سمكۆ محه‌مه‌د
بۆچى كه‌ركووك له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه بێخاوه‌ن مایه‌وه؟ بۆچى چاره‌نووسى گه‌یشته ئه‌مڕۆ و كوردیش خۆى ته‌ماشاكه‌ر بێت و له عێراقیشدا به‌شێك بێت له پێكهاته‌ى سیاسیى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌كه‌ى؟ چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر به روون و ئاشكرا بڵێن به‌رگریكردن له‌و شاره و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى له تواناى ئێمه /حزبه كوردییه‌كان/دا نه‌ماوه؟ تا خه‌ڵكى كه‌ركووك چیتر چاویان له سیاسه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانى كورد نه‌بێ له عێراق كه ته‌نیا خه‌مى حزب و ژیانى خۆیانه.
ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه پێ ناچێ وه‌ڵامه‌كه‌ى لاى كورده‌كان بێ، چونكه پێ ده‌چێ پێیان گوترابێ كه‌ركووك به ته‌نیا موڵكى كورد نییه، وه‌ك چۆن به‌ر له هه‌شت ساڵ كۆندالیزا رایس له سه‌ردانێكدا بۆ كه‌ركووك به به‌رپرسانى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و پارێزگاره‌كه‌ی گوت (رابردوو له بیر بكه‌ن، وه‌ك چۆن ئێمه ره‌شپێسته‌كان له ئه‌مه‌ریكا مێژوومان له بیر كرد). ئه‌م قسه‌یه‌ى رایس ره‌هه‌ندى قووڵى ئابوورى و سیاسى هه‌بوو، به‌ڵام كورد وانه‌ی لێ وه‌رنه‌گرت، تا خۆیان بوون به‌هۆى نه‌مانیان له شاره‌كه.
ساڵى 2007 له چاوپێكه‌وتنێكى میدیاییدا گوتم "كه‌ركووك پێویسته سیاسه‌تى تێدا یه‌كلا بكرێته‌وه، نه‌ك سیاسه‌تى تێدا بكرێ و خه‌ڵكیش كه‌ره‌سته‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵانه بن". چونكه شارێكى فره‌ییه له هه‌موو پێكهاته‌كان له رووى سۆسیۆلۆجییه‌وه، هه‌روه‌ها سێیه‌م یه‌ده‌گى نه‌وتییه له هه‌موو دنیادا له رووى ئابوورییه‌وه.
خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه به‌درێژایى مێژوو كورد به‌هۆى كه‌ركووكه‌وه هه‌موو شتێكى له ده‌ست داوه، بۆیه ئه‌وه‌ى ئێسته ده‌گوزه‌رێت و سووكایه‌تى به خه‌ڵك ده‌كرێت، ته‌نیا درێژه‌پێده‌رى ئه‌و هه‌ڵه ناشیرینه‌ى كورده‌كان نه‌بوو كه له دواى 16ى ئۆكتوبهرهوه، ئه‌وه دیمه‌نى چه‌نده‌مه له دراماى چاره‌نووسى ره‌شى كه‌ركووكدا ده‌یبینین، له كاتێكدا كورده‌كان كه گه‌وره‌ترین پۆستى سیادى عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، وه‌ك تهماشاكهرى بێ ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى بێ دیفاع قسه‌یه‌كیان پێ ناكرێ، ناتوانن نه له‌گه‌ڵ ئێران رێكبكه‌ون و نه له‌گه‌ڵ توركیا و نه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكایی و به‌ریتانییه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كه‌ركووك كه گرێ دراوه به ماده‌ى 140ى ده‌ستوورى پهكخراوی عێراق، چونكه هه‌ر به بیرۆكه‌ى كۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه ده‌كه‌ن كه قورسترین دۆسیه‌ی چاره‌نووسسازى كورده له عێراقدا.
كه‌ركووك ته‌نیا شارێك نییه كه داگیر كراوه و دابڕێنراوه له هه‌رێمى كوردستان، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى سیمبۆلى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌یه كه پێیان ده‌گوترێت ناوچه دابڕێنراوه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، له دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه به‌و كاره‌ساته‌ى كه تاوانه‌كانى په‌راوێزى ئه‌و كاره‌ساته‌ن، كارێكى واى كرد ئَێمهى دوور خسته‌وه له بیركردنه‌وه له‌و نه‌خشه جیۆگرافیبهى كورده‌كان كێشابوویان، كه‌واته كاره‌ساته‌كه ته‌نیا پێوندى به ماده‌یه‌كى ده‌ستوورى نییه، به‌ڵكو سڕینه‌وه‌ى خه‌یاڵێكى سیاسییه بۆ نیشتمانێك كه ناو نراوه كوردستان، به‌مه‌ش دوژمنى نه‌ته‌وه‌یى كورد ئامانجى خۆى پێكا، هه‌م له دابه‌زینى ئاستى بیركردنه‌وه‌ى تاك و كۆى كورد بۆ ده‌وڵه‌ت، هه‌م بۆ داواكارییهكى یونیڤێرساڵى له دنیاى ده‌ره‌وه‌ى كوردستان.
