چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌وكاته‌ی عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك پاڵه‌وانێكی وه‌همی و له نمایشێكی سه‌ربازیدا ڕای گه‌یاند، داعش كۆتایی هات و سوپا و حه‌شد سه‌ركه‌وتن. سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه ئه‌وكات ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بوو، له تویتێكدا ڕای گه‌یاند، داعش مه‌ترسییه‌كی هه‌میشه‌یی و ڕاسته‌قینه‌یه و به ئاسانی كۆتایی نایه‌ت و ئه‌وه‌ی ته‌واو بووه، توانای شه‌ڕكردنی داعشه بۆ ئێسته، نه‌ك ڕێكخراوه‌كه، وه‌ك ڕێكخراوێكی توندڕۆ و تیرۆریستی.
دوای چوار ساڵ له‌م به‌ناو سه‌ركه‌وتنه‌ی عه‌بادی، مه‌ترسییه‌كانی داعش به‌رده‌وامن و به‌داخه‌وه له‌مدواییه‌شدا چڕتر بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش له ناوچه دابڕێنراوه‌كان په‌لاماری پێشمه‌رگه ده‌ده‌ن. بێگومان داعش به‌رله‌وه‌ی هێزێكی سه‌ربازی و شه‌ڕكه‌ر بێت، ڕێكخراوێكه له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری ئاینی توندڕۆیی و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جوانییه‌كانی ژیانه، بۆیه ده‌كرێ بڵێین داعش وه‌ك خانه‌ی شێرپه‌نجه‌یی وایه و تا یه‌ك خانه‌ی پیس هه‌بێت، ئه‌گه‌ری سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت.
بۆیه ئه‌و پێشهاته چاوه‌ڕوانكراوه، هاوپه‌یمانان به گشتی و هه‌روه‌ها عێراقیش به‌تایبه‌تی، ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی سیاسی و ئه‌خلاقی گه‌وره، كه هه‌وڵه‌كانیان و پاڵپشتییه‌كانیان بۆ پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان چڕتر بكه‌نه‌وه.
په‌لاماره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی داعش، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ی به‌داخه‌وه به هۆی ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه بۆشاییه‌كی ته‌ناهیی گه‌وره‌یان لێ دروست بووه، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه داعش سه‌رقاڵی خۆ ڕێكخستنه‌وه و سه‌رله‌نوێ شه‌ڕی پێشمه‌رگه و په‌لاماردانی خاك و خه‌ڵكی كوردستانه. ئه‌م ناوچانه كه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه پێویست بوو سوپای عێراق پارێزگاری‌یان لێ بكات، ئێسته بوونه‌ته شوێنێكی كراوه‌ی گه‌وره كه به ئاسانی چه‌كدارانی داعش ده‌توانن ته‌راتێنی تێدا بكه‌ن، له ڕێی تاكتیكی پارتیزانانه په‌لاماری پێشمه‌رگه بده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو ڕوویان دا.
ئه‌و پێشهاته سه‌ربازییه مه‌ترسیدارانه، سه‌ره‌تایه‌كن بۆ سه‌رله‌نوێ خۆڕێكخستنه‌وه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش، وه‌ك شانه‌یه‌كی نوستوو. بۆیه ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه هێزی سه‌ربازیی خۆی له‌و ناوچانه جێگیر بكات، یان ڕێ بدات هێزی پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچانه. له‌كاتێكدا بودجه‌یه‌كی زۆری عێراق بۆ بواری سه‌ربازی و پێداویستی شه‌ڕه‌وه ته‌رخان ده‌كرێت، كه‌چی هێشتا سوپا و حه‌شدیش له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه و هێشتا ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره و ڕاسته‌قینه‌یه.
داعش هیچ به‌هایه‌كی مرۆیی و ئاكاریی نییه و ته‌نیا ئامانجی له ناوبردنی كورد و شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌یه. ده‌بێ بزانین تا یه‌ك داعش له عێراق مابێت، مه‌ترسییه‌كانی داعش به‌رده‌وام ده‌بن، له به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ش، پێویستییه‌كانی هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه زۆرتر ده‌بن و هاوكات حكوومه‌تی عێراقیش ده‌خاته به‌رده‌م به‌ر په‌رسیاریه‌تیی ئه‌وه‌ی یان ده‌بێت پارێزگاری له‌و ناوچانه بكات، یان ده‌بێت ڕێ بدات پێشمه‌رگه خۆی پارێزگاری له خاكی پیرۆزی كورددستان بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی.
ئه‌ركی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانیشه هاوهه‌ڵوێست و پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه بن، ململانێی حزبی وه‌لا بنێن و به‌یه‌ك گوتار و ئه‌جێندای سیاسی و حزبی، ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستانی داعش ببنه‌وه، چونكه هه‌موومان له ناو كه‌شتییه‌كداین و هه‌ركاتێك كه‌شتییه‌كه كون ببێت، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك ده‌خنكێین. ئیتر ئه‌وكات نه سازشی سیاسی و نه ململانێ و یه‌كتر شكاندن، دادمان نادات.