ڕەش و سپی

AM:10:22:04/07/2021 ‌
چەند سەعاتێك دەبێت كارەبا لە شار بڕاوە، تەواو تاریكی باڵی كێشاوە بەسەر هەموو جێیەكدا، منیش لە ژوورەكەم لە تاریكدا دانیشتووم، هەرچەند نیگا و سەرنج دەدەم هەر ڕەنگی ڕەش دەبینم، بۆ ساتێك كەوتمەوە بیر هاوڕێیەكی كۆنم كە تەنیا دەیتوانی ڕەنگی ڕەش و سپی ببینێت، بەجۆرێك تەواوی دنیا بۆ ئەو لە دوو ڕەنگ پێكهاتبوو.

بیرم دەكردەوە دەكرێ ئێستە ئەو چێژ لەم تاریكییە ببینێت كە ئێمەومانان هیچی تێدا نابینین، پاش كەمێك دووبارە تەواوی شار ڕووناك بووەوە و گەڕایەوە بارودۆخی جارانی، بڕیارم دا ئەگەر كەمێكیش بێت لەسەر بارودۆخی هاوڕێكەم بنووسم، دەكرێ ئەگەر كەمێكیش بێت سەرنجی هەمووان ڕاكێشێت.

كاتێك دەمویست بنووسم، پێنووسێكم هێنا ڕەنگی ڕەش بوو، ناونیشانم دانا بەناوی "جیهان لە دوو ڕەنگدا"، هەوڵم دەدا باشتر و باشتر وەبیر خۆمی بهێنمەوە، بەڵام وەك ئەوەی پێنووسەكەم هیچ مەرەكەبێكی تێدا نەمابێت وابوو، كات تێدەپەڕێت و هێشتا من تەنیا لە ناونیشاندا وەستاوم، ئاخر نەمدەزانی چۆن پێناسەی بكەم، چۆن بڕوا بە چواردەور بكەم كە دەكرێ كەسانێك هەبن دنیای ئێمە بە دوو ڕەنگ ببینن.

ئەوەی من لە فكرم ماوە، بەجۆرێك بوو كاتێك بۆ ئێمە تەواوی دەوروبەر نوقمی تاریكی دەبوو، ئەو دەیتوانی زۆر بە باشی ئەوەی لە چواردەوری هەبوو ببینێت، دەیگوت كاتێك چواردەورم تاریك دەبێت، لە ناو ڕەشاییدا تەواوی شتەكان بە سپی دەبینم، كاتێكیش بۆ ئێوە دنیا ڕووناكە، من بە پێچەوانەوە شتەكان بە ڕەنگی ڕەش دەبینم، چێژ لەمەش وەردەگرم و لام وانییە ئەمە كەمی یان ناتەواوی بێت، لەلای خۆم ئەمە تایبەتمەندییەكە وام لێ دەكات جیاوازبم.

هەبوون و نەبوونی ڕەنگەكان جیاوازی دروست ناكات لە تەك كەسانێك كە توانای بینینیان نەبێت، ڕەنگ لە تەك ئەو تەنیا جەنجاڵكردنی ژیان بوو، هەمیشە دەیگوت، دنیا تەنیا دوو ڕەنگە، ئەو ڕەنگانەی تر وێنەی كەسەكان تەنیا ماسكێكن بەسەر ڕەنگی ڕەش و سپییەوە، كەس نایەوێ خۆی بە رەش بنوێنێ، بۆیە بۆ مانەوەی ڕەنگێكی سەرنجڕاكێش دەكاتە ماسك بۆ ڕووخساری، بەم جۆرە سەرنجی تەواوی ئەوانی تر ڕووە و خۆی ڕادەكێشێت.

هەموو ئەمانە قسەگەلێك بوون كە لە تاریكیدا بە فكرم هاتەوە


هەموو ئەمانە قسەگەلێك بوون كە لە تاریكیدا بە فكرم هاتەوە، دەكرێ ئەو ڕاست بكات بنەڕەتی دنیا ڕەنگی ڕەش بێت، ئەوەی كە ئێمەش دەیبینین، تەنیا ماسكێك یان خەیاڵێك بێت، بۆ ئەوەی چێژ ببینین، توانای مانەوە لە دەست نەدەین.

دەكرێ بەتەواوی وێنای ئەو فرۆشیارە درۆزنە بین كە قەلەڕەشەكانی ڕەنگاوڕەنگ دەكرد بۆ حەشاردانی ڕەنگە ڕەشەكەی، بەم جۆرەش بە ناوی باڵندەی جیاوازەوە دەیفرۆشتە كڕیارەكانی، لێرەشدا هەرگیز قەلەڕەش نەدەگۆڕا و وەك پێشوو هەر بە ڕەشی و ناویشی هەر بە قەلەڕەش دەمایەوە، تەنیا ئەوە نەبێت لە نیگای ئەوانی ترەوە، درك بەم ڕاستییە نەدەكرا.