سه‌رانی عێراق ئێسته باشترین كارتیان ده‌ست كه‌وتووه دژ به كورد كه ئه‌ویش مووچه و بودجه‌یه، ھه‌ریه‌كه‌یان بووه‌ته كوێخایه‌ك، له‌و رێیه‌وه رقی فاشیزم و كۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆیان به كورد ده‌ڕێژن، ده‌یانه‌وێ به پرسی مووچه، ده‌ست بخه‌نه قوڕگی كورد و بیخنكێنن، ده‌یانه‌وێت به پرسی بودجه، كارێك بكه‌ن كورد ھه‌ست به‌وپه‌ڕی بچووكبوونه‌وه بكات و ھه‌موو مانگێك چه‌ند شاندێك بنێرێت، تا ئه‌وه‌ی وه‌ك سواڵكردنی لێھاتووه.
تا ئاستێكی باش، عێراق و لایه‌نه شیعی و فاشیزمه‌كانی عێراق، گه‌یشتوونه‌ته ئامانجیان له بچووككردنه‌وه‌ی ھه‌یبه‌تی كورد، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندان رێنیشانده‌ریان له‌ناوخۆی كوردستانه‌وه ھه‌یه كه نه‌خشه‌یان بۆ ده‌كێشن و پیلانیان بۆ داده‌ڕێژن، بچووكترین ده‌رچه له نێوانی ھه‌ولێر و به‌غدا ده‌دۆزنه‌وه تا كێشه‌ی نوێ بخوڵقێنن، له‌و رێیه‌وه له عێراق خۆیان خۆشه‌ویست بكه‌ن (له كاتێكدا ھێنده‌ی تر پێی ناشیرین ده‌بن) و له كوردستانیش به خه‌ڵك بڵێن، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان مه‌یلی رێككه‌وتنی نییه.
من له شوێنی خۆمه‌وه ته‌ریق ده‌بمه‌وه كه ساڵانێكه شاند له دوای شاند له ھه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌چێته به‌غدا و داوای پاره و مووچه ده‌كات، چه‌ند شاندی زیاتر بنێرین و داوای مووچه بكه‌ین، ھێنده‌ی تر ئه‌وان دڵیان ئۆقره ناگرێت و حه‌ز ده‌كه‌ن بیانووی زیاتر بدۆزنه‌وه تا رێكنه‌كه‌ون و دیسانه‌وه شاندێكی تریش بچێت و.. جێی داخه كێشه‌ی نێوان عێراق و ھه‌رێمی كوردستان، ئێسته ته‌نیا له مووچه كورت كراوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ھیچی ترمان له نێواندا نه‌بێت، له‌كاتێكدا دنیایه‌ك كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و خاك له نێوانماندا چه‌كه‌ره‌یان كردووه، ھه‌رچی مافی كورده پشتگوێ خراوه و رۆژانه ھه‌ڕه‌شه‌ی ته‌عریب و گۆڕینی دیمۆگرافیا زیاد ده‌بێت، عێراقیش به مه‌به‌ست ده‌یه‌وێ یاری به كات بكات و به‌پرسی مووچه سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تر دابپۆشێت، كه‌سایه‌تیی تاكی كوردیش بڕووخێنێت و بچووكی بكاته‌وه و وای لێ بكات له رێی فشاری خه‌ڵك بۆ سه‌ر حكوومه‌ت، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی بخاته سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسیی ھه‌رێمی كوردستانیش.
كاتی ئه‌وه‌یه سه‌ركردایه‌تی كورد به‌بێ گوێدانه فشاره ده‌ره‌كییه‌كان، چه‌ند ھه‌نگاوێكی رژد بنێن، یه‌كه‌م ھه‌نگاو و دروستكردنی یه‌كڕیزیی كورده، لایه‌نه سیاسییه‌كان ھه‌وڵ بده‌ن ناوماڵی كورد یه‌كبخه‌نه‌وه و برایانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن و ته‌نازول بۆ یه‌كتر بكه‌ن، به راشكاوانه په‌نجه بخه‌نه سه‌ر برینه‌كانیان و ھه‌موو شتێك رووبه‌ڕوو بۆ یه‌كتر باس بكه‌ن، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی به یه‌كده‌نگی له به‌غدا بكشێنه‌وه و بێنه‌وه ھه‌رێمی كوردستان. تۆ كه حیسابت بۆ نه‌كرێت، بڕیارێكت به ده‌سته‌وه نه‌بێت، مافت نه‌درێت، پۆستی كارتۆنی چ كه‌ڵكێكی ھه‌یه، سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ترم بۆ چییه كه نه‌توانم بڕیار بده‌م؟ كه نه‌توانم بچووكترین خزمه‌ت بكه‌م؟ خاوه‌ن پۆسته‌كانی كورد له به‌غدا له قسه زیاتر ھیچی تریان به ده‌سته‌وه نییه، ئه‌و قسانه‌ش ته‌نیا له رێی میدیای كوردییه و به‌س.
ھه‌نگاوی دووه‌م كه پێویسته ئێسته بگیرێته‌به‌ر، ئه‌نجامدانی چاكسازی ریشه‌ییه، پێویسته گه‌نده‌ڵی له ره‌گه‌وه بنبڕ بكرێت و ھه‌موو لایه‌نه‌كان پشتیوانی له ھه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی ریشه‌یی ئه‌نجام بدات و داھاتی ھه‌رێمی كوردستان رێكبخاته‌وه، حكوومه‌ت چاوپۆشی له ھیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كات و ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نایاسایی بێت، بنبڕی بكات، ھه‌موو ھه‌وڵێك بخاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی مانگانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات، كه مافێكی بنه‌ڕه‌تی ھه‌موو فه‌رمانبه‌رانی كوردستانه، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بتوانێ مانگانه مووچه بدات و ژیانی فه‌رمانبه‌ران و تاكه‌كانی كوردستان تا ئاستێك سه‌قامگیر بوو، ئه‌و دۆخه سه‌خته‌ی ئێسته تێبپه‌ڕێنێت، خۆمان له به‌غدا بێ منه‌ت بكه‌ین، به دڵنیاییه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ست ده‌ھێنین، له بنیاتنانه‌وه‌ی ھه‌یبه‌تمانه‌وه تا ئه‌وه‌ی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ترسی لێده‌نیشێت، ئه‌گه‌ر كشاینه‌وه و خۆشمان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانمان به‌بێ پاڕانه‌وه له به‌غدا دابین كرد، ناڕاسته‌وخۆ ده‌بینه ده‌وڵه‌تێك كه ھیچ پێویستیمان به عێراق نه‌بێت.
چه‌ند ساڵێكه شاند له دوای شاند ده‌چێته به‌غدا، كه‌چی به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی ده‌توانێت مووچه‌ی كوردستان رابگرێت، لایه‌نێك له په‌رله‌مانه‌وه ده‌توانێت پیلانگێڕی بكات و كاریگه‌ری بخاته سه‌ر لایه‌نه‌كانی تر و بڕیاری حكوومه‌ت راده‌گرێت، ته‌نیا به‌و دوو ھه‌نگاوه، پێگه‌ی كورد ده‌چێته‌وه بارودۆخی جارانی، له ماوه‌یه‌كی دووریش نا، ته‌نیا چه‌ند مانگێك ئه‌و كاره بكرێت، به‌غدا له‌ژێر فشاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی خۆی دوای رێككه‌وتنی راسته‌قینه‌ی بێ بیانوو و كات كوشتن ده‌كات.
به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد، ئه‌و دوو ھه‌نگاوه پێویستیان به یه‌كگرتووییه‌كی راسته‌قینه ھه‌یه، لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێت په‌یمانی شه‌ره‌ف له نێوانیاندا واژوو بكه‌ن به‌بێ خیانه‌تكردن و سووڕانه‌وه له یه‌كتر، ئه‌وكاتیش ھه‌ر په‌رله‌مانتارێك و لایه‌نێك له یه‌كڕیزی لای دا، جاشایه‌تی و عێراقچێتی خۆی ده‌سه‌لمێنێت و خه‌ڵك به‌ر نه‌فره‌تی ده‌دات. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو ھه‌نگاوه نه‌گیرێنه‌به‌ر، تا ماوین ده‌بێت مانگانه شاند له‌دوای شاند بچێته به‌غدا بۆ بڕێك پاره، رێككه‌وتنه جێبه‌جێ نه‌كراوه‌كان كه‌ڵه‌كه‌تر ده‌بن و ده‌روونی تاكیش له كوردستان زیاتر خراپ و ئاڵۆز ده‌بێت و داڕووخانی ده‌روونی زیاتر ده‌بێت، ژیانی تاكه‌كان خراپتر ده‌بێت و ناشگه‌ینه ھیچ رێككه‌وتنێكی كۆنكریتی گره‌نتیكراو، سه‌ره‌نجام تا ده‌مرین كێشه‌ی مووچه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌مێنێته‌وه و كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ده‌ستوورییه‌كانی تریشمان له‌بیر ده‌به‌نه‌وه. خۆ عومری نووحیشمان نییه تاھه‌تایه له‌گه‌ڵ به‌غدا ھه‌ر خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه بین.