ئه‌مڕۆ پاش مانگێك له خه‌و هه‌ستاوم، پێش ئه‌م مانگه كه‌سێك بووم له چینی 48، به ئه‌سته‌م توانای ژیانكردنم هه‌بوو، هه‌فتانه ته‌نیا ده‌متوانی چوار ژه‌م نان بخۆم، چونكه پێش 47 چینی تر كه به‌پێی ڕیزبه‌ندی، له من باڵاتر بوون و نانیان پێ ده‌گه‌یشت، به‌مانایه‌كی تر ته‌واوی مانگێك به‌رماوه‌ی ئه‌وانم ده‌خوارد، له‌ژێر سۆز و به‌زه‌یی ئه‌واندا ده‌ژیام.
هه‌میشه ئه‌و پرسیاره‌م له خۆم ده‌كرد، باشه چۆن ده‌كرێت هێنده دووڕووبن، له‌هه‌ر جێیه‌ك ته‌ماشا ده‌كه‌یت دروشمی هاوژیانی و پێكه‌وه‌ژیان نووسراوه، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و كه‌سانه‌ی چینێك باڵاتر بوون، له‌وانی تر گوێیان بۆ خوارووی خۆیان نه‌ده‌گرت، هه‌ندێك كات ده‌مگوت هه‌قیانه ئاخر هه‌بوو سێ مانگ ژیانی له نزمترین ئاست بوو، به جۆرێك له ڕیزبه‌ندی 103كان بوو، ئه‌وه‌ی من بیستبێتم به ئه‌سته‌م خۆراك و كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان پێ ده‌گات، ده‌بێت بۆ مانه‌وه چه‌ندان بڕیاری قورس بده‌ن به‌گیانی خۆیان یان كه‌سێكی نزیكیان قوربانی بده‌ن، كه‌سێكی ئاوا له پڕ بێته ڕیزبه‌ندی، پێنج یان شه‌ش، هه‌وڵ ده‌دات بارودۆخی پێشووی له‌بیر بكات و وێنای خانه‌دانێك ڕه‌فتار بكات.
ئێسته من له ڕیزبه‌ندیی هه‌شتم، نازانم كێ ئه‌م كاره ده‌كات له ناكاو كه‌سێك به‌رز ده‌بێته‌وه و یه‌كێك دێته چینه‌كانی خواروو، ده‌ڵێن ئه‌م هه‌موو كاره بۆ پێكه‌وه‌ژیان و مانه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه، ده‌توانم له‌م ڕۆژه به‌دواوه وه‌ك خانه‌دانێك بژیم، خواردنی زۆر و خۆشی زۆر ببینم تا كاتێك دووباره بڕیاری تازه ده‌رده‌چێت، ئێسته پۆشاكی نوێ و كۆشك و خزمه‌تكارم هه‌یه، هه‌موو ئه‌م شتانه‌ش به‌هۆی ده‌ستبه‌ندێكه‌وه خاوه‌نداریی ده‌كه‌م كه له‌سه‌ری نووسراوه هه‌شت، بۆ هه‌ر كارێك ده‌یكه‌م یان هه‌ر جێیه‌ك ده‌چم، ده‌بێت ده‌ستبه‌نده‌كه‌م پێشان بده‌م، چونكه زیاتر له خۆم ڕێز له ده‌ستبه‌نده‌كه ده‌گیرێت، چونكه هه‌م كه‌سایه‌تیم پێشان ده‌دات، هه‌م ئاستی ئه‌و چینه‌ی تێیدا ده‌ژیم، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو خاوه‌نی نیم، ده‌كرێت هه‌ركاتێك بێت بچێته ده‌ستی كه‌سێكی تر، هه‌موو سه‌ری هه‌فته‌یه‌ك پێداچوونه‌وه بۆ بارودۆخه‌كه ده‌كرێت، زیاترین ڕووداوه‌كان مردن یان كوشتنه، هه‌ندێك له‌وانه‌ی چینی خواروو ده‌مرن، ده‌بنه خۆراك بۆ هاوڕێكانیان، تا ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی له‌و ئاسته‌دان، به‌رگه‌ی كه‌مخۆراكیی بگرن، به‌ته‌واوی شێوه‌كانه‌وه مردن و كوشتن لێره بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌وانی تره، ته‌واوی ئه‌م ڕووداوانه له پیلانێك ده‌چێت كه ساڵانێكی زۆره به‌وردی كاری بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام دروشمیان هاوژیانی و پێكه‌وه‌ژیانه.
هه‌موو ڕۆژێك پیاوێك كه ته‌مه‌نی زۆریی ڕووخساری چرچ و مووی سپی كردووه، دێت و به هه‌مووان ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بزانین چۆن سوود له كات و كه‌ره‌سته‌كانی ژیانمان وه‌ربگرین، كه‌سمان له دابه‌زینی ڕیزبه‌ندییه‌كان ناترسین،، ڕاست ده‌كات ئه‌وانه‌ی ئێره بۆ ئه‌مڕۆ ده‌ژین بیر له سبه‌ی ناكه‌نه‌وه، سه‌یری بارودۆخی سه‌ر و خۆیان ده‌كه‌ن، گرنگی ناده‌ن له خواره‌وه چی ڕوو ده‌دات، زیاتر ئێره بووه‌ته چاڵێك كه ته‌نیا یه‌ك چرای تێدایه، ئه‌ویش به به‌رزترین ئاستی چاڵه‌كه‌دا هه‌ڵواسراوه، به‌ده‌گمه‌ن ڕووناكی ده‌گاته به‌شی خواره‌وه، بۆ ئه‌وان تیشكی ڕووناكی جادووییه‌كه و چاو كوێر ده‌كات، زه‌مه‌نێكه له‌گه‌ڵ تاریكی ده‌ژین، تازه چیتر ڕووناكی له چاڵێكی تاریكدا هیچ مانایه‌ك بۆ ئه‌وان نابه‌خشێت.