مەسروور بارزانی تووڕە بوو؟

AM:08:52:10/07/2023 ‌
دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو گفتوگۆ راشكاوانەی لەگەڵ هاووڵاتییان دەیكات، راستییەك هەیە لە كوردستان دەبێت بیڵێن، ئەویش تێكشكاندنی وێنە دروستكراوەكانە بۆ كەسێك لە هزری هاووڵاتییاندا كە بە تووڕە و قسە لە كەس وەرنەگر كە كەس پێی ناگات و دیداری نییە، ئەوەتا دەبینین وێنە راستەقینەكە پێچەوانە دەبێتەوە.

مەسروور بارزانی لە سەرەتای دەركەوتنی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەلایەن میدیا و ئەو كەسانەی دژی بوون، وێنەی كەسێكی توند و تووڕە پێشانی رای گشتیی دەدرا، بە جۆرێك پێناسە دەكرا كە قسە لە كەس وەرناگرێت و ڕەخنەی قبووڵ نییە، هەرچەندە سروشتی كاری ئەنجوومەنی ئاسایش وا دەخوازێت و ئەو سەركەوتووانە كوردستانی پاراست لەو قۆناغەدا، بەڵام وەك كوردەواریی دەڵێ، رۆژان رۆژی لە دوایە. دوای بوونی بە سەرۆكی حكوومەت، جگە لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی یەكەمی كە سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی ئیدارەی وڵاتەكە و تیمەكانی بوو، چەند فەرمانگەیەكی گرنگیشی دامەزراند، دوای ئەوە هیچ مانگێكی بێ‌ راگەیاندنی پڕۆژە و دەركەوتنی لەناو خەڵكدا بەڕێ نەكردووە، بۆیە دەكرێت ئەوە ئەزموونێك بێت بۆ میدیا و میدیاكاران كە چیتر لە نەزانییەوە وێنەی شێواو دروست نەكەن.

هیچ گومانم نییە لە دروستكردنی ئەو وێنە تووڕەیەی مەسروور بارزانی، بەشێك لە پڕۆژەی ئیرهابی فكری بوو، ئەوەیش ئیشی ئەو بەرپرسانە بوو كە مەترسی لەسەر گەندەڵی و پڕۆژە خۆویستەكانی خۆیان دروست دەبوو، بۆیە تەنگەتاو بوون و هەر ڕۆژەی رەخنەیەك دەگرن بۆ شێواندنی دەروونی خەڵك. خۆ سەركردە دەبێت هەندێك كاتیش تووڕە بێت، ئەگەرنا وڵات چۆن بە موجامەلە دروست دەكرێ، لە مەملەكەتێكدا كە پڕە لە باندی گەندەڵی و خاوەن بەرژەوەندیی گەورە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش لە دیدارەكەیدا ئەمەی نەشاردەوە.

ئاخر ئەو میدیا و كەسانەی ناویان لە خۆیان نابوو پیشەیی و سیاسەتوان، بڵێی‌ ڕۆژێك لە ڕۆژان دیدارێكتان لەگەڵی هەبوو یان جارێك لەگەڵی كۆبوونەوە؟ بێگومان نەخێر، وەك هەمیشە سواری شەپۆل دەبوون یان بەكار دەهێنران، خۆشمان باش دەزانین كەسانێك ئەو وێنەیەیان دەكێشا، ئێستەیش دەیانەوێ لێی نزیك ببنەوە، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، چونكە هەموو شتەكان پێچەوانە بوون و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نەك تووڕە نییە، بگرە بە زەردەخەنەوە خەڵك دەبینێت و رەخنەكانیشیان قبووڵ دەكات. 

لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی لە 10یەی رابردوودا، كەسێك لە سەرای ئازادی هوتافی دەكێشا و قسەی بە دەسەڵات دەگوت، كەچی ڕۆژانی داهاتووی كاتێك جەژنی نەورۆز هات، لەگەڵ هەمان بەرپرس یاریی تێنسیان دەكرد و شیشە گۆشتیان بەیەكەوە دەبرژاند، دواتر پارووی كەوتە ناو ڕۆن، ئێستەیش كەسانێك بە هەمانشێوە ئیش لەسەر ئەو دەستە دەكەن، بەڵام بە فۆرمێكی نوێ‌ و ڤێرژنێكی تازە.

مەسروور بارزانی كەی تووڕە بوو؟
بیرمە ساڵی 2014 بانگێشت كراین بۆ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە باسكردنی ئەو هێرشەی كرایە سەر ئاسایشی هەولێر، ئەوكات بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، مەسروور بارزانیش دانیشتبوو، لە پرسیارێكدا كە چەند جارێك دووبارە كرایەوە، مەسروور بارزانی تووڕە بوو، هەستا و گوتی ئەگەر زانیاریی زیاترمان هەبوو وەڵامتان دەدەینەوە و كۆتایی بە كۆنگرەكە هێنا، دواتر لەگەڵ هاوپیشەكانم بۆمان دەركەوت ئەو پرسیارەی كردمان بریتی بوو لەوەی "گومانتان لە كێیە، هیچ سەرەداوێكتان دەست كەوتووە؟" ئەوەیش ناڕەوا بوو لەو كاتەدا، چونكە دۆزینەوەی تاوانبارانی قورستر دەكرد، بۆیە هەندێك جار رۆژنامەنووسیش زیادەڕۆیی دەكات و بیر لەوە ناكاتەوە كەی كاتی كام پرسیارە.

ئێستە كە بڕیارە لەناو خەڵكدا بێت و گوێیان لێ‌ بگرێ‌، چی ماوە بیڵێن؟ بینیمان زۆرترین رەخنەی قبووڵ كرد و وەڵامی دانەوە، رێزی زۆر لە میوانەكان گرت و هانی دان بۆ بەردەوامی، كەواتە با لە ئاستی خۆمانەوە ئێمەیش بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین.

لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە سەرۆكی حكوومەتێكمان هەیە كە توانای هەیە و پێشوازی لە هەر جیاوازییەك دەكات كە ئێمە وەك رەخنە بیری لێ دەكەینەوە، ئیتر ماوەتەوە ئێمەیش وەك رۆژنامەنووس هانی ئەو كرانەوەیە بدەین و پەرەی پێ بدەین، چونكە دەكەوێتە خزمەتی وڵاتەكەمانەوە.