زۆرجار گوێمان لێ ده‌بێت ده‌ڵێن كورد بۆ شه‌ڕ ئازایه، به‌ڵام دانوستانكاری باش نییه و به باشی گفتوگۆ ناكات. واته ئه‌وه‌ی له شه‌ڕدا به‌ده‌ستی هێناوه، له‌وانه‌یه له ئاشتی و له‌سه‌ر مێزی دانوستاندا داینابێت. ئه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌یان هه‌یه، باس له چه‌ندان وێستگه‌ی مێژوویی ده‌كه‌ن كه كورد چووه‌ته دانوستانه‌وه، به‌ڵام بێ هیچ ده‌ستكه‌وتێك لێی ده‌رچووه، ئه‌مه‌یش بۆ ناشاره‌زایی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه كڵێشهییهیان هه‌یه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ورد و مێژوویی بۆ ئه‌م گریمانه‌یه ناخهنهڕ وو. بۆ وێنه هیچ كات به ئێمه ناڵێن كورد له مێژوویی هاوچه‌رخی خۆیدا له كامه شه‌ڕی چاره‌نووسسازدا براوه بووه و چۆكی له‌سه‌ر سینگی داگیركه‌ر داناوه و تێكیشكاندووه، جا كه چووه‌ته دانوستانه‌وه ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی دۆڕاندووه و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌هۆی لێهاتوویی و لێزانی له دانوستان و بنه‌ماكانی وتووێژ، یارییه‌كه‌ی پێچه‌وانه كردووه‌ته‌وه؟
به‌گشتی له دانوستاندا پێگه و دۆخی سه‌ربازی و سیاسی و بگره ئابووریی دوو لایه‌ن، ئه‌نجامه‌كان دیاری ده‌كه‌ن. له شه‌ڕێكی چاره‌نووسسازدا دۆڕاوه، هێزی دوژمن ده‌ستیان ناوه‌ته بینه‌قاقای و له زۆربه‌ی شوێنه ستراتیجییه‌كاندا پاڵیان پێوه ناوه و ده‌ریانپه‌ڕاندووه، روون و ئاشكرایه بچێته دانوستانه‌وه پێگه‌یه‌كی لاوازی ده‌بێت و لایه‌نی به‌رانبه‌ر داواكارییه‌كانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، هه‌رچه‌ند دانوستانكاری باشیش بێت.
ویستم بڵێم دۆخی سیاسی و سه‌ربازی لایه‌نێك دیاری ده‌كات كه توانای دیپلۆماسی و هێزی قسه و دانوستانی چۆن ده‌بێت. كه تۆ شه‌ڕت دۆڕاند له دیپلۆماسیش ده‌دۆڕێیت.
كورد له سه‌ده‌ی رابردوودا كه‌م هه‌بووه له شه‌ڕێكی چاره‌نووسسازدا براوه بووبێت و جا چووبێته دانوستانه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه كورد زیاتر له‌به‌رئه‌وه‌ی له شه‌ڕه چاره‌نووسسازه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و بژارده‌ی تریشی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، چووه‌ته دانوستانه‌وه. واته به پێگه‌یه‌كی لاوازه‌وه چووه‌ته دانوستانه‌وه و لایه‌نی به‌رانبه‌ریش بۆ ته‌فره‌دان و ده‌ستخه‌ڕۆكردنی، دانوستانی له‌گه‌ڵدا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر پێگه‌ی خۆی جێگیر بكات. كه‌چی ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوایان وایه كورد دانوستانكاری باش نییه، ئه‌م پێشمه‌رجه له‌به‌رچاو ناگرن كه كورد له چ پێگه و دۆخێك‌دا چووه‌ته دانوستانه‌وه، به‌هێزه‌وه یان به لاوازی؟
ئه‌مه پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌یه، واته قۆناغی وا هه‌بووه كورد داگیركه‌ری له چه‌ند شوێندا شكاندووه و له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا چووه‌ته دانوستانه‌وه، له‌وێدا ئه‌نجامی باشمان به‌ده‌ست هێناوه.
