شەقامی موزایەدە و قومارچییەكان

PM:01:21:12/07/2021 ‌
هەناسەیەكی هەڵمژی و گوتی:

سەیر بكەن من لە ئێوە دنیا دیدەترم، ئەو ڕێیانەی ئێوە ئێستە پێیدا دەڕۆن، من لە شەوانێكی ئەنگوستەچاودا بڕیومن، سپیبوونی قژی سەرم و ڕیشم گەواهی بۆ زۆریی زانین و فێربوونم دەدەن، بۆیە ئاگاداربن لە تەك كێدا گفتوگۆ دەكەن. من چەندان ڕێزلێنانم هەیە لە سیاسەت و ئەدەبدا و مێژووش باس ناكەم، چونكە دەتوانم بە چاوی داخراویشەوە تەواوی مێژووتان بنووسم بەبێ تەنیا هەڵەیەكیش.

ئەم شانازی و متمانە بەخۆبوونە زۆر سەرنجی ڕاكێشام، بەڵام لەو بڕگەیەدا من بەجێمام لێی كاتێك فەرمووی سپیبوونی قژم گەواهییە لەسەر زۆریی زانین و فێربوونم! ئەگەر وابێت، منیش دەبێت زانا و بیرمەند بم، چونكە وێنای ئەو خاوەنی قژێكی تەواو سپیم و بە ئەستەم تاڵێكی ڕەش بەدی دەكەیت.

پرسیارم كرد ئاخۆ دەكرێ منیش وێنای تۆ شانازی بكەم؟ ئەوەتا منیش تەواوی مووی سەرم سپی بووە. كەمێك بێدەنگ بوو، بەجۆرێك زیاتر لە مرۆڤێك دەچوو كە توانای قسەكردنی نەبێت، تەنیا بە چاو سەرنجی دەدام، لام وایە دەگەڕا تا تاڵێكی ڕەش لە قژما بەدی بكات، ئەمەش بۆی دەبووە چەكێك تا بەرهەڵستیم بكات، تەنیا خۆی لە ناوەندی زانست و زانیندا بە سوپاسالار بهێڵێتەوە.

بێدەنگی شكاند و بە دەستی ئاماژەی بەرەو ڕوخسارم كرد و گوتی:
ڕاستە خاوەنی قژێكی سپیت، بەڵام كوا ڕیش و كوا سمێڵ، هێشتا تۆ نەبوویتە خاوەنی هیچیان، لەكاتێكدا من هەم ڕیشم سپی بووە و هەم سمێڵیشم، كەواتە ناكرێ خۆت بەراورد بكەی بە من.

ڕاستی دەكرد من هێشتا خاوەنی ئەو دووانە نیم، بەڵام دەكرێ كاتێك بوومە خاوەنیان، ئەوانیش هەر لە دروستبوونەوە سپی بن، نازانم ئەوكات دەكرێ منیش وێنای ئەو بم یان هەبوونی تەڵێكی ڕەش لە سمێڵم ئەم لێكچوونە تێكدەدات.

هێواش هێواش دەچووە باسی سیاسەت و كەوتە وەسف و سەنای خۆی لە بوارەكەدا، بەجۆرێك وا خۆی پێشان دەدا كە شایانی ڕێزلێنانە، یەكێكە لە گەورەترین سیاسەتمەدارەكانی ئەم شوێنە. لێم پرسی باشە تۆ چۆن سیاسەت دەكەی و ڕێچكەت چییە؟ 

زۆر بەسادەیی وەڵامی دامەوە كە لەلای ئەو سیاسەت بەم جۆرەیە، بەشی خۆم بۆ خۆم، ئەگەر پێشم كرا بەشی تۆش دەخۆم، ئەگەر بەرماوەشم لێ مایەوە، ئەوكات دەیبەخشم بە چواردەورم، ئەمەش بە جۆرێك دەكەم وەك سوارچاكێكی خەمخۆری خەڵك سەیر بكرێم، بەڵام ئەوە بزانە تا خۆم تێر نەبم ئەم كارە ناكەم، كە كردیشم بە جۆرێك دەیكەم، سۆزی هەمووان بەدەست بهێنم، وەك گوتراوە ئێمە لە كاتی گونجاو كاری خۆمان دەكەین.

سەیر بوو، هیچ كات سیاسەتی وام نەبینیوە، زیاتر ئەم جۆرەم لە بازرگانەكان بینیبوو، بەڵام لام وانەبوو كەسێك هەبێت وەك سیاسەت بەرانبەر خەڵك بەكاری بهێنێت. بەهەرحاڵ ئەوەی من لێی تێگەیشتم ئەم تەنیا نییە، وێنای سەربازێكی شەتڕەنج وایە، كەسێك لەم گەورەتر و زیرەكتر لە كاتی گونجاو دەیجووڵێنی، دەشكرێ وەك وەرەقی قومار وابێت، هەر ڕۆژە و بە جۆرێك لە جێیەك قوماری پێ بكرێت.

تەواوی وشەكانی جێی سەرسوڕمان بوو


گەیشتە كۆتایی و كەمێك باسی ئەدەب و مێژووی كرد، بەڵام وەك باسەكانی پێشووی تەواوی وشەكانی جێی سەرسوڕمان بوو، لە كۆتادا تێگەیشتم هەبوونی قژێكی سپی و ڕیش و سمێڵ ناتكاتە بیرمەند و سیاسییەكی سەركەوتوو، زیاتر ئەو لە سیاسییەكی پۆپۆلیست دەچوو، یان كابرایەك موزایەدی دەكرد بۆ ئەوەی تەواوی سەرنجەكان بۆ خۆی ڕاكێشێت، سەرنجەكان داببڕێت لە تەواوی گۆشەكانی تر، ئەمەش وای لێ كردبوو ببێتە كارتێكی بەهێز یان یاریزانێكی كاراما كە ئەو كەسانەی لەو باڵاتر و زاناتر بوون، لە گێژاوەكاندا بەكاریان بهێنایە.

هەرجۆرێك بێت، دەكرێ ڕۆژێك قوماربازێكی زاناتر یان یاریزانێكی بلیمەتتر لەم پەیدا ببێت، ئەوكات ئەمیش وێنای زۆربەی ئەوانی تر، لە ژێر سێبەری كەسێكی تردا خۆی حەشار دەدات، بۆ هەمیشە قسەوباسەكانی لە ناوەندی خەڵكدا بزر دەبێت.