كورد یه‌كێكه له‌و گه‌لانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه به‌رده‌وام له بازنه‌ی هه‌ڵه‌كانی پێشوویدا ده‌خولێته‌وه و ناتوانی لێی ده‌رباز بێت. یه‌كێك له‌و هه‌ڵانه بریتییه له خۆشباوه‌ڕی و هه‌ڵچنینی ئومێدی گه‌وره به خه‌ڵكی تر، وردتر بڵێین "كه‌سایه‌تییه ده‌ستڕویشتووه ده‌ره‌كییه‌كان"، بۆیه پرسیاری سه‌ره‌كی بریتییه له‌وه‌ی ئایا كورد له وابه‌سته‌بوون و هه‌ڵچنینی ئومێد به خه‌ڵكی تر، چی ده‌چنێته‌وه؟
بێگومان خوێندنه‌وه بۆ كه‌سایه‌تییه‌كان و زانینی پاشخانی فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دنیابینییان بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه، له چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن و پێشبینی بڕیاڕ و وه‌رگرتنی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كان، وه‌لێ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پاڵنه‌ره خۆییه‌كان، پێویسته قه‌باره‌ی ته‌واویش بدرێت به پاڵنه‌ره "بابه‌تییه‌كان". مه‌به‌ستمان خوێندنه‌وه و نیشانكردنی ئاراسته كه‌سییه‌كانه له ڕۆشنایی گوشار و پاڵنه‌ره‌كانی ژینگه‌ی ناوخۆیی ده‌ره‌كی. تا به‌هۆیه‌وه بتوانین خۆمان له "شۆكه سیاسییه‌كان" به‌دوور بگرین و توانای خۆگونجاندمان له‌گه‌ڵ پێشهات و و گۆڕینی هاوكێشه‌كان په‌ره پێ بده‌ین.
به ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له مێژووی پێوه‌نییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رانبه‌ر، ئه‌ڵقه‌كانی ئه‌و زنجیره‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، له دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیمه‌نی خولانه‌وه به‌ده‌وری ئه‌ڵقه و گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سپێك۰ بۆ نموونه، له دوای شۆڕش/كوده‌تای ۱۹۵۸، خه‌باتی كورد له عێراق چووه قوناغێكی تر، به‌ڵام هیوا هه‌ڵچنینی كورد له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌وه‌ی یه‌كسانی و ئاشتی بۆ عێراق به‌رقه‌رار ده‌كات و له ژێر سایه‌یه‌وه كوردیش به مافه‌كانی ده‌گات۰ هێنده‌ی نه‌برد هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه بووه‌وه و شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگیرسا۰
دواتر به واژووی رێكه‌وتنامه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌گه‌ڵ سه‌دامی دكتاتۆر له ۱۹۷۰، كورد كه‌وته‌وه دۆخی خوشباوه‌ڕی و خه‌ریكبوون به پله و پۆست، تا له پڕێكدا دووباره خۆی له به‌رده‌م شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی رژێمی عێراقدا بینییه‌وه‌۰هه‌مان سیناریۆ، به‌ڵام به جۆر و شێوازی تر، له پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق ۲۰۰۳ زه‌ق بووه‌وه، به‌تایبه‌ت له پشتیوانی كورد له دووباره دانانه‌وه‌ی نووری مالیكی به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌گوێره‌ی رێكه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر ۲۰۱۰ كه ئاكامه‌كه‌ی بۆ كورد پێكهێنانی هێزی دیجله و ئه‌نجوومه‌نه‌كانی ئیسناد و بڕینی بودجه بوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌۰ یا پاڵپشتیكردنی حكوومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی و شۆكی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبییه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه گه‌لێ جار وابووه د‌رك به‌و جۆره مه‌ترسییانه كراوه، هه‌وڵی ده‌ربازبوون له‌و ته‌پكانه‌یش دراوه، به‌ڵام خۆمان له ته‌پكه‌یه‌كی تردا دۆزیوه‌ته‌وه، وه‌ك پاڵپشتییه‌كانی محه‌مه‌د ره‌زا شای ئێران له به‌رانبه‌ر سه‌دام، یان ئه‌ردۆغان له به‌رانبه‌ر مالیكی.
هه‌رچونێك بێ، ئێسته ته‌مایه‌كی زۆر هه‌یه به كه‌سایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی له چاره‌سه‌ری پرسگرێكه قووڵ و ئاڵۆزه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌ویش به‌رده‌وام داكۆكی له هه‌وڵه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه ده‌كاته‌وه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، ئاخۆ عه‌بدولمه‌هدی توانای ئه‌وه‌ی ماوه قسه و دیده‌كانی له واقیعدا كرده‌یی بكات؟.
هه‌ڵبه‌ت مێژووی عادل عه‌بدولمه‌هدی پڕه له خاڵی ئه‌رێنی، خه‌باتی درێژ، ئاستی ڕۆشنبیری، ئه‌زموونی خۆگونجاندن، هاوسه‌نگی، دنیابیینی و بیرفراوانی۰ له هه‌مووی گرنگتر تێگه‌یشتنی ئه‌و له دۆزی كورد، به‌ڵام ئه‌م خاڵانه به‌س نین بۆ گره‌نتی و به‌رده‌وامی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رانبه‌ر كورد، به‌تایبه‌ت دوای ته‌سكبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ر، هه‌ڵكشانی ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له عێراق، به‌رده‌وامی خۆپێشاندان و پشێوییه‌كان، قووڵتربوونه‌وه‌ی ململانێی نێوان هێزه عێراقییه‌كان به‌گشتی و هێزه شیعییه‌كان به‌تایبه‌تی.
هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه‌ی ڕوونن كه كێشه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان زۆر له‌وه فراوانتر و قووڵتر و ئاڵۆزترن تا بتوانین بیخه‌ینه سه‌به‌ته‌ی كه‌سێكه‌وه.
پێویسته ئه‌و ڕاستییه دووپات بكه‌ینه‌وه كه جیاوازییه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه له نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی لێره‌دا وه‌ك نموونه خرانه ڕوو، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ست لێی ئه‌وه نییه ئه‌مانه بخرێنه یه‌ك بازنه‌ی بیر و سۆز ره‌فتاره‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی تیشك خستنه‌سه‌ر ئه‌و دیدگه ساده‌یه‌ی كورده كه هه‌میشه له چاوه‌ڕوانی "گودۆ"یه‌كدایه تا وه‌ك فریادره‌س له كێشه‌كان رزگاری بكات و به به‌هه‌شتی خوازراوی خۆی بگه‌یه‌نێت.
به كوردییه‌كه‌ی، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له بیركردنه‌وه‌ی خۆمان و له ناو خۆمانه‌وه ده‌بێ، له بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و توانای به‌رگرییه‌وه ده‌بێت، له نزیكبوونه‌وه و یه‌كگرتنی هێزه‌كان و له ته‌واوكاری نێوان بنكردایه‌تی و سه‌ركردایه‌تیمانه‌وه ده‌بێت، له خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییانه‌ی ورد و گشتگیر بۆ پێشهات و پاشهاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ده‌بێ.
وه‌ك چۆن به پێچه‌وانه‌وه له هه‌ڵچنینی ئومێد به خه‌ڵكانی تر، هه‌ر شه‌ڕ و كوشتار و كاولكاری و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌چنینه‌وه.