ئێواره‌ی زستان، خۆر له پشتی ڕه‌شترین و چڵكنترین هه‌وره‌وه خۆی حه‌شار داوه، ساردترین هه‌وای ئه‌م ساڵه هه‌ڵیكردووه و له به‌رده‌م ده‌رگای گه‌رماوی شار وه‌ستاوه، شۆخترین كچی شاریش شین و گریان ده‌كات گوایه ئاوێنه جادووییه‌كه‌ی كه ساڵانێك جوانیی ئه‌ویان پێشان ده‌دا، ئێسته به كه‌وتنێك درزی بردووه و وه‌ك پێشوو ڕووخساری پێشان نادات، درزه‌كانی بوونه‌ته برینێك و له ڕووخساری كچی شۆخا خۆیان ده‌نوێنن.
چی برینێك، نه خوێنی لێ ده‌چۆڕێ و نه ئازارێك ڕای ده‌چه‌ڵه‌كێنێ، خامۆش خامۆش پیرێك كه ته‌مه‌نی ته‌واوی ساڵه شاده‌كانی تێپه‌ڕاندووه ڕێ ده‌كات، په‌نجه‌كانی شین هه‌ڵگه‌ڕاون، به ناڕه‌حه‌ت هه‌نگاوێك ده‌نێت بۆ پێشه‌وه، زۆربه‌ی كات بێ جووڵه ڕاده‌وه‌ستێت و سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌كات، عه‌سایه‌ك یان گۆجانێك نییه ببێته پاڵپشت بۆ یارمه‌تی قاچه لاوازه‌كانی، به‌ڵام هه‌ر ڕێ ده‌كات و ده‌ڕوات بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك به‌ره‌وپاش بگه‌ڕێته‌وه.
منداڵێكیش له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه چه‌مكی عه‌بای هه‌موو ژنێك ڕاده‌كێشێت و ده‌ڵێت دایه، چاوه‌كانی وێنای گوڵه‌سوورێك سووریی دایپۆشیوه، ته‌نیا ئازاری ئه‌وه‌یه ده‌ستی له ده‌ستی دایك به‌ربووه، جه‌نجاڵییه‌كی زۆر هه‌یه زۆرتر له ڕۆژی حه‌شر، گوایه ده‌ڵێن كرێكارێك له به‌رزترین ئاستی باڵه‌خانه‌ی ڕێكخراوی كرێكارانه‌وه به‌ر بووه‌ته‌وه، كاتی نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی دوا وشه‌ی زاری بڵێت، ڕۆحی له جه‌سته‌ی ده‌رچووه، وه‌ك پارچه ته‌خته‌یه‌كی ڕزیو جه‌سته‌ی ساردی له‌سه‌ر شه‌قامی جه‌نجاڵ كه‌وتووه، هیچ سه‌یر نییه له جه‌نجاڵی ئه‌م ڕۆژگاره، هه‌بوونی مردوویه‌ك كه‌وتنی جه‌سته‌یه‌ك ئاساییه، هه‌مووان ده‌ڵێن نزا بكه‌ن به‌س نییه له باوه‌شی له‌شفرۆشه‌كان نه‌مردووه.
دوورتر له جه‌نجاڵی كابرایه‌كی قژ ماش و برنجی، سێ پیوایی ده‌وڵه‌تی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، ڕاده‌كات و ڕاده‌كات، له خوانی گوڵفرۆشه‌كه‌م بیست ده‌ڵێت، سێ نان و كه‌مێك ماستی دزیوه بۆ نانی ئێواره‌ی خێزان و منداڵه‌كه‌ی. فاڵچییه‌ك هاوار ده‌كات وه‌رن به‌خت و ئاینده‌تان له نێوان ده‌سته‌كانتان بخوێنمه‌وه، ده‌ستم ڕاده‌ستی ئه‌و كردووه، به‌ڵام سه‌ری سوڕماوه به‌قسه‌ی ئه‌و بێت، هێشتا خه‌تی ئاینده‌می نه‌بینیوه، ده‌ڵێت ده‌ستت هیچ خه‌تێكی نییه، هیچ داهاتوویه‌كی نییه، ناكرێت كه‌سێك له گه‌ردوون بێ داهاتوو بێت. وه‌ك ده‌ڵێن چه‌قبه‌ستووی ڕابردوو بێت.
پیره‌ژنێكی لاسار ئه‌مڕۆ چرا ده‌فرۆشێ، ده‌ڵێن نابینایه و هیچ له چرا نازانێ، نازانێ نه‌وت چۆن پڵیته‌ی چرا گڕ تێبه‌ر ده‌دا، تیشكی سووتانی ژوورێك پڕ له ڕووناكی ده‌كات، مافی خۆیانه، منیش تا ئێسته نازانم ئه‌و ڕووناكییه‌ی ڕۆژ خۆر ده‌یدات، شه‌و به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، نازانم ئاخۆ تاریكی ئه‌هریمه‌نه یان ڕووناكی كه به ده‌ركه‌وتنی یه‌كێكیان، ئه‌وی تریان له‌ناو ده‌چێت، ته‌واوی ئه‌م شتانه ته‌نیا به یه‌ك نیگا ده‌بینرێن، ئاخۆ چی ده‌بێت به هه‌زاران نیگا سه‌یری گۆشه‌یه‌كی ئه‌م گه‌ردوونه بكات، هه‌موو ئه‌م شتانه ته‌نیا له یه‌ك ئێواره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌ی چی له ئێواره‌كانی داهاتوو ده‌گوزه‌رێت.