ئاو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ژیان و هۆیه‌كی گرنگه بۆ گه‌شه‌كردنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. سیاسه‌تی ئاویی وڵاتانی دراوسێ، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو، وشكه‌ساڵی و ئیداره‌دانی هه‌ڵه‌ی ئاو له چه‌ندان ساڵی رابردوودا، بووه‌ته هۆی سه‌هه‌ڵدانی كێشه‌ی ئاو له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش گوشارێكی زۆری له‌سه‌ر ژیان و ژینگه‌ی مرۆڤ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان دروست كردووه و وایكردووه ململانێ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر ئاو ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر بن.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین، كێشه‌ی ئاو له نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ (ئێران، توركیا و سووریا) وه‌ك كولانه‌وه‌ی برینێكی كۆن سه‌رله‌نوێ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی كێشه‌ی ئاو له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق له ساڵی ١٩٢١.
له ڕابردوودا به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق و توركیا و سووریا به‌شێك بوون له ده‌وڵه‌تی عوسمانی، كێشه‌ی ڕووباره‌كان به‌و جۆره‌ی ئێسته له ئارادا نه‌بوون و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كش هه‌بووبێت، له چوارچێوه‌ی ناوخۆی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا بووه و نه‌چووه‌ته خانه‌ی كێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
له‌باره‌ی ئێران، له‌و سه‌رده‌مه به حوكمی كه‌مبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له چاو ئێسته، كه‌ڵكوه‌رگرتنی سنووردار له ئاوی ڕووباره‌كان و شیاونه‌بوونی زۆربه‌یان بۆ كه‌شتیڕانی له هه‌ردوو دیوی سنوور، كێشه‌كه زۆر زه‌ق نه‌بووه، ته‌نیا له شەتولعەرەب كه‌نداوی عه‌ره‌ب نه‌بێت كه ئه‌ویش به‌هۆی شیاوبوونی بۆ كه‌شتیڕانی، تاكه ده‌روازه‌ی ئاویی عێراق بووه بۆ دنیای ده‌ره‌وه، به‌ڵام هه‌ر له سه‌رده‌می عوسمانییه‌وه كێشه له نێوان هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر بابه‌تی كه‌شتیڕانی له ئارادا بووه.
هه‌رێمی كوردستان، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئێسته به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ، بووه‌ته میراتگری به‌شێك له‌و كێشانه. به‌پێی به‌ندی (١١٠/هه‌شته‌م) له ده‌ستووری عێراقدا، پلاندانان له بواری سیاسه‌تی سه‌رچاوه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مسۆگه‌ركردنی بڕی ئاوی گه‌یشتوو به عێراق، به‌شێكه له ئه‌ركه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بینه‌ری ئه‌و ڕاستییه بووین كه حكوومه‌تی عێراق له‌مباره‌یه‌وه به ته‌واوی كه‌مته‌رخه‌م بووه و هیچ كات نه‌یتوانیوه بڕه ئاوی هاتوو له ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ عێراق مسۆگه‌ر بكات.
بێگومان به‌شێكی ئه‌م كێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌تی ئاویی هه‌رسێ وڵاتی دراوسێ ئێران، توركیا و سووریا، كه پتر ئه‌و سه‌رچاوه ئاوییانه وه‌ك موڵكی تایبه‌ت به خۆیان سه‌یر ده‌كه‌ن، له‌مباره‌یه‌وه پێ له‌سه‌ر تیۆری هارموون داده‌گرن كه باوه‌ڕی به مافی سه‌روه‌ری ڕه‌های ده‌وڵه‌ت هه‌یه به‌سه‌ر ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م تیۆرییه له دنیادا پشتی پێ نابه‌سترێ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه له ڕێككه‌وتننامه‌ی به‌كارهێنانی ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی ناكه‌شتیڕانی ساڵی ١٩٩٧ ددانیان پێدا نراوه، وه‌ك ڕێسای فه‌رمانكه‌ر (قاعده اڵامره) له یاسای نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا چه‌سپاون.