نووری بێخاڵی
یه‌كه‌م
ده‌ڵێن "هه‌موو شوێنێكی خۆش، چیرۆكێكی هه‌یه". له‌وانه‌یه وابێت، به‌ڵام كێ ده‌ڵێ خۆشییه‌كانمان هه‌مان تام و بۆن ده‌ده‌ن؟ بیرمان نه‌چێت، شوێن و شتێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی كات، وه‌ك چۆن هیچ كاتێكیش له نه‌بوونی شوێندا نییه. جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه به‌هۆی سروشتی ڕووداوه‌كانه‌وه، شوێن و كات له وێنه‌ی جیاوازدا دێنه‌وه ناو یاده‌وه‌ریمان.
ده‌شێ شوێنێكی خۆش، له كاتێكی ناخۆشدا بۆ هه‌میشه بریندارمان بكات، ڕه‌نگه جێیه‌كی ناخۆشیش له كاتێكی خۆشدا، ئاسووده‌ییمان پێ ببه‌خشێت. كه‌واته شته‌كان ڕێژه‌یین، چونكه هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی سێینه‌ی ڕووداو و شوێنكاتدا نییه.
ئه‌وه بۆیه نووسین بڕێ جار دیلی یاده‌وه‌ری، هه‌ندێك جاریش زیندانیی ئێسته‌یه، دیاره هیچ دوێنێ و ئێسته‌یه‌كیش له‌ودیو هاوكێشه‌ی ئه‌و سێینه‌یه نییه كه ناومان بردن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه چێژی نووسینیش لای ئه‌و و تۆ، ده‌گۆڕێت.
دووه‌م
ئێمه خه‌یاڵ ده‌نووسینه‌وه، واقیع له تابلۆی وشه‌دا داده‌ڕێژینه‌وه، تۆش كه‌یفی خۆته به شێت، یان خڵه‌فاو ناومان ده‌به‌یت. له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا شێت و خڵه‌فاوی ناو په‌لكه‌زێڕینه‌ی خه‌یاڵ و ستاتیكای زمان، زۆر له مێگه‌لی ناو ته‌ویله‌ی سیاسه‌ت و كۆزی ئایدیۆلۆجیا، ویژدان زیندووترن، چونكه خاوه‌ن و سه‌رداری خۆیانن. ده‌ی ئه‌مه دیوێكی هه‌ره جوانیی نووسینه.
سێیه‌م
ڕاسته، ناشیرینییه‌كانی سیاسه‌ت له‌ناو ئه‌ده‌بدا ناشیرینتر ده‌رده‌كه‌ون. چونكه له واقیعدا ته‌نیا ڕووخساره ناشیرینه‌كه‌ی ده‌بینین، به‌ڵام ئه‌ده‌ب قووڵاییه قێزه‌ونه‌كه‌ی ئه‌م یارییه مرۆڤ و ژیانكوژه‌مان پێ ئاشنا ده‌كات. بۆیه مردن له‌ناو مێرگ و سه‌وزه‌ڵانه‌كانی ئه‌ده‌بدا، هه‌زار ژیانی ناو قاقڕ و ڕووته‌ڵانه‌كانی سیاسه‌تی به قوربان بێت.
چواره‌م
ئه‌وه كێشه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بی نییه كه په‌ی به بونیاده فیكری و مه‌عریفییه‌كانی، به ڕه‌هه‌نده قووڵه ژیان و مرۆڤدۆستییه‌كانی، به زۆر له نهێنییه ستاتیكییه‌كانی تری نابه‌یت، به‌ڵكو كێشه‌كه له خۆتدایه كه ناته‌وێ دركیان پێ بكه‌یت، یان هه‌ر له خۆته‌وه بڕیاری پێشوه‌خته‌ت داوه كه خۆتی لێ نه‌بان بكه‌یت.
پێنجه‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بی به دنیایه‌ك خه‌م و خه‌ون و خولیای مرۆڤ/مرۆڤایه‌تی بارگاوییه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا تێكستی ئه‌ده‌بی، خه‌مه‌كانی جیهانی هه‌ڵنه‌گرتووه، په‌یامی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مرۆڤایه‌تی پێ نییه و مه‌به‌ستیشی نییه هیچ موژده‌یه‌ك بداته مرۆڤ، به‌ڵكو ئه‌وه خوێنه‌ره ڕه‌نگه خه‌مێكی خۆی له تێكسته‌كه‌دا ده‌دۆزێته‌وه، ئیتر ئه‌و كاڵایه به باڵای فڵان و فیسار تێكستدا ده‌بڕێت.
ڕه‌نگه یه‌كێك له هۆكاره‌كان ئه‌وه بێت كه ئه‌دیب هه‌رگیز نه نووسینه‌كه‌ی وه‌ك كتێبێكی پیرۆزی ئاسمانی، نه خۆیشی وه‌ك په‌یامبه‌ر و موژده‌به‌ر نابینێت.
تۆ بۆ خۆت ده‌بێ خاوه‌نی خه‌ون و خولیای خۆت بیت، بۆ خۆت باری خه‌مه‌كانت سووك بكه‌یت و به شوێن چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانته‌وه بیت.
له‌وانه‌یه تێكستی ئه‌ده‌بی جۆرێك له جادووت لێ بكات، وه‌لێ دواجار خه‌یاڵی خاوه‌نی تێكست و خه‌یاڵی تۆ، دوو شتی جیاوازن.
دواجار ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌نده‌ی باشه وا ناكات ڕق داتپۆشێ، كینه بتخواته‌وه، دڵت ڕه‌ش داگه‌ڕێ و مرۆڤایه‌تیت خۆش نه‌وێت.
شه‌شه‌م
ئه‌وه ده‌زانم ئه‌گه‌ر نووسین له خراپترینی شته‌كانیش نه‌بێت، به‌ڵام له خراپه‌كانه، بۆیه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر نووسین.
نووسین وه‌ك دانانی به‌ربه‌ستێك له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، وