له‌مێژه به‌نیازم پێشنیارى ئه‌وه بكه‌م بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵكیش، وه‌ك چۆن رۆژێك هه‌یه بۆ وه‌ستانى جه‌نگ، ئاوهاش رۆژێك دابنێن له ساڵێكدا بۆ سیاسه‌ت كه لانیكه‌م له‌و رۆژه‌دا باسى سیاسه‌ت نه‌كه‌ن، به‌ڵام كه ورد بوومه‌وه، سیاسه‌ت به‌شێكى زۆرى له فه‌زاى كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى ئێمه داگیر كردووه و به‌بێ ویست و ئاره‌زوو هه‌موومانى سه‌رقاڵ كردووه، په‌شیمان بوومه‌وه، چونكه ئه‌م كایه‌یه له بنه‌مادا بۆ خه‌ڵكى عه‌وام بابه‌تێكى كاتییه، بۆ ده‌سته‌بژێرى سیاسیش به‌رده‌وامییه، بۆیه له ئاستى فه‌زاى گشتیدا، پێویسته رۆژێك هه‌بێت خه‌ڵكى ئاسایى پشووى سیاسى بده‌ن، تا له‌و رۆژه‌دا تێبگه‌ن كه سیاسه‌ت به‌و ستایله كوردییه‌ى كه خه‌ڵكى ئاراسته كردووه، چه‌ند كارێكى ناشیرینه و سیاسییه‌كانى چۆن ناشیرین كردووه و ته‌واوى ئازادیى ژیانى لێوه‌رگرتوون، بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى پێویستى به رۆژێك هه‌یه جه‌ژن بگێڕین و دوور بكه‌وینه‌وه له سیاسه‌ت.
پرۆسه‌ى سیاسى له هه‌موو دونیادا چه‌ند مانگێك ده‌بێ بۆ هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنى حكوومه‌ت و سیستمى نوێ و داڕشتنه‌وه‌ى میتۆدى نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌موو كایه‌كان به‌تایبه‌تى خوێندن و په‌روه‌رده، له عێراق و كوردستاندا چونكه پرۆسه‌كه به‌هێمنى و به‌ئاسایى و به‌سه‌ربه‌خۆیى به‌ڕێوه ناچێت، له ساڵێكدا 12 مانگ خه‌ڵك تاى سیاسه‌ت ده‌یانگرێت و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین، له هه‌موو دنیادا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌ى سیاسى، دۆڕان و بردنه‌وه‌ى تێدایه وه‌ك تۆپى پێى وه‌رزشى، له عێراق و كوردستاندا نه كه‌س ده‌دۆڕێت و نهكهسیش ده‌یباته‌وه، خه‌ڵكیش چونكه راهاتوون به‌م دۆخه به‌رده‌وامه، فه‌زاكه‌یان به‌ئاسایى وه‌رگرتووه و وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك چاودێریى گه‌مه‌كان ده‌كه‌ن.
گرنگى رۆژى سیاسه‌ت له‌وێدایه كه سنوورێك بۆ فه‌وزاى سیاسى دابنرێت و له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى پرۆسه‌كه، خه‌ڵك بچنه‌وه سه‌ركار و باسى ژیانى ئاسایى بكه‌ن و داواكارییه‌كانیان ئاراسته‌ى هێزى براوه و حكوومه‌ت بكه‌ن، كه‌چى له عێراق و كوردستاندا پرۆسه‌كه له‌لاى خه‌ڵك زیاتر درێژه ده‌كێشێت و خه‌ڵك ئه‌وه‌یان له بیر ده‌چێته‌وه كه به‌شداریكردنى سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێردا، ته‌نیا له ده‌نگدان و پشتگیریكردنى هێزى سیاسى و به‌رنامه‌ى سیاسی لایه‌نێكه، نه‌ك درێژه‌دان به لێدوان و ململانێى نێوان هێز و حزبه سیاسییه‌كان.
ره‌هه‌ندێكى تر‌ى رۆژێك بۆ سیاسه‌ت، ماناى ئه‌وه‌یه خه‌ڵك پشت له‌و میدیایانه بكه‌ن كه له‌سه‌ر ده‌مارى خه‌ڵك و ژیانى خه‌ڵك ده‌ژین، بۆ ئه‌وه‌یه پشوویه‌ك بهگوێچكه و چاو و هه‌ست و زار بدرێت، كه‌چى له عێراق و كوردستاندا ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته خۆراكێكى به‌رده‌وام له‌رێى میدیاوه، تا به‌رده‌وام له‌سه‌ر سفره‌ى خه‌ڵك به‌رده‌وام بێت و دواجاریش په‌رچه‌كردارى كۆمه‌ڵایه‌تیى لێ ببێته‌وه، ئه‌م ئاراستهكردنهى خه‌ڵك به‌زمانى نائاسایى، كاریگه‌ریى هێنده نه‌رێنیى كردووه كه خه‌ڵك له‌برى ره‌خنه‌گرتن له حكوومه‌ت، جنێو و قسه‌ى ناشیرین له‌رێى میدیاوه به‌كار بهێنن و وه‌ك زمانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاسایى وه‌ربگیرێت، له كاتێكدا ئه‌م زمانه له هیچ كونجێكى دنیادا نه به‌كار دێت و نه رێپێدراوه.
رۆژى سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ده‌سته‌بژێرى سیاسیش كه‌ڵكى نه‌بێت، ئه‌وا بۆ خه‌ڵكى ئاسایى زۆر كه‌ڵكى سایكۆلۆجى ده‌بێت، بۆ نموونه چیتر خه‌ڵك جه‌نگى مه‌زه‌وى و سیاسى و عه‌شیره‌تى و گرووپگهرایى و باڵباڵێن و هه‌رێمایه‌تى ناكه‌ن، به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه فێر ده‌بن هه‌موو ساڵێك له‌و رۆژه‌دا بیر بكه‌نه‌وه كه بۆ هه‌ڵبژاردنێكى تر، چۆن به‌شدارى بكه‌ن یان موقاته‌عه‌ى بكه‌ن یان سزاى هه‌ر گرووپێك بده‌ن، یان لانیكه‌م بیر بكه‌نه‌وه كه سیاسه‌ت كارى به‌رده‌وامبوون و هه‌میشه‌یى ژیان نییه، به‌ڵام له عێراق و كوردستاندا چونكه خه‌ڵك له‌رێى سیاسه‌ته‌وه داهاتى خۆیان دیارى ده‌كه‌ن و له‌ناو سیستى ئابووریدا ناژین، بۆیه وه‌ك ده‌سته‌بژێره سیاسییه‌كان به‌رده‌وام له فه‌زاى سیاسه‌تدا ده‌ژین، كه‌چى بۆ بۆنه‌كان رۆژێكى دیاریكراویان له‌لا ئاساییه ئه‌گه‌ر ژیانیش بوه‌ستێت، خۆ ئه‌گه‌ر رۆژێك بۆ سیاسه‌ت له‌لایه‌ن حكوومه‌تیشه‌وه دیارى نه‌كرێت، ئاساییه خه‌ڵك خۆیان رۆژه‌كه وه‌ك عورفى كۆمه‌ڵایه‌تى دیارى بكه‌ن و دوور بكه‌ونه‌وه له سیاسه‌ت.