مافپه‌روه‌ر/ ڕێدار عومه‌ر
دنیای ئێسته ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه، هه‌ڕه‌شه و ته‌نگژه‌ی جۆربه‌جۆر بووه‌ته‌وه كه به بۆچوونی ئێمه ده‌توانێ له‌ژێر كاریگه‌ری دوو هۆكاری گرنگدا بێت، سه‌پاندنی سیاسه‌تی زۆره‌ملێ و ده‌ستێوه‌ردانی دنیای له لایه‌كه‌وه و گه‌شه‌ی توندڕۆیی و توندوتیژی ناوچه‌یی له لایه‌كی تره‌وه.
ئه‌م دوو دیارده سیاسییه له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ك له گۆڕانكاری و ڕاستییه‌كانی دنیا و ناوچه‌كه ته‌با نییه. سه‌رده‌می ئێمه، سه‌رده‌می گه‌شه‌ی زانست و ته‌كنۆلۆجیای نوێ، سه‌رده‌می هۆشیاربوونه‌وه‌ی گه‌لان، سه‌رده‌می گه‌شه‌ی بڕوابوون به خه‌ڵك و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له دنیای فره‌كولتوور و فره نه‌ته‌وه‌یه، نه‌ك سه‌پاندنی بڕیاری تاكلایه‌نه هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می چه‌وسانه‌وه‌ی داگیركه‌ر و توندوتیژی و توندڕۆیی به ناوی نه‌ته‌وه و مه‌زه‌وه‌وه.
ئه‌گه‌رچی تیرۆر و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان خاوه‌ن مێژوویه‌كی دوور و درێژن و توندوتیژی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تی تیرۆر له هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكی مێژوویی‌دا بوونی هه‌بووه، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاستی ئه‌نجامدانی ئه‌و توندوتیژییه‌ی ڕێكخراوێكی وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ناوی "اللهاكبر" و دژ به هاووڵاتییانی سڤیل ئه‌نجامی ده‌دات له مێژوودا دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ن بێت، ده‌گمه‌نی چ له ئاستی ژماره‌ی قوربانییه‌كانی و چ له ئاستی شێواز و ته‌كتیكه‌كانی به‌كارهێنانی توندوتیژی یان له ده‌وڵه‌مه‌ندی و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر ته‌واوی وڵاتانی دنیا. پرسی توندوتیژی و تیرۆر وه‌ك دیارده‌یه‌كی مێژووكرد هه‌بووه و هه‌یه و له ئاینده‌شدا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه ناكرێت پێشبینی له‌ناوچوونی ئه‌و دیارده‌یه بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به ڕێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"یه‌وه هه‌یه، ده‌كرێت پێشبینی لاوازبوون یان له‌ناوچوون و نه‌مانی بكرێت، ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ناو و ڕه‌نگی تردا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه و به‌م پێكهاته و بوونه‌ی كه ئێسته نه‌توانێت به‌رده‌وام بێت.
رێوشوێنه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕێكخراوی داعش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر به‌كارهێنانی توندوتیژی بێ سنوور بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانیان، ناتوانن درێژه به ته‌مه‌نی خۆیان بده‌ن و پشتگیری درێژخایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی یان هه‌رێمی به‌ده‌ست بێنن، چونكه كرده‌وه‌كانیان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه و سنوورێك بۆ ده‌ستدرێژییه‌كانیان دابنێت، له‌م ناوه‌نده‌شدا وڵاتان ناتوانن پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ن و پێوه‌ندی فه‌رمییان له‌گه‌ڵ ببه‌ستن یان یارمه‌تییان بده‌ن. به‌ڵام بنبڕكردنی تیرۆریزم كارێكی نهكردهیییه و ناتوانرێت ئه‌م دیارده‌یه له ڕیشه‌وه هه‌ڵبكێشرێت، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێن و هه‌نگاو هه‌ن ده‌كرێت بگیرێته‌به‌ر بۆ سنوورداركردنی چالاكییه تیرۆریستییه‌كان و بچووككردنهوهیان، له‌وانه‌ش وه‌ك هه‌ڵمه‌تی نابوتكردنی شه‌رعیه‌تی تیرۆریستان له كوشتنی مرۆڤی بێ‌تاوان، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه پشتگیری تیرۆر ده‌كه‌ن یان هاندانیان بۆ خۆدوورخستنه‌وه له پارێزگاریكردنی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، پاراستنی ئه‌و پێگه و خاڵانه‌ی كه له‌ناو ده‌وڵه‌تدان و جێی ئامانجی په‌لاماری ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانن، گرتنه‌به‌ری ڕێكاری گونجاو و كاریگه‌ر بۆ رێگریكردن له گرووپ و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به چه‌ك و كه‌ره‌سته چه‌كدارییه‌كان، هه‌روه‌ها ناسینی ناوه‌ڕۆكی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و تێگه‌یشتن لێیان به ئامانجی له‌ناوبردنی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
له زۆر وڵات تیرۆر هه‌بووه و له كونجه تاریكه‌كاندا كاری كردووه و هه‌ندێ جار ده‌ستی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌ر ده‌سه‌ڵات تێكه‌ڵ كردووه بۆ قه‌ڵاچۆكردنی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه دژایه‌تی كراوه، واته له‌لایه‌ك دژایه‌تی كراوه و له‌لایه‌كی تریش پشتگیری كراوه. تیرۆر و توندوتیژی زاده‌ی عه‌قڵێكی داخراون كه بواری مرۆیی و مرۆڤدۆستی و هه‌سته ناسكه‌كان تیایدا هێنده لاواز بووه، ته‌نیا به‌زه‌یی به‌خۆیشیدا نایه‌ته‌وه، بۆیه له یه‌ك چركه‌دا گیانی خۆی ده‌كات به بۆمبێك و سه‌دان گیانی تریش له‌ناو ده‌بات. ئیتر هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بزانێ تیرۆر چۆن دروست ده‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت سه‌یری دڵڕه‌قی و مێشك داخراوی تاكه‌كان بكات. ئینجا ئه‌م تاكه چ له ده‌سه‌ڵات بوو یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چی گرووپێكی نهێنی بوو یان حزبێكی ئاشكرا، بۆیه گرنگیدان به گیانی مرۆڤدۆستانه و ڕێزگرتن له مرۆڤ یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌یه بۆ دروستكردنی سه‌نگه‌ری دژی تیرۆر.
