كیلۆیەك تەماتە

PM:03:48:07/06/2021 ‌
دەمەوبەیانییەكی هاوین، لە ماڵ دەركەوتووم بۆ كڕینی كیلۆیەك تەماتە، بڕیار وایە بۆ ئێوارە میوانداریی چەند دۆستێكم بكەم و لەم تەماتەیەش تەشریبێكی خۆش دروست بكەم، وەك هەمیشە چوومە لای ئەو فرۆشیارەی كە هەمیشە سەوزە و میوەم لێ دەكڕی، پاش سڵاوكردن لێم پرسی، ئەمڕۆ كیلۆیەك تەماتە نرخی چەندە؟ گوتی پێنج هەزارە كاكە نرخی بەرز بووەتەوە.

سەیر ئەوەیە ڕۆژیی پێشوو تەنیا نرخی هەزار دینار بوو! چی ڕووی داوە لە چەند سەعاتێكدا نرخی گەیشتووەتە پێنج هەزار؟ كاكە خۆ هەر تەماتەكانی ڕۆژیی پێشوون بۆچی نرخیان گۆڕاوە هۆكار چییە؟

پێی گوتم برا ئەم بەیانییە كە فرۆشگام كردەوە، ئەو سەوزەفرۆشەی سەرەوەم هاواری دەكرد، كیلۆیەك تەماتە بە پێنج، ئەگەر منیش نەیكەم بە پێنج كەس لێم ناكڕێت، دەڵێن بێگومان ئەم پیاوە فێڵ دەكات كه بەم شێوەیە كاڵاكانی هەرزان فرۆش دەكات. گوتم باشە برام تۆ لەو كابرایەت نەپرسی ئاخۆ بۆچی نرخی تەماتەی ئاوا بەرز كردووەتەوە؟ بێگومان هۆكارێكی هەیە، ناكرێ تۆش هەمان هۆكاری ئەوت هەبێت.

گوتی نا كاكە ئەگەر كڕیاری فەرموو لێمان بكڕە، ئەگەر نا كاتمان مەگرە، ئەوە كابرایە و خۆت بڕۆ لێی بپرسە بەڵكو بگەیت بە ئەنجام.

هەرچۆنێك بێت زانیم ئەم هیچ نازانێت، تەنیا بەنابینایی شوێن ئەوانی تر كەوتووە، نزیك بوومەوە لە كابرا و لێم پرسی برام دەكرێ بزانم بۆچی نرخی تەماتەت بەرز كردووەتەوە، چی هۆكارێكت هەیە؟ گوتی من ڕۆژی پێشوو كیلۆیەكم بە هەزار كڕیوە، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە پێنج هەزار، بەم شێوە نرخی بووەتە پێنج بەرانبەری جارانی. برام منیش وەك ئەو خەڵكە لە فرۆشگاكانی سەرەوە نرخی تەماتە بەرزە، ئەگەر منیش بە نرخی ئەوان نەیفرۆشم، مایەپووچ دەبم، هەموو خەڵك شك لە كارەكەم دەكەن.

سەیرە، واتە ئەمیش نازانێت هۆكاری ئەم پشێوییە چییە، بەهەمانشێوەی ئەوی تر تەنیا كوێرانە بەشوێن كارێك كەوتووە كه نازانێ هۆكار و سەرچاوەی ڕوودانی چییە.

خۆم گەیاندە ئەو كابرایەی كە گوایە ئەو سەرچاوەی نرخ بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی تەماتەیە لە شاردا، سەیرم كرد كوڕێكی گەنجە و لە فرۆشگایەكی بچووك خەریكی ئیشە، لێم پرسی كاكە دەڵێن گوایە تۆ هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتەی، دەكرێ بزانم بۆ كارێكی وادەكەیت؟

پێكەنی و گوتی، دوێنێ ئێوارە بە ملی شكاوم ویستم كەمێك لای هاوسەرەكەم خۆم خۆشەویست بكەم، نەمزانی ئەو پێش من پیلانی بۆ هەموو شتێك داناوە و چاوەڕوانە من دەست پێ بكەم و ئەویش لە دووم بێت، هەر لەگەڵ دەستپێكردنی من، یاریی شەیتانی ئەو دەستی پێكرد، كاتێك هۆشم هاتەوە چەندان بەڵێنی گەورەم داوە، هەموو بەڵێنەكانیش دەبێت ئەم هەفتەیە تەواو جێبەجێ بكرێت، دەبێت زێڕ و جلی نوێ و چەندان شتی تریش بكڕم تا بەتەواوی لەم كەرێتییەیی خۆم رزگارم دەبێت، منیش بیرم كردەوە بە فرۆشتنی تەماتە بە هەزار دینار هیچم پێ ناكرێت، بۆیە بڕیارم دا كیلۆی بفرۆشم بە پێنج، ئا بەم شێوەیە هیچ نەبێت دەتوانم هەندێك لەو شتانەی بەڵێنم پێ داوە بۆی بكڕم.

ئێستە تێگەشتم هۆكار چییە، بەڵام نازانم ئاخۆ ئەوانی تریش هەمان ڕووداویان بەسەر هاتووە؟ هەركەسەیان و بە شێوازێك بەڵێنی گەورەیان داوە و سووریش دەزانن پێیان ناكرێت، یان ئەوەتا هەر وێنای نابینا بەشوێن بیروباوەڕی ئەوانی تر كەوتووە، لەم بەینەدا منیش بێ تەماتە گەڕامەوە، لە جیاتی تەشریب نیسكێنم لێ نا، دەی هەرچۆنێك بێت هەر باشە پڕە لە ئاسن، بەشی عەشیرەتێكیشی بە پێنج هەزارە، ئەگەر خوا بكات ئەویش وێنای تەماتە نرخی نەفڕێت، ئەوكات ناچار دەبین بۆ میوانداری نان و پیازێك دانێین و بە میوانیش بڵێین بیخۆ شایانی تۆش نییە، بەڵام چی بكەم گیرفانم هەر ئەوەندەی پێ هەڵدەسووڕێ.