له ساڵی ١٩٦٦ سوپای عێراق هه‌موو سوپا و جاشی كۆ كرده‌وه و هێنایه سه‌ر كورد. له ئۆپراسیۆنی "توكلت علی الله" ویستیان شۆڕشی ئهیلوول بپێچنه‌وه و كۆتایی پێ بێنن. به‌ڵام شه‌ڕی چاره‌نووسسازی هه‌ندرێن، هه‌موو پلانێكی دوژمنی له گۆڕ نا. سوپای عێراق تێكشكا و وره‌یان رووخا. وای لێ هات تا ١١ ئاداری ١٩٧٠، جگه له چه‌ند شه‌ڕێكی بچووك، ئه‌وه‌نده نزیكی كورد نه‌كه‌وتنه‌وه. واته شه‌ڕێكی چاره‌نووسساز شۆڕشی كرد به دوو به‌شه‌وه، پێش و پاش هه‌ندرێن.
پاش هه‌ندرێن، سوپای عێراق له‌وه گه‌یشت له‌و كاته‌دا ده‌ره‌قه‌تی كورد نایه‌ت. ئه‌وه‌بوو ملی بۆ داواكاری كورد دا. كوردیش ئه‌مه‌ی قۆسته‌وه و گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی تا ئه‌وكات له دانوستاندا مسۆگه‌ر كرد.
بۆیه ئه‌م پێشه‌كییه‌م باس كرد، تا هه‌م ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه باوه راست بكه‌مه‌وه، هه‌میش بیكه‌م به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ مژارێكی ئێسته، ئه‌ویش باس و خواستی دانوستانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌دا.
پێشوه‌خته با ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه كه ئه‌وه ناڵێم كورد باشترین دانوستانكاره، به‌ڵام خراپترینیش نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت. به‌گشتی دانوستانی كوردیی به‌نده به‌و بارودۆخه‌ی كه ورووژاندم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شم چه‌ندان هه‌ڵه‌وپه‌ڵه له سیستمی دانوستانماندا هه‌ن كه پێویستیان به راستكردنه‌وه‌یه.
راسته ئێسته هاوسه‌نگی هێز له نێوان كوردستان و عێراق تۆزێ لاسه‌نگ بووه، به‌و حاڵه‌یشه‌وه هه‌ولێر ئه‌وه‌نده هێزی هه‌یه خواست و داواكارییه‌كانی به‌سه‌ر به‌غدادا بسه‌پێنێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی یه‌ك به یه‌ك ههڵهوپهڵهكانی سیستمی دانوستانی رێك بخاته‌وه. یه‌ك له‌و خاڵانه ئه‌وه‌یه ئێمه پێشوه‌خته خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی خۆمان و گرنگتر له‌وه‌ش خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی به‌رانبه‌ر ده‌ستنیشان بكه‌ین و له‌وێوه بچینه دانوستانه‌وه.
ئێمه له‌م بابه‌ته‌دا تا ئاستێك كه‌مته‌رخه‌مین، ئه‌گه‌ر بتوانین خاڵی لاوازی دوژمن بدۆزینه‌وه، ده‌توانین له‌وێوه ناچاری بكه‌ین ده‌ستبه‌رداری داواكارییه‌كانی ببێت، یا وای لێ بكه‌ین گوشارێكی دیاریكراوی له‌سه‌ر ئێمه كه‌م بكاته‌وه.
نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌كه كۆنكرێتیتر بكه‌م، خۆم ده‌مێكه سه‌رقاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكم، عێراق كه به‌رده‌وام هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی كورد له به‌غدا ده‌دا، چۆن پۆستی سه‌رۆك كۆمار له كورد وه‌رناگرێته‌وه؟ كورد پله‌یه‌ك بێنێته خوارتره‌وه و بیكا به سه‌رۆكی په‌رله‌مان؟
زۆر گه‌ڕام و زۆر وه‌ڵامیشم ده‌ست كه‌وت، به‌ڵام وا هه‌ستم ده‌كرد وه‌ڵامه راسته‌قینه‌كه نین. له‌مدواییه‌دا بابه‌تێكی گرنگم خوێنده‌وه، باسی له ترسی شیعه ده‌كرد له عێراقدا، ئه‌وه ده‌رگای پرسیاره‌كه‌ی بۆ كردمه‌وه.
سه‌رۆك كۆماری عێراق له دڵی ناوچه‌ی سه‌وزدایه كه ناوه‌ندی بڕیاری عێراقییه. ئه‌م سه‌رۆكه خاوه‌ن هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربه خۆیه‌تی. واته سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێ هێزی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت بۆ پاراستنی، له هه‌مان كاتدا هێزه‌كه‌یش گه‌وره‌یه.
