پەروەردەی تاك گەشەی کۆمەڵگایە

پەروەردە سیستمێکی چالاکە بۆ بەرهەمهێنانی تاکێکی چالاک، کەواتە پەروەردە بریتییە لە فێرکردن و ڕاهێنان و پەرەپێدانی تاک لەڕووی ڕەفتار و گوفتاری (منداڵ، هەرزەکار و گەنج) بۆ گەیشتن بە کامڵبوون و لوتکە و ئاستی زانیاریی بەهێز، بەڵام بۆچی ئەو گۆڕانکارییە خێراییانەی لەلایەن تاکێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو یا زلهێز ڕوودەدات و دنیا بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، لەناو گەلی کوردستان هەستی پێ ناکەین؟ ئاخۆ تاکی کورد دەتوانێ ئەم گۆڕانکارییە فیکری و پەروەردەییە دروست بکات؟.

بێگومان بەڵێ، بەڵام ئەم دەستکەوتە گەورەیە دەبێت لە پێشدا لە ماڵ و خێزانەوە دەست پێبکات، چونکە سەرەتای دروستبوونی منداڵ لە خێزانەوەیە، دواتر ڕەوانەی کۆمەڵگە دەکرێت و وەک فرۆید دەڵێ: پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ زۆر گرنگە بۆ پەروەردەکردنێکی تەندروست. 

پێویسته ئەو پێنج ساڵە پەروەردەیەکی چاک بە منداڵ بدرێت لە هەموو ڕووییەکەوە، بۆ نموومە چۆنیەتی سڵاوکردن لەگەڵ گەورە، منداڵ لەو تەمەنە پێویستە هان بدرێ بۆ سوپاسکردنی بەرانبەرەکەی هەرکات پێویست بوو، هاوکات ڕابهێنرێ لەو تەمەنەوە ددان بەو هەڵانەدا بنێت کە دەیکات و ئەگەر هەڵەکانی لە سنوور تێپەڕیبوو، ئەوا پێوستە دایک و باوک سزای بدەن تا ئەو کارە نەشیاو و نەخوازراوانە دووبارە نەکەنەوە. ئەمانە چەند نموونەیەکی سەرەکی بوون کە پێویستە دایک و باوک لێی هۆشیار بن. 

قسەیەکی زۆر دووبارە هەیە لەناو باوانی منداڵدا کە لەکاتی گفتوگۆ لەبارەی منداڵەکانیان دەریدەبڕن، ئەویش ئەوەیە کە دەلێن (ئێمە پێویستە ژیانێکی باش بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین). ئەی بۆچی بیر لەوە ناکەینەوە منداڵێکی باش بۆ ژیان و کۆمەڵگە دورست بکەین؟ بەداخەوە ئەوە دەلێم بەڵام لە کوردستان ئێمه منداڵ گەورە دەکەین، بەڵام پەروەردەی ناکەین. 

ئەو وڵاتانەی لە جەنگی دووەمى جیهانی وێران کرابوون و ئێستە باشترین جۆری پەروەردەیان هەیە وەک ژاپۆن، ئەڵمانیا و ئیسپانیا ..هتد لە خاڵە هەرە گرنگەکان ئەوەیە گرنگیان بە گەشەی مێشکی منداڵ دەدەن. مێشکی منداڵیش بەوە گەشە دەکات فێر بکرێ کتێب بخوێنێتەوە، تا منداڵە بە چیرۆک و گۆڤار ڕابهێنرێت و کە گەورە بوو خوێندنەوە لای وەک کولتوور وابێت. 

هەڵبەتە سەقامگیری باری سیاسی و دارایی کار دەکاتە سەر خێزانو خۆشگوزەرانی خێزان و کۆمەڵگەیش، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبێ، هەم خێزان و هەمیش حکوومەی پێویستە هاندەری هەمەلایەنەی یەک بن بۆ سەقامگیرکردنی کۆمەڵێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو. 

ئێمە هەمیشە دووپات لەسەر ئەوە دەکەین ئەو کەسەی لە ڕووی ئەکادیمی بڕوانەمەی هەبێت و خوێندەوار بێ کەسێکی ڕۆشنبیرە، بەڵام بێگومان ئەم جۆرە تێڕوانینە زۆر هەڵەیە و مەرج نییە هەر خوێندەوارێک ڕۆشنبیر بێ و یا هەر کەسێکی نەخوێندەوار ناڕۆشنبیر بێ، نەخوێندەواری وا هەیە لە یەکێک لە بوارەکانی کۆمەڵدا خزمەت دەکات و بۆ بەرژەوەندی خۆی و گەل و نیشتمانیش بەسوودە، خوێندەواری واشمان هەیە نەک هەر ڕۆشنبیر نییە بەڵکو تاکێکی بێسوودە و بگرە زەرەر و زیانیشی هەیە. 

ئاستی ڕۆشنبیری زۆر فراوانە و مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە. بێگومان نوێخوازی و گەشەکردنی کۆمەڵگە کارێکی خۆڕسک نییە و هیچ گەل و وەڵاتێکمان نەدیووە بەشێوەیەکی سروشتی گەیشتبێتە لووتکە، بەڵکو پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زۆر و میکانیزیمی بەرز و پێشکەوتووە، بە شێوەیەکی گشتی دەبێت سیستمێک پێک بێت بۆ خزمەتکردن بە تاک و کۆمەڵ، هەروەها وەک سەرەتا ئاماژەمان پێدا، خێزان بنچینەی پەروەردەیە، لەسەر خێزان و دایک و باوک پێویستە منداڵەکان بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمی پەروەردە بکەن و پەرەیان پێ بدەن، دواتر لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانکۆ پەرەی زیاتریان پێ بدرێ. 

لێرەدا حکوومەت کە بەڕێوەبەری گەل و نەتەوەیە، ئەرکە لەسەری ئەم لایەنە گرنگی پێ بدات و شێواز و سیستمێکی زاستی بەکاربێنێت بۆ پەروەردەکردنی تاک. 

هەندێ جار لەناو کۆمەڵگەی دواکەوتوو تاک خۆی هەڵساوە بە خۆپەروەردەکردن و زۆرینەی جاریش سەرکەوتوو بوونە. واتا تاک هەمیشە هەوڵی ئەوە بدات بەدوای زانیاریدا بگەڕێت و ڕۆڵی کتێب و کتێبخانە گرنگ بنرخێنی، تا بتوانی لە قەیرانی هزری ڕزگار بێت و شۆڕشی فیکری و مەعریفی لە خۆیدا بکات و هیچ بارودۆخێک پاساوی کەمتەرخەمی لا دروست نەکات، چونکە، چۆن سک پێوستی بەخواردنە بۆ گەشەکردنی لەش، مێشکیش پێویستی بە خوێندنەوە و زانیارییە، تا گەشە بکات.