ئه‌مڕۆ ته‌واوی سه‌ردێڕیی هه‌واڵه‌كان، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه شه‌وی رابردوو باشترین مه‌له‌وانی شار له ئاودا خنكاوه، به گه‌وره‌یی نووسیویانه "دوێنێ له تاریكی شه‌ودا، باشترین مه‌له‌وانی شار خنكا"، سه‌یره باسی ئه‌مڕۆی خه‌ڵكیش هه‌مووی گرێ دراوه به خنكانه‌كه‌وه، زۆربه‌یان باسی لێهاتووییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌یان گه‌لێك نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانیان داناوه، چۆن كه‌سێك كه زۆربه‌ی ته‌مه‌نی به رووبار و ده‌ریاچه‌كان به‌خشیبێت، زیاتر له هه‌مووان ئاشقی ئاو بێت، كه‌چی هۆكاری مردنه‌كه‌ی هه‌ر ئاوه.
من ده‌ڵێم ده‌كرێ تاریكی شه‌و هۆكاری مردنی بێت، ئاخر به‌جۆرێك به‌رچاوی ڕوون نه‌بووه و نه‌یزانیوه ئه‌م رووباره هه‌مان خۆشه‌ویسته‌كه‌ی پێشووی نییه، به‌ڵام كه‌س گوێ بۆ من ڕانادێرێ و هه‌ر ده‌ڵێن و ده‌ڵێن گرنگ نییه لایان چۆن مرد، ته‌نیا گرنگی به‌وه ده‌ده‌ن كه چۆن ده‌كرێ مه‌له‌وانێك له ناو ده‌ریاچه‌دا بخنكێت؟
باشه بۆ ناكرێ بڵێین ته‌واوی ئه‌و ساڵانه ئه‌مه ته‌نیا درۆیه‌ك بوو و ئه‌و مه‌له‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو خاوه‌ن به‌خت بوو، هه‌رگیز به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست ڕووبه‌ڕووی ده‌ریا نه‌بووه‌ته‌وه، ده‌كرێ هه‌ندێك كات به‌خت ڕێت بۆ خۆش بكات، به‌ڵام نه‌ك به‌و جۆره‌ی تا كۆتایی ژیان پشت به‌و ڕێیه ببه‌ستیت كه به‌ختت بۆت دیاری ده‌كات، چونكه ڕۆژێك ڕێیه‌كی نوێت ده‌خاته به‌رده‌م كه به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئامانج و خولیاكانته، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌شم گوت، به‌ڵام هه‌ر بێسوود بوو، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌له‌وانێكی شاره‌زابوو.
پزیشك به‌جۆرێك پێناسه‌ی ده‌كات، مه‌لا و ڕیشسپی به جۆرێك، دۆست و هاوڕێیانیشی به‌جۆرێك كه ته‌واوی خه‌تاكه ده‌خه‌نه پاڵ ده‌ریاچه‌كه و به‌گوته‌ی ئه‌وان بێت، ئاوی ئه‌م ده‌ریاچه شه‌وان زیاد ده‌كات، تا ئاستێك كه هیچ مه‌له‌وانێك ناتوانێ مه‌له‌ی تێدا بكات. پزیشك ده‌ڵێت بێئاگایی مه‌له‌وانه‌كه هۆكاره، چۆن مرۆڤی ئاقڵ له ئاوی سارددا به شه‌و مه‌له‌وانی ده‌كات؟، هه‌رچی پیاوچاك و مه‌لاكانه ده‌یگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر ئاین، به‌ڵام ته‌نیا منم هه‌ر ده‌ڵێم باشه ده‌كرێت ئه‌و مه‌له‌وانێكی باش بووبێت له‌ژێر رووناكی خۆردا و به‌هاتنی شه‌و ئه‌م توانایه‌ی له ده‌ست دابێت.
هه‌رچۆنێك بێت كۆتایی ئه‌و به‌م شێوه بوو، هه‌رچه‌ند دۆستی ئاو و ڕووبار بوو، كه‌چی كۆتاكه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان بوو، ته‌نیا دایكی نه‌بێت له كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه هاوار ده‌كات ده‌ڵێت، "ئاخ كوڕم بیرته من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گوتم ئه‌م ڕێیه‌ت هه‌ڵه‌یه، مه‌گه‌ر نه‌مگوت ئاو شایانی متمانه نییه، ده‌كرێ ببێته سه‌هۆڵ، ده‌كرێ ببێته گاز، هێشتا خۆشی باری خۆی نازانێت، ڕۆژێك شه‌پۆل ده‌دات ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕووخسارین، به‌ره‌و بنی خۆی ده‌بات، ڕۆژێكیش ئارامه و منداڵێك له‌سه‌ر ڕووخساری مه‌له ده‌كات، مه‌گه‌ر نه‌مگوت متمانه‌ی پێ مه‌كه هه‌ر ڕۆژێك دێت شه‌پۆلێك به یه‌كجاری ونت ده‌كات"، ئه‌مه ته‌نیا كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه‌ی شاری من بوو كه ده‌یان بیروبۆچوونی جیاواز تێیدا پێكدا هه‌ڵده‌پڕژێن، هه‌رگیز نه‌گه‌ین به ئه‌نجام، چونكه هه‌ركامێكمان له فیكر و ئه‌ندێشه‌مان وا ده‌زانین له‌وه‌ی به‌رانبه‌رمان باشتر و ڕاستر ده‌دوێین.