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا گوێمان لێ بوو توركیا پرۆسه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاو له یه‌كێك له گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌كانی سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاویی دیجله ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌روا له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی گه‌رما، ئێران ده‌ستی كردووه به گرتنه‌وه‌ی ئاوی هه‌ردوو ڕێڕه‌وی ئاویی زێی بچووك و سیروان و ئه‌و ڕێڕه‌وانه‌ی تر كه له‌و وڵاته‌وه دێنه ناو خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. به‌داخه‌وه تا ئێسته عێراق و هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌ت و پلانێكی ئاویی ڕوون و ستراتیجییان نییه، له كاتێكدا له دنیای ئه‌مڕۆدا ئه‌مه به‌شێكه له پلانی ستراتیجی و درێژخایه‌نی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بۆ گه‌شه‌كردنی وڵات كه زۆر به رژدی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
كێشه‌ی ئاو دوو ڕه‌هه‌ندی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی هه‌یه، ڕه‌هه‌نده ده‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه له نێوان دوو یا چه‌ند ده‌وڵه‌تدا هاوبه‌شن، به‌شێكی به‌رچاوی ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كانی عێراق له‌م جۆره‌ن. له‌مباره‌یه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌بێ له ڕێی دیپلۆماسیی ئاویی كارا، هه‌وڵی رژد بخاته‌گه‌ڕ و مافی عێراق له‌و ڕێره‌وه ئاوییانه مسۆگه‌ر بكات. هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانێ به حوكمی ئه‌ندامبوونی له هه‌ر گفتوگۆ و لیژنه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌وباره‌یه‌وه ڕۆڵی خۆی به ناڕاسته‌وخۆ بگێڕێت و سیاسه‌ت و پلانه‌كانی خۆی له پلانه گشتییه‌كانی عێراقدا جێگیر بكات.
ڕه‌هه‌ندی ناوخۆیی، كێشه‌ی ئاو بریتییه له سیاسه‌ت و پلانی ناوخۆیی ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئیداره‌دانی دروستی ئاو له ناوخۆی وڵات‌دا. به‌ندی (١١٤/هه‌شته‌م) له ده‌ستووری عێراق، ددانی به ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شدا ناوه بۆ حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمه‌كان بۆ ڕه‌نگڕێژكردنی سیاسه‌تی سامانه ئاوییه‌كان و ڕێكخستنیان به جۆرێك دادپه‌روه‌ری بێنێته دی.
بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی باشی هه‌یه بۆ ئیداره‌دانی ئاو و ده‌سه‌ڵاته تایبه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی، ته‌نیا له بواری ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه كه پێوه‌ندی به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه هه‌یه.
نابێ ئه‌و ڕاستییه‌شمان له یاد بچێت كه سامانی ئاویی هه‌ر وڵاتێك ته‌نیا بریتی نییه له ئاوی ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكو چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی تریش له به‌رده‌ستدان وه‌ك رووباری ناوخۆیی، ئاوی ژێرزه‌ویی، كانیاوه‌كان، به‌فر، باران و ئاوی قورس. بێگومان به‌ئیداره‌دانی دروستی ئاو، ده‌كرێ به‌شێكی به‌رچاو له كێشه‌كانی ئاو چاره‌سه‌ر بكرێن، وه‌ك كه‌ڵكوه‌رگرتن له شێوازه دروسته‌كانی كشتوكاڵ، دووركه‌وتنه‌وه له‌و به‌رهه‌مه كشتوكاڵییانه‌ی ئاوی زۆریان پێویسته، به‌كارهێنانی دروستی ئاوی ماڵان و وشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و هتد.
نابێ ئه‌و ڕاستییه فه‌رامۆش بكه‌ین كه هه‌ڵواسینی هه‌موو كێشه ئاوییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به كێشه‌ی ڕێڕه‌وه ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی ئاویی وڵاتانی دراوسێوه، جۆرێكه له خۆدزینه‌وه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و نیشانه‌ی نه‌بوونی پلان و سیاسه‌تێكی ئاویی نیشتمانییه، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له داهاتوودا قورس‌تر و ئه‌سته‌متر ده‌كات.
له دۆخی ئێسته‌دا له بواری ناوخۆیی، داڕشتنی سیاسه‌تێكی ئاویی دروست و چاكسازی له دامه‌زراوه ئاوییه‌كان به مه‌به‌ستی باشتركردنی ڕێژه‌ی كه‌ڵكوه‌رگرتن و سه‌قامگیریی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، پێویسته ببێته به‌شێك له ئه‌وله‌ویاتی هه‌ردوو حكوومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر. له هه‌مان كاتدا وه‌گه‌ڕخستنی دیپلۆماسیی ئاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئاوییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه كه نابێ لێی غافڵ ببن.