مه‌به‌ستی تیرۆر سه‌ره‌تا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه و دواتر ده‌گاته ئاستی وێرانكردن، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دژی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یا كه‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌ك، تۆڵه‌ی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار، تۆڵه‌ی حزبێك له یه‌كێكی تر و ئاینێك دژی ئه‌وه‌ی تر. به‌م شێوه‌یه په‌ره ده‌ستێنێ تا سه‌ره‌نجام ژیان ده‌كات به ژان و مرۆڤایه‌تی ده‌باته سه‌رلێواری دۆزه‌خێكی له‌بن نه‌هاتوو, ئێسته تیرۆریزم جه‌نگ ده‌كات له‌بری وڵاته زلهێزه‌كان و له‌ناو یه‌ك گرووپی تیرۆریستی‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند وڵاتێك دێته دی و هه‌ر وڵاتێك هه‌وڵ ده‌دات جێده‌ستی خۆی هه‌بێ له‌ناو گرووپه تیرۆریستییه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی دژی ئه‌وی تر به‌كاری بێنێ یان لانی كه‌م دژی خۆی به‌كار نه‌یه‌ت. كه‌واته تیرۆر هه‌م كار و هه‌م كاردانه‌وه‌یه، كاری ده‌وڵه‌ته دژی ئه‌وه‌ی تر و كاردانه‌وه‌ی ئه‌وانی تره دژی ده‌وڵه‌ت، سه‌ره‌نجام گۆبه‌ندێك هاتووه‌ته كایه‌وه مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه سه‌ریان لێی ده‌ربچێ كه دروستیان كردووه.
دوایین به‌رهه‌می تیرۆریزم خۆی له داعشدا وێنا ده‌كات كه هێزێكه ڕه‌گی دیار نییه و په‌لوپۆی بۆ هه‌موو دنیا هاویشت و له‌ناو ئه‌م دنیا شووشهئاسایهدا كاری خۆی ده‌كات، ئیتر كار له‌وه ترازاوه كه‌سێك ئه‌وی تر تۆمه‌تبار بكات له‌سه‌ر پشتگیری تیرۆر، چونكه هه‌موو وڵاته‌كان به ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان هه‌بووه له دروستبوونیدا، یان ڕێیان بۆ خۆش كردووه، گرووپه ئیسلامییه توندڕۆ و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان هه‌میشه تیرۆریان وه‌ك ئامراز و پڕوپاگه‌نده بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی هه‌ژار و پۆپۆلیزمی جه‌ماوه‌ری خۆیان و به قۆستنه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ سه‌ر خۆیان و وڵاتانی ئیسلامی، به‌كار هێناوه. له جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئهمسهریشهوه ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ته‌كانیان به دیموكرات و دیكتاتۆریانهوه، كاری تیرۆریستانه‌ی ئه‌وانیان وه‌ك ڕه‌خسانی ده‌رفه‌ت بۆ خۆیان قۆستووه‌ته‌وه له به‌گه‌ڕخستنی پلانه‌كانیان، له ده‌ركردنی جۆره‌ها یاسا به پاساوی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سه‌لامه‌تییان له‌ژێر ناوی یاسای دژه‌تیرۆر و تیرۆریست، كه یاساكان شتێك نین جگه له هێنانه‌وه‌یه‌كی ئازادی و مافه‌كانی هاووڵاتییان و چالاكییه‌كانیان دژی سیسته‌مه‌كه و ده‌وڵه‌ته‌كانی.
له‌و وڵاتانه‌ی كه تیرۆر ده‌كرێت، هاووڵاتییانی له دوو لاوه باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، یه‌كه‌میان كه كوشتن و له‌ناوبردنیانه. دووه‌میان ته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی و سهربهستییهكانیانه.