كه‌وابوو ترسه‌كه له سیاسییه‌وه گۆڕا بۆ ترسێك كه پێوه‌ندى به بوونى كورده‌وه هه‌یه، به‌ڵام به حزبه‌وه گرێ درا. وه‌ك چۆن له دوای كاره‌ساته سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه، خه‌ڵك چیتر بیرى بۆ ئه‌وه نه‌چوو جارێكى تر بیر له سه‌ربه‌خۆیى بكاته‌وه، باشترین سه‌لمێنه‌ریش چوونه‌وه‌ى حزبه‌كانه بۆ هاوكێشه‌ى سیاسیى عێراق و ململانێى نێوانیان له ئاستێكى بچووكتر له‌وه‌ى پێشتر هه‌بوو، چونكه ترسه‌كه له داگیركردنى ئاسمان و قووتى خه‌ڵك و ره‌وایه‌تى سیاسى هه‌مووانى خسته به‌رده‌م پرسیارێكى بێ وه‌ڵام. ئه‌مه نه‌ك هه‌ر كه‌ركووكى دوور خسته‌وه له ئامانجى سیاسیى، به‌ڵكو ترسه‌كه گه‌یشته ئه‌وه‌ى چۆن بگه‌ڕێینه‌وه ناو هاوكێشه‌كه و له‌گه‌ڵ نه‌یار و یارهكاندا بگونجێین و لانیكه‌م خه‌ڵك برسى نه‌كرێت كه پێشتر ئه‌مه بیركردنه‌وه‌ى په‌راوێزخراو بوو.
گرێدانى دۆخى ناجێگیرى كه‌ركووك به پۆست و به‌هه‌ژموونى كورده‌وه كه وه‌ك رابردوو بێت، خه‌وێكى خۆشه و هه‌موو لایه‌كیش چاك ده‌زانن دۆخه‌كه ناگه‌ڕێته‌وه به‌ر له 16ى ئۆكتۆبه‌ر، چونكه ئه‌وه ته‌نیا مه‌ترسى داعش نه‌بوو پێش 16ى ئوكتۆبه‌ر بینیمان، یان ئه‌وه‌ى كه له ئاستى پارێزگا و ژیانى رۆژانه و نه‌مانى ته‌ناهی و شه‌ڕى ئابوورى رووی دا، ئه‌مه له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه كورده‌كان هه‌ریه‌كه‌یان گالیسكه سیاسییه‌كه‌ى به ئاراسته‌یه‌كدا ده‌برد، بۆیه ئه‌وه ته‌نیا هێزى چه‌كدار و میلیشیاى شیعه‌ى عێراقى نه‌بوو زه‌وینه‌ى بۆ خۆش بكرێت به‌و شێوه قێزه‌ونه بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو هاوكێشه‌یه‌كى سیاسى ئابوورى جیهانى بوو كه به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى نه‌وتیان ده‌پاراست، ئه‌وه ته‌نیا خراپ به‌كارهێنانى سیاسه‌ت نه‌بوو له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه، به‌ڵكو ویستێكى باڵاتر بوو كه خراپ كه‌ڵكى له‌و ره‌فتاره سیاسییه‌ى رابردووى كورد وه‌رگرت، چونكه له دواى نه‌مانى كورد له كه‌ركووك له رووى سیاسی و كارگێڕییه‌وه، دۆخى شاره‌كه و پێكهاته‌كان به‌گشتى باشتر نه‌بووه، وه‌ك چۆن به‌هه‌ڵه خه‌ڵكیان تێگه‌یاندبوو تا حزبه كوردییه‌كان له‌به‌رچاوى هه‌موو پێكهاته‌كان سووك بكه‌ن.
لایه‌نێكى تر‌ى ئه‌وه‌بوو كه چیتر كورد كارتى ده‌ستوورى له دژى پێكهاته‌ى عه‌ره‌ب به‌هه‌ردوو تایفه‌ى سوننى و شیعه‌ى عێراق به‌كار نه‌هێنن و زیاتر خه‌ریكى تهخوینكردنى خۆیان بن، به‌ڵام هه‌ڵه‌كان دیسان نه‌بوون به وانه‌ى سیاسى بۆ كورد، هێنده‌ی بوو به ستایلێكى تر‌ى كارتى ململانێى سیاسى و هیچیتر، كه ته‌نیا بۆ له بیربردنه‌وه‌ى رابردووى كه‌ركووك بێت، به‌ڵام به لۆجیكی دۆڕاندن له‌پێناو دۆڕاندنێكى تر.