دوای وتاری هه‌ینیی رابردووی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای نه‌جه‌ف، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ گۆڕانكاریی گه‌وره له عێراق روو بدات. وتارێكی تری توندتری سیستانی به‌ڕێوه‌یه، به‌ڵام ئه‌و بواری به په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و پارته شیعه‌كان داوه بۆ چاكسازی كه ره‌نگه تا گۆڕینی حكوومه‌ت په‌ل بهاوێ. چونكه دۆخه‌كه بۆ سیستانیش یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و ده‌بێ جڵه‌وی رووداوه‌كان بگرێته ده‌ست، به‌وپێیه‌ی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی سه‌رشه‌قام شیعه‌ن و حكوومه‌ت و پارته سیاسییه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه.
ئێسته یارییه‌كه وا ده‌رده‌كه‌وێ له‌ناو ماڵی شیعه‌دا بێت، چونكه كورد و سوننه رۆڵی ته‌ماشاكار و چاودێریان بۆ دۆخه‌كه هه‌یه و تا ئێسته نازانن ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری بكرێت، دۆخه‌كه بۆ ئه‌وان چۆن ده‌بێت.
چاودێرانی دۆخی عێراق و ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی هه‌ن، تا ئێسته ناتوانن به روونی چه‌ند پرسیارێك وه‌ڵام بده‌نه‌وه و جارجاریش پێشبینی و شرۆڤه‌كانیان راست ده‌رناچن، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ئه‌و ناڕوونییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌باره‌ی هزری ئه‌و كه‌س و توێژه‌ی رابه‌رایه‌تی خۆپێشاندانه‌كان ده‌كه‌ن، تا ئێسته دیار نییه ئه‌وان كێن و له‌سه‌ر چ ئاینێكن و كێ پاڵپشتییان ده‌كات؟. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام ده‌گوزه‌رێت، پێ ناچێت ته‌نیا كۆده‌نگییه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گه‌نجانی خوێنگه‌رم و تینووی ئازادی و بێزار له بێكاری بێت كه تا ئێسته زۆرینه‌ی پارێزگا شیعه‌كانی گرتووه‌ته‌وه، بێ بوونی رێكخستن و سه‌ركردایه‌تی و پاڵپشتییه‌كی ده‌ره‌كی به‌هێز، بۆیه هه‌مووان گریمانه‌ی بوونی هێزێكی نوێی نادیار ده‌كه‌ن كه هه‌موو هێزه سیاسییه كۆن و ئه‌وانه‌ی ساڵانێكه دۆخه‌كه‌یان به‌ناوی مه‌زه‌و و چاوسووركردنه‌وه بۆ چووه‌ته سه‌ر، خسته شپرزه‌ییه‌وه.
ئه‌وه‌ی له عێراق روو ده‌دات و ده‌بینرێت، گه‌نجانێك هاتوونه‌ته سه‌رشه‌قام و رۆژانه رووبه‌ڕووی هێزه ته‌ناهییه‌كان ده‌بنه‌وه و بێباكانه قوربانی ده‌ده‌ن، جیا له گرتن و رفاندن كه تۆماره ڤیدیۆییه‌كان زۆر به جوانی پێشانی ده‌ده‌ن ره‌فتاری هێزه ته‌ناهییه‌كانی عێراق چۆنه، ئه‌و هێزانه‌ی تا ئێسته‌یش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی قووڵه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن كه ساڵانێكه عێراق به‌ڕێوه ده‌بات، بۆ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ تا بتوانن پارێزگاری له بوونی پارته ئیسلامییه شیعه‌كان بكه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ئه‌وان تێكهه‌ڵكێشی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بووه.
خۆپێشاندانه‌كان له سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می رابردوو له‌ناو بێده‌نگییه‌كی سه‌یری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌ستیان پێ كرد، وه‌ك بڵێی هه‌مووان یارییه‌كه ده‌زانن و رۆڵی تێدا ده‌گێڕن، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌مووان گره‌و له‌سه‌ر كات ده‌كه‌ن بۆ ساردبوونه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران و رازیبوونیان به كه‌مترین چاكسازی كه هێزه سیاسییه‌كان به كه‌مترین زیانی ده‌زانن.
بۆ تێگه‌یشتنی زیاتری دۆخه‌كه، چه‌ند راستییه‌ك هه‌ن ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێنه‌وه، یه‌كه‌م ژماره‌ی زۆری قوربانییان كه به‌پێی سه‌رچاوه نافه‌رمییه‌كان هه‌زار كوژراو و نزیكه‌ی 20 هه‌زار بریندار و گیراو و رفێنراو هه‌ن، ئه‌وه‌ش تووڕه‌یی گه‌نجانی زیاتر و زیاتر كردووه. دووه‌م ناكۆكی ناوماڵی شیعه له‌سه‌ر داهات و ده‌سه‌ڵات كه به جوانی له‌سه‌ر شه‌قام ره‌نگی داوه‌ته‌وه. سێیه‌م ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران. چواره‌م ململانێی نێوان سعوودیه و ئیمارات و به‌حرێن له‌گه‌ڵ ئێران. پێنجه‌م ململانێی ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی عێراق كه یارییه‌كی دۆڕاوی له‌گه‌ڵ واشنتن كرد به زه‌قكردنه‌وه‌ی پرسه‌كانی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ته‌ناهی و ستراتیجی و هه‌وڵی راكێشانی چین و رووسیا و فڕه‌نسا بۆ عێراق، كه ده‌ركه‌وت رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیجی ئه‌مه‌ریكا و عێراق هێڵی سووری ئه‌مه‌ریكایه و ناكرێ كه‌س ده‌ستی بۆ ببات.
به‌مدواییه به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا په‌رده‌ی له‌سه‌ر به‌شێكی نهێَنیی یارییه‌كه لادا، به‌كورتی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات ته‌ڵه‌یه‌كی تری پلان بۆداڕێژراوی ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه و وڵاتانی تری كه‌نداوه بۆ ئێران و ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی به گوشاری راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له لبنان و عێراق دروستی كردوون. ئه‌و سزای به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاند و هێزیشی هێنا بۆ كه‌نداو نه‌ك بۆ لێدانی ئێران، به‌ڵكو بۆ رێگرتن له كردنه ئامانجی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ته‌نیا و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی وه‌ك خۆی ده‌یه‌وێ و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا نه‌رمی بۆ ئێران نواند بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكات تا وه‌ك وڵاتێكی شه‌قاوه و خراپه‌كار له به‌رچاوی دنیا پێشانی بدات و وایشی كرد.
به‌كورتی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه گوتی، واشنتن سزای ئه‌و به‌رپرسانه‌ی عێراق ده‌دات كه خۆپێشانده‌رانی عێراق سه‌ركوت ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه قاسم سلێمانی له به‌غدا بووه و رێنوێنی سه‌ركوتكردنه‌كه‌ی داوه‌ته حكوومه‌تی عێراق، دۆخی عێراق زۆر خراپه و گه‌نجێكی زۆر كوژراون، ئێران له پشته‌وه‌ی هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كانی لبنان و عێراقه، ئه‌گه‌ر چیتر خۆپێشانده‌ران سه‌ركوت بكرێن، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سزای به په‌له به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وه‌ش باشترین رێیه بۆ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له عێراق، جیا له‌وه‌ی هه‌موو پاڵپشتییه‌كی سه‌ربازیی عێراق ده‌وه‌ستێنین.
ئێسته هه‌مووان هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی شه‌قام ده‌ده‌ن بۆ ئاراسته‌كردنی دۆخ و داهاتووی عێراق كه جیا له ئه‌مه‌ریكا و ئێران، سیستانی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش له‌سه‌ر خه‌تن، هه‌موو ئه‌وانه و به‌هۆی شكستی حكوومه‌ت له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه، بۆیه ئێسته هه‌مووان گوشاری ته‌واو ده‌كه‌ن بۆ گۆڕانكارییه‌كی سیاسی له عێراق به‌ناوی خۆپێشانده‌رانه‌وه، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی تا ئێسته دیار نییه تا كوێ درێژ ده‌بێته‌وه و كێ سیناریۆكه‌ی بۆ داده‌ڕێژێ، بێگومان ئه‌نجامه‌كه سازانی گه‌وره‌كان دیاری ده‌كات نه‌ك خۆپێشانده‌رانی سه‌رشه‌قام، باشترین به‌ڵگه‌یش نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی دیاره بۆ ئه‌و راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه مه‌زن و به‌خوێن سووركراوه.