شیعه ئه‌مه وا ده‌خوێننه‌وه كه ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد نه‌بێت، ده‌بێ بیده‌ن به سوننه. كه‌واته به ده‌ستی خۆیان چه‌ندان هه‌زار چه‌كداری سوننه ده‌خزێننه ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری كوده‌تای سوننه به‌سه‌ر شیعه‌دا یه‌كجار زۆر ده‌كات.
به كورتی و به كوردی، شیعه له ترسی كوده‌تای سوننه، ناچارن پۆستی سه‌رۆك كۆمار بده‌ن به كورد. ترسێك وایان لێ ده‌كات به كورد رازی بن. ده‌ی به‌ڵام كوا ئێمه‌ی كورد ئاوڕمان له‌م شته داوه‌ته‌وه؟ ئه‌مه خاڵێكی زێڕینه و كوردیش ده‌توانێ بیكات به ئامرازێك بۆ ده‌سخستنی ئیمتیازی زیاتر.
هاوكێشه‌كه زۆر ساده‌یه، شیعه سوودمه‌ند ده‌بن له‌وه‌ی سوننه نه‌بێت به سه‌رۆك كۆمار. له‌به‌رئه‌وه‌ی سوننه ببێت به سه‌رۆك كۆمار، ئه‌گه‌ری كه‌وتنی حوكمی شیعه‌ی عێراق هه‌یه، هه‌ر هیچ نه‌بێ وه‌ك تارماییه‌كه به‌رده‌وام خه‌وی ئاسووده‌ییان لێ ده‌زڕێنێت. شیعه له رێی كورده‌وه ئیمتیازێكی هه‌ره ستراتیجییان مسۆگه‌ر كردووه و مه‌ترسی سه‌ر خۆیان به‌ته‌واوه‌تی ره‌واندووه‌ته‌وه.
کوردیش له‌م هاوكێشه‌یه‌دا پۆستێكی ته‌شریفاتی و ئیمتیازێكی لاوه‌كی ده‌ستكه‌وتووه
ئه‌ی كورد؟ كوردیش له‌م هاوكێشه‌یه‌دا پۆستێكی ته‌شریفاتی و ئیمتیازێكی لاوه‌كی ده‌ستكه‌وتووه، به‌ڵام ده‌كرێ بیگۆڕن بۆ خاڵێكی ستراتیجی، چۆن؟
بۆ نموونه، سوننه به ناڕاسته‌وخۆ هان ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرن به هه‌موو توانایه‌كه‌وه، له‌وانه هێزی تایبه‌ت به خۆی له ناوچه‌ی سه‌وز و كۆشكی سه‌لام. ئه‌مه شیعه زۆر ته‌نگاو ده‌كات. هه‌ر له هه‌مان كاتدا كورد ده‌بێ ئه‌م ئاماژه‌یه راسته‌وخۆ له دانوستانی دوولایه‌نه‌دا به شیعه بگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر سوننه ببێت به سه‌رۆك كۆمار، دۆخه‌كه ئه‌گه‌ری شڵه‌قانی هه‌یه. ئێمه‌یش ئه‌گه‌ر وه‌ك پێشوو مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكرێت، زۆر نایه‌ینه پێشه‌وه بۆ پۆستێكی وا بێده‌سه‌ڵات.
ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌م پۆسته وه‌ربگرین چاكه‌تان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ئێوه‌یش ناچارن چاكهكهمان بۆ قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌رنا دۆخه‌كه قورس ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌كمان، به‌تایبه‌ت بۆ ئێوه.
دڵنیام شیعه‌ی عێراق زۆر به رژدی بیر له‌م ئالنگارییه ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م ئالنگارییهیش ده‌توانێ كارتی ده‌ستی كورد زیاتر بكات بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیاز و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ری.
ئه‌م نموونه‌یه ده‌كرێ له چه‌ندان پرس و بابه‌تی تریشدا دووباره بكرێته‌وه، به‌وه‌یشه‌وه ژماره‌ی كارته‌كانی ده‌ست كورد بۆ یاریكردن زۆرتر ده‌بن و له ئه‌نجامیشدا جووڵه‌یه‌كی زیاتر بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار، به ده‌زگای دیپلۆماسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دانوستانی هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌خشێت.