ژین له بنه‌ڕه‌تدا دژی ئه‌وه‌یه هاوسه‌رگیریی ببێته مایه‌ی زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، ئه‌گه‌رچی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ڕوانینێكی نه‌رێنی هه‌یه بۆ ئه‌و سه‌ربه‌ستییه. له ڕوانگه‌ی خه‌جێی كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه، سێكس هه‌ر ته‌نیا به‌ریه‌ككه‌وتن و ئاوێته‌بوونی دوو جه‌سته نییه، جه‌سته‌ی ژن كالانێك نییه، ته‌نیا بۆ شمشێری پیاو، به‌ڵكو له به‌رایی هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئاوێته‌بوونی دوو ڕۆحه. هه‌ر كاتێك ئه‌و دوو ڕۆحه له یه‌كتر ترازان، شتێك نامێنێته‌وه به ناوی پێوه‌ندی هاوسه‌رگیریی و خێزانی. خه‌جێ چونكه به‌رله‌وه‌ی جه‌سته‌ی له هاوسه‌ری پێشووی جیا بێته‌وه، رۆحی لێی جیابووه‌وه، ئیتر كاتێ سێكس ده‌كه‌ن له پڕمه‌ی گریان ده‌دات، چونكه خۆی وه‌ك داگیركراوێك و هاوسه‌ره‌كه‌شی وه‌ك داكیركه‌رێك ده‌بینێت. خه‌جێ ده‌یه‌وێت له به‌رایی هه‌موو شتێك‌دا سه‌ربه‌ستی هه‌بێت، هه‌ر پێوه‌ندییه‌ك به زه‌وتكردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستی مرۆڤ كۆتایی بێت، دواجار زیندانیكردنێكی تره. بۆیه ئه‌و شه‌وه‌ی خه‌جێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له ڕووی جه‌سته‌یی و غه‌ریزه‌ییه‌وه كۆتایی پێ دێنێت، خۆی ده‌ڵێت:(كه ئه‌و شه‌وه زۆر ئاسووده بووه). لێره‌وه ده‌بینین كاتێ خه‌جێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سبه‌ستیانی هاوماڵی ده‌به‌ستێت و ئه‌ویش داوای لێ ده‌كات كه منداڵیان هه‌بێت، خه‌جێ به توندی ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. چونكه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ژن ئه‌و كارگه‌یه نییه كه ته‌نیا ئه‌ركی منداڵخستنه‌وه بێت، یا پێوه‌ندی هاوسه‌ریی و هاوژینی، ببێته ئه‌ڵقه‌یه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه و زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ. بۆیه خواست و كێشه‌ی خه‌جێ ئه‌وه نییه كه له ئه‌وروپا به دوای حه‌زه‌كانی كه‌وتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكی وا تێگه‌یشتووه و پێی وایه كچه‌كه‌ی به ته‌نیا له نه‌رویج چ كارێكی هه‌یه، چونكه نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاش جه‌سته‌ی ژن، پێوه‌ندی به سه‌ربه‌ستی خۆیه‌وه هه‌یه و ه‌یچ پیاوێك ناتوانێت دوور له خواستی ئه‌و له پێوه‌ندی سێكسی و هاوماڵیدا بێت له‌گه‌ڵ ژن‌دا.
مه‌به‌ستی خه‌جێ لێره‌دا دووپاتكردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی نابێ جه‌سته‌ی ژن وه‌ك قه‌ده‌غه‌كراوێك ببینین و هه‌میشه وه‌ك هێمای مۆڕاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی ته‌ماشای بكه‌ین. كاتێ سبه‌ستیان به جه‌سته‌یه‌كی ڕووت و قووته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌جێ داده‌نیشێت و ه‌یچ شه‌رمێكیش دایناگرێت، مانای وایه جه‌سته لای ئه‌وان، ه‌یچ به‌هایه‌كی نییه، بۆیه خه‌جێ به‌م دیمه‌نه شۆك ده‌بێت و جارێكی تر پیاوبوونی وه‌ك چه‌مكێك دێته‌وه به‌رچاو كه زۆرجار له ڕیش و سمێڵی زلدا ده‌بینرێت و كورت ده‌كرێته‌وه.
دواجار ده‌ڵێم، له نێوان نه‌رویج و كوردستاندا، خه‌جێی خه‌یاڵاوی دێت و ده‌چێت، دۆش داده‌مێنێت و ده‌كه‌وێته گومان و پرسیاری قووڵه‌وه، نه ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه كوردستان، نه له‌وێش هه‌ڵده‌كات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه، ناتوانن كه‌سێتی خه‌جێی بوێر و ئازا و سه‌ربه‌ست، وه‌ك ژنێكی رۆژهه‌ڵاتی و كورد بڕووخێنن. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ و ژیانی خۆرئاوایانه ده‌خاته ژێر پرسیار و گومانكردنه‌وه. گومانكردنێك كه دواجار ئه‌و پرسیاره دروست ده‌كات كه ئایا تاكی خۆرئاوایی و ئه‌وروپاش به‌گشتی، برێفێكت و ئاسووده و بێ كێشه‌ن؟ ئایا ژیان له‌وێ مانای وایه مرۆڤ له به‌هه‌شت ده‌ژی؟ یان ئه‌وێش به جۆرێك له جۆره‌كان مرۆڤ گیرۆده‌ی چه‌ندان نۆڕم و كێشه‌ی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ده‌كات؟ به بڕوای خه‌جێ، ئه‌گه‌ر ڕۆژهه‌ڵات له دیدی رۆژهه‌ڵاتییه‌كانه‌وه، هێما بێت بۆ دۆزه‌خێك، ئه‌وا به ه‌یچ شێوه‌یه‌ك ڕۆژئاواش ئه‌و به‌هه‌شته نییه كه ئه‌وان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام گه‌ڕانی خه‌جێ به‌رده‌وام ده‌بێت به دوای سه‌ربه‌ستییه‌كدا كه سنوور و جیۆگرافیا و ناسنامه و نیشتمانه‌كان ناناسێت، به‌ڵكو سه‌ربه‌ستییه‌كی گه‌ردوونییه.
گه‌ڕانی خه‌جێ، گه‌ڕانه به دوای ژیانێك كه خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك ژیانێك كه ژیان به سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێت. بۆیه نه له كوردستان و نه له خۆرئاوا هه‌ست به بوون و سه‌ربه‌ستی و ژیان ناكات. ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتیان نییه، چه‌ند جوان و به چێژ و پڕ ئازاره، ئه‌وه‌نده‌ش هێمایه بۆ لێهاتوویی و بوێری ژنی كورد له بواری نووسینی ڕۆماندا. ژنه‌كان وڵاتیان نییه، شایه‌نی ئه‌وه‌یه هه‌مووان و به‌تایبه‌تیش ژنان بیخوێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه فێری بوێری و سه‌ربه‌ستی و ئه‌زموونه‌كانی ژیان بن، نه‌ك ته‌نیا پێیان وابێت ژن كاره‌كته‌ری چێشتخانه‌یه و ده‌بێ له تیڤییه‌كاندا بۆ خه‌ڵك خۆشترین خواردن ئاماده بكات. ئه‌م ئه‌قڵ و دنیابینییه له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و دنیابینی ئه‌ژین وه‌ك ژنێك نه‌ك هه‌ر به‌راورد ناكرێت، به‌ڵكو جێی به‌زه‌ییشه. دواجار ده‌ستخۆشانه له نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌م و هیوادارم ڕۆمانی تری جوانتر بنووسێت.
*په‌راوێز: ژنه‌كان وڵاتیان نییه، بابه‌ت: ڕۆمان، نووسینی: ئه‌ژین عه‌بدولخالق، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند_2020