یەکێتی لە شەڕی باڵباڵێنه‌وه‌ بۆ شەڕی کەسایه‌تییەکان

PM:01:48:08/02/2017 ‌

لە سەرەتای دروستبوونیيەوە دوو هۆکار باڵەکانی یەکێتی بەیەکەوە هێشتووەته‌وه‌ یەکەمیان مام جەلال، دووەمیان مەترسییە دەرەکییەکان کە زیاتریش هەوڵدراوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وێنە بکرێ، چونکە یەکێتی درێژکراوەی باڵی جەلالیەتە، ئێستا یەکێتی هەر لە بەر هەمان هۆکار وەک سەرکردەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن و لە پێناو هێشتنەوەی یەکێتی بە بەهێزی و یەکگرتوویی ئەوە لە قۆناغی باڵباڵێن دەربازی بووە و کەوتۆتە قۆناغی ململانێی نێوان کەسەکان ئەوەش دەرهاوێشتەی غیابی مام جەلال و ترسی پەرتبوونی یەکێتییە.

ژمارە گەورەکانی ناو ململانێ ناوخۆیییەکانی یەکێتی لە چل ساڵی رابردوو نەیانتوانی لە بەرژەوەندی باڵێک کۆتایی بە بێنە و بەردەکەیان بێنن، بۆیە یان بە ئینشیقاقێکی لە شێوەی کودەتا وەک راگەیاندنی (ئاڵای شۆڕش) لە ناوەڕاستی هەشتاکان کە مەلا بەختیار کردی و پاشان فەشەلی هێنا و گەڕایەوە ناو یەکێتی و دواتریش نەوشیروان مستەفا هەمان ئه‌زموونی دووبارە کردەوە، بەڵام بەهۆی هۆکاری بابەتی و خودی تۆزێک لە هەڵگەڕانەوەکەی مەلا بەختیار زیاتر چوو له‌ ئه‌نجامدا کۆتایییەکەی کە ئێستا دەستی پێ کردووە بە رادەست کردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە بنەماڵەی تاڵەبانی کۆتایی دێت، ئەزموونی دووەمیش کە هەوڵدان بووە لە ناوخۆی یەکێتی بۆ چاککردنی یەکێتی هەر زوو پووکاونەتەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان دروست نەکردووە وەک ئەوەی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵە لە ساڵی هەشتا و چواری بالیسان کە دەرئەنجامەکەی بە لەناوچوونی ئەو کادیرانە بوو کە لە رێگای شەقڵاوە – هیران بۆمبێکیان پێدا تەقیەوە و هەموویان شەهید بوون، یان راگەیاندنی باڵی ریفۆرم لە ناوەڕاستی نەوەدەکان کە بوونە گرووپێکی لەبیرکراو کە تا دوای شەڕی ئازادی عێڕاق کەس وەبیر نەمابوون تا ئەو کات لە فۆڕمی ( ڕەگ ) دا دووبارە خۆیان راگەیاندەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی نەوشیروان مستەفا کە دواتر لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان بزر بوون، دواین نموونەی لەو جۆرەش راگەیاندنی باڵی ناوه‌ندی بڕیاره‌ بە سەرکردایەتی هەردوو جێگرەکەی تاڵەبانی کە بە راگەیەندراوێکی تووند دەستیان پێ کرد و بە بێدەنگییەکی تووندیش خەریکە پایدۆزی لێ دەکەن و ماڵیان لەگەڵ دادە تێکەڵ دەکەنەوە.

بنەماڵەی تاڵەبانی کە لەلایەن دوو کچی ئیبراهیم ئەحمەد هێرۆ و شاناز و چەند گەنجێکی بنەماڵەکە پێک دێت و بە پاڵپشتی دەرەکی و بە کەڵک وەرگرتن لە پێوەندییە دێرین و بەرفراوانەکانی جەلال تاڵەبانی توانیان ململانێکان بگوازنەوە ناو بازنەیەکی بچووکتر کە تەنیا جێگای چەند ناوێک دەبێتەوە کە ئەوانیش نەوەکانی ئیبراهیم ئەحمەدن کە دوو کوڕی جەلال تاڵەبانین ( پاڤێل و قوباد ) هەروەها کوڕەکانی شاناز کە ئێستا کاریان بۆ دەکا و ڕەنگە لە داهاتوێکی زۆر درەنگ نا ئەوانیش ببنە ناو و سەرێکی گوریسەکە بگرن.

روونە ئێسته‌ گوریسەکە دوو سەرە و ھەر چەندێکیان لە بەرەیەکن بۆ ڕاکێشانی، بەڵام ئەوەی بووە ھۆی ڕاوەستانی یاریەکە دەستی دەرەکیە  کە ناوەڕاستی گۆریسەکەی گرتیە بۆ ئەوه‌ی یاریەکە بە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بێنن.