لەجێی سندان قوزەڵقورت

PM:12:12:05/09/2021 ‌
هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان جگە لەو هەموو كێشمەكێشە سیاسی و پەلامارانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری و بینینی باڵەخانەی بەرز، ئاست و بیركردنەوەی كۆمەڵگەیش دابەشبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە .

ئەو هەراوهوریای كۆمەڵایەتی و دابەشبوونی بەسەر بەرەی مۆدێرن و كۆنەپەرست، وەك دوو بەرداش هاڕاوەی فكری جیاجیای هێناوەتە ناو كۆمەڵگە، ئەوانیش دوو بەرەی سەرەكی سەرمایەداری هەلپەرست و ئیسلامی سیاسیی كوێر، وەك دوو ڕووی دراوێك بەرپرسیاری یەكەمی ئەم ئاژاوە كۆمەڵایەتییانەن.

نابێت نكوڵی لەوە بكرێت كە كورد وەك هەموو نەتەوەكانی تری دنیا، خاوەنی كولتووری تایبەتی خۆیەتی، ئەگەر بەشێوە گشتییەكەی لێكچوونی بۆ بكەیت، لە هیچ كام لە كولتووری نەتەوەكانی تر ناچێت، نە ڕۆژئاوایی و نە ڕۆژهەڵاتی، بەڵام ئەم دوو بەرەیەی سەرەوە، هاتوون و دەرهاویشتەكانی دوور لە داونەریتی كوردەواری بە چەپ و ڕاستدا پەرشوبڵاو دەكەنەوە، بێ ئەوەی كەس كۆنترۆڵیان بكات یاخۆ پێیان بڵێت بوەستن.

بەرەی ڕۆژئاوا و كاپیتاڵیزم بەبێ ئاگایی و بەناوی جیهانگیرییەوە، كۆمەڵێك مرۆڤی لە هەردوو ڕەگەز بەرهەم هێناوە، لە ڕووكەشدا ناویان شاجوان و مۆدێلە و لە ناوەڕۆكدا داماڵراون لە زانست و بیری داهێنەرانەی سوودمەند بۆ ئەو كۆمەڵگەیە. لەگەڵ ئەو تێبینییەی كە بەهیچ جۆرێك ئامرازەكانی كاپیتاڵیزم لە كوردستان بوونی نییە، پرۆسەیەكە زۆر لەوە زیاتر و بەهێزترە كە ئێمە تێیگەشتووین و هەر كاپیتاڵیزم بوو سەرەڕای نەهامەتییەكانی، مرۆڤی گەیاندە ئەستێرەكانی دەرەوەی خۆی.

بەرەی دووەمیشیان كە بەرەی ئیسلامی سیاسییە، وەك چێشتی بۆگەن لە هەردوو ڕەگەز، كۆمەڵێك جنێوفرۆشی كۆپیكراوی دواكەوتووی بەرهەم هێناوە كە جگە لە گوزارشت لە ناشیرینی، هیچیتر نایانگرێتەوە. ئەمانە كاتێك گرووپێكی تیرۆریستی وەك تاڵیبان سەر بەرز دەكاتەوە، زمانیان وەك ئەوەی لە هەسان بدرێت، بەرانبەر كۆمەڵگە درێژ دەكەن و هەموو ژنێك كە موحەجەبە نەبێت، بە بێ شەرەف و زیناكار دەزانن، هەر پیاوێكیش ڕیشی درێژ نەبێت، بە كەموكورت ئەژماری دەكەن .

كاتێك سەركردەیەكی سیاسیی ڕۆژئاوایی لێدوان دەدات كە مەترسیی تیرۆر و داعش و گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكە هێشتا ماوە، ئەم ئیسلامییانە گەزگەز باڵا دەكەن، چونكە هاوسەنگەر و هاوبیرەكانیان ماون. لە دەمی ئەمانەوە وشەی قەحپە و بێ ئەخلاق خۆیان گوتەنی بووەتە كارێكی پێویست تا بهێنرێتە ناو ڕێزمانی كوردییەوە. بۆیە لێرەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كەسانەی بە بێ شەرەف یان قەحپە ئەژمار دەكرێن، كێن؟

زۆر كات قەحپەكان بێپشت و بێ برا و كەسن و لەو كۆمەڵگەیەی سیستمی سۆشیال بوونی نییە، ناچار دەبن پەنا بۆ پەیداكردنی نانی خۆیان و منداڵەكانیان بە قەحپەیەتی ببەن، بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان بەڕێ بكەن. ئەم گرووپە هەر بە ڕاستی برسی و بێ جێ و ماڵن و ئاواتەخوازی باوەشی گەرمی پیاوێك و چوار دیوارن، خۆیانی تێدا بپارێزن.

ئەمانە خۆیان و چێژ دەفرۆشن تا نە خۆیان نە منداڵیان لەناو نەچن، بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەمان بەردەوامی بە ژیان دەدەن و نایەنەوێ لەو خۆشییانەی خودا لە ژیان داوێتی، بێبەش بن. بەڵام ئەمان نە خاك دەفرۆشن نە ماڵ و هێلانەی ژنێكی تر وێران دەكەن، نە بۆگەنیی فكری حزبێكی ئیسلامی هەڵدەگرن بیپرژێنن بە ڕووی كۆمەڵگەدا، نە ئاسایشی نەتەوەیی دەخەنە مەترسییەوە، بەڵكو ئەمانە چێژ دەبەخشنە  پیاوی نەتەوەكەی خۆیان.

بەڵام ئەوانەی بە ئایدۆلۆجیای هەناردەكراوەوە دێنە ناو كۆمەڵگە و بە ناوی ئاینەوە دەقیڕێنن، چێژ دەبەخشنە بیرە كۆم و چەماوەكەی ئیسلامی سیاسی و ئەوانەی باوەڕیان بە سیغە و میسیار هەیە. ببینن ئەمانەی ناو نراون بێ شەرەف و قەحپە، یاسا و شەرع ڕێی پێ داون سەربە هەوێ بەسەر ژنێكی وەك (مونیرە عەبدولعەزیز)دا شوو بكەن و هێلانەیەك بۆ خۆیان دروست بكەن، كەچی ئەوەندە بە شەرەفن، خۆیان و چێژەكەیان دەفرۆشن و ئامادە نین قەحپەیەتی وا بكەن ماڵی ژنێكی تر وێران بكەن .

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەو ژنانەی لە ژێر ستەم و هەڕەشە و توندوتیژی بە هەر هۆكارێك فرەژنیان پێ بكرێت و دوور لە ئیرادەی خۆیان، هیچ تاوانێك یان تۆمەتێكی لەم جۆرە نایانگرێتەوە.

گرووپی دووەم ئەو كەسانەن كە هێشتا لە بێ شەرەفەكان كەمترن و مرۆڤ ناتوانێ بە بێ شەرەف ناوزەدیان بكات، ئەو جۆرەی لە پێخەفی گەرم و نەرم دەخۆن و دەكەون و ئاگایان لە ئازار و نەهامەتی هاونیشتمانییەكانیان نییە و ئاگاداری ڕەوشی ئەو ستەمە نین كە لە ژن و منداڵ دەكرێت، ئاخر ئەم مونیرە خانە كەمترە لەو ژنانەی قەحپەن و زیاد لە 15 ساڵ لە هاوسەرەكانیان جیا بوونەتەوە و تەمەنی منداڵەكانیان لەسەر و 15 ساڵەوەیە و هێشتا ئەو منداڵە باوكی خۆی ناناسێت و نەدیوە، باوكی تەنیا جارێكیش لە جێی كڕینی جپسێكی پەتاتە، نەيگرتوونەتە باوەش.

ئەگەر مونیرەخان لە خوار ئاستی ئازارەكانی ئەمانەوە نەبووایە، دەیزانی سەتان منداڵ كە باوكیان بوونی هەیە و نایناسن، شانازی بەوەوە دەكەن ناوی دایكیان هەڵگری ناوی سەر ناسنامەكەیان بێت، بەڵێ مرۆڤ كاتێك كەڕ و كوێر بوو لە ئاست ئازاری خەڵكدا، بە دڵنیایی دەمیشی شڕە.

گرووپی سێیەم ئەو كەسانەن كە بەناوی ئاینەوە دێن و وشەی نەشیاو دژی دروستكراوەكانی خودا دەڵێن و بە لەواتە ناوزەدیان دەكەن، مونیرەخان ئەگەر خودا منداڵێكی دووڕەگەزی پێ ببەخشێت، چی دەكات؟ دەیكوژێت؟ پێی دەڵێت لەواتە؟ یا دەڵێت بەڵای خوا؟ یاخۆ بۆی دەشارێتەوە؟

ئاگادار بێت لەوەی دروستكراوەكانی خودا تەنیا ڕەگەزی نێر و مێ نین


ئاخر ئەوەی ئاگادار بێت لەوەی دروستكراوەكانی خودا تەنیا ڕەگەزی نێر و مێ نین و ئەو بوونە لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نییە و سروشت و خودا بڕیاری لێ دەدات. ئاخر خاتوون بەشبەحاڵی خۆم مادام كۆمەڵگەت دابەش كرد بۆ بەرەی بێ شەرەف و شەرەفدار، هێشتا وەرتناگرم لە گرووپی بێ شەرەفەكان كەمتری، ئەگەر زانیاریت نەبێت ئەو كەسانەی كێشەی ڕەگەزیان هەیە یان كێشەی هۆرمۆنیان هەیە، یاخۆ دەروونی یان كۆمەڵایەتی، لە هەموو بوارەكاندا پێویستیان بە هاوكاری و چارەسەركردنە. بەڵام ئێمە باش دەزانین دوژمنانی ئەو هەرێمە سەتان بووكەڵەی وەك ئەم خاتوونەیان هەیە ئاراستەیان دەكەن بە ئامانجی ئاژاوەی كۆمەڵایەتیی نیشتمان.  

دەبێت وەبیری بهێنینەوە، نازانم تۆ تا ئێستە چەند كەست لەم جۆرە مرۆڤە بینیوە و گوێت لە ئازاریان گرتووە و هاوكاریان بوویت؟ ئاخر خاتوون بە بڕوای من ئەو جۆرە هێرشكردنەی تۆ لە فكری خۆتەوە بووەتە كردار و لە ڕووی دەروونییەوە كە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، پێ دەچێت تووشی پەلاماری جەستەیی بووبیت و ئێستە كاردانەوەكەی بە زمان دەڕژێنیتەوە كۆمەڵگەوە، بۆیە داواكارم لە كوردستان لەگەڵ خوێندنی هەر وانەیەكی ئاینی و فكری، تا مرۆڤەكان لە قین و خۆكوژی دەروونی دوور بن، وانەی دەروونی بخوێنن و بەر لە هەر لێدوانێك، كەسایەتیی خۆیان پڕ و بەهێز بكەن، ئەوكات ئامۆژگاری خەڵك بكەن.