ماوه‌ی سێ هه‌فته‌یه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه نه ده‌یناسین و نه دنیا توانیویه‌تی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه، ژیان به‌گشتی وه‌ستاوه و مرۆڤایه‌تی له پشووی ناچاریدان، ئێمه‌یش وه‌ك ده‌زگای رۆژنامه‌وانی "وشه" سێ هه‌فته‌یه رۆژنامه‌كه‌مان چاپ نه‌بووه، بۆیه بیری كاغه‌ز ده‌كه‌م.
منێك كه هێشتا كلاسیكم و زیاتر چێژ له چاپی كاغه‌ز ده‌بینم تا ئه‌لیكترۆنی و رۆژانه 10 سه‌عات له ئۆفیسه‌كه‌م بووم، ئێسته خۆم و مۆبایله‌كه‌م ماوینه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ ستافه لێهاتووهكهم به‌رده‌وامین له خزمه‌تی خوێنه‌ر، بۆ كاری زۆر پێویست و ناچاری نه‌بێت ناچمه ئۆفیس و هه‌ندێك جار له ماندوویه‌تی بێكاریدا دادههێزرێم، به‌ڵام هێشتا سه‌ت هێنده ته‌حه‌مول ده‌كه‌ین له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی حكوومه‌ت و پاراستنی گیانی خه‌ڵكی كوردستان.
ده‌زانم ئه‌و دۆخی داهێزران و بێزارییه له زۆربه‌ماندا روو ده‌دات، مه‌گه‌ر یه‌كێك هه‌ر له سروشتی خۆیدا ماڵی بووبێت، هه‌ندێك جار مرۆڤ بیركه‌ره‌وه و له‌سه‌رخۆ نه‌بێت، بێگومان كێشه‌یش دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌وكاته‌دا ده‌بێت بیر له ژیان بكه‌ینه‌وه و مانه‌وه‌مان به‌لاوه گرنگ بێت، بیركردنه‌وه له‌و كارانه‌ی ده‌مانه‌وێت بیانكه‌ین و ئه‌و پڕۆژانه‌ی له خه‌یاڵماندان بۆ داهاتوو، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ساتانه‌ی له‌گه‌ڵ دۆستان هه‌ستمان به خۆشیی ژیان ده‌كرد، هێزی ئه‌وه‌ت ده‌داتێ ئارام بگریت. واته ده‌بێ خه‌ونت زۆر بێت و هێشتا زۆر كار مابێت له ژیاندا بته‌وێ بیانكه‌یت، ئه‌وه كلیلی تێپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر كۆرۆنادا.
ژیان درێژه و ساڵانێكی زۆریشی ماوه بۆ چێژ و بینینی جوانییه‌كانی، به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی كورد كه به‌رده‌وام به‌و ئۆمێده ده‌ژین داهاتوو خواسته‌كانمان به‌دی بێنێ، چی ده‌بێت چه‌ند مانگێك ددان به‌خۆدا بگرین و هاوكار بین له تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه و زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌دا؟ راستییه‌كه‌ی نه‌ك مانگ، ئێمه ساڵانێكمان به فیڕۆ داوه و بچووكترین ته‌مه‌نیشمان چه‌ند شه‌ڕێكی بینیوه و ترسهكهیمان به‌ركه‌وتووه، زۆرجاریش تاكه شوێن ژێرزه‌وین بوو كه تێیدا چاوه‌ڕێی مه‌رگمان ده‌كرد، كه‌واته مادام ئێسته ماڵ هه‌یه و ئاسایش به‌رقه‌راره و كتێب و نێت و فیلم و به‌رنامه‌ی جوان هه‌یه، ده‌بێت زۆر سوپاسگوزار بین.
ئه‌مانه ئامۆژگاری نین، ته‌نیا بیرهێنانهوهن كه زۆرجار له‌خۆباییبوون وا له مرۆڤ ده‌كات دوێنێی خۆی له‌بیر بكات و ملهوڕانه سه‌ركێشی بكات، چونكه ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاوه كه دیوه‌كه‌ی تری ته‌واو خراپه و ئێمه هیچمان پێ نییه له ئاستیدا، ئه‌ویش ئارام نه‌گرتن و تێكشكاندنی پابه‌ندییه گشتییه‌كانه، كه به‌هۆیه‌وه به‌ڕێز كۆرۆنا ده‌مانكات به تیكه‌ی خۆش و له‌م ژماره كه‌مه‌ی تووشبووانه‌وه ده‌مانگوازێته‌وه بۆ ژماره‌ی زۆری مردن، هیوادارم نه‌گه‌ین به‌وه. بۆیه ده‌بێ خۆت خۆت بپارێزی نه‌ك حه‌ز بكه‌ی به شه‌ق بتكه‌نه ژووره‌وه، ئه‌مه بابه‌تێكی كولتوورییه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت له‌م كاته‌دا حكوومه‌تیش ئاسانی بكات تۆ هه‌ر نه‌چیته‌وه ده‌ره‌وه. ده‌زانی ژیان چه‌ند خۆشه دوای كۆرۆنا؟ ده دانیشه و تێكه‌ڵ مه‌به.
با بێمه‌وه سه‌ر باسه‌كه‌م، ده‌ركردنی رۆژنامه كه به‌شێكه له كاری ده‌زگاكه‌مان و كۆرۆنا ملهوڕانه له یه‌كی كردووین، پرۆسه‌یه‌كی چێژبه‌خش و ماناداره، به‌رپرسیارێتییه و كاری تیمه، هه‌ركه‌س هه‌وڵ ده‌دات باشترین ریپۆرتاج و دیمانه‌ی هه‌بێت و شانازی پێوه بكات، كاره‌كان وا دابه‌ش كراون هه‌ر رۆژنامهنووسێكمان رۆژی خۆی و جۆری كاری خۆی ده‌زانێت و له دووشه‌مدا هه‌مووی كۆ ده‌كرێته‌وه، دواتر به پرۆسه‌یه‌كی خێرای هه‌ڵه‌چن و پێداچوونه‌وه و دابه‌شكردنی لاپه‌ڕه‌كاندا، ده‌ست به دیزاینی نیوه‌ی 20 لاپه‌ڕه‌كه ده‌كه‌ین، ئه‌و بابهتانهیشی گه‌رمن و تا دوا چركه چاودێرییان پێویسته، ده‌خه‌ینه‌وه سێشه‌م و دواتر له شهوهكهیدا ماندووبوونی هه‌مووان به كلیكێك ره‌وانه‌ی چاپ ده‌كرێت، به‌یانی چوارشه‌م وه‌ك ئه‌وه‌یه منداڵێكی تازه له دایك بووبێت كاتێك رۆژنامه‌یه‌كی جوان و پڕ زانیاری ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستی خوێنه‌ر.
به‌ڵام ئه‌و هیوا و بیركردنهی چاپكردنی رۆژنامه، هێزێكی زۆرمان پێ ده‌دات تا ئێسته كاری باش له وێبسایتهكهماندا بكه‌ین و دوای كۆرۆنا و ئاساییبوونه‌وه‌ی ژیانیش به دیداری كاغه‌ز و زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌كه‌مان بگه‌ینه‌وه، ئێوه‌ش خوێنه‌رانی هێژا چاوه‌ڕێمان بكه‌ن و به ئومێد بن، بشمانبوورن له‌و راوه‌ستانه ناچارییه‌دا.
مرۆڤ خاوه‌نی حكوومه‌تی ئاوا به هیمه‌ت و دڵسۆز بێت، هه‌ست به ئه‌مان ده‌كات, كه‌واته به‌شه‌كه‌ی تری چاره‌سه‌ر خۆمانین و با بازنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانمان ته‌واو بچووك بكه‌ینه‌وه بۆ ماڵ و به‌س، دراوسێ و كه‌سوكاریش پێویست نین و هه‌موو جووڵه‌یه‌ك به ئاراستهیاندا كێشه‌یه، چونكه هه‌م خۆت خۆشناوێ، هه‌م ئه‌وانیشت خۆشناوێ، ئێسته جوانترین خۆشه‌ویستی، یه‌كتر نه‌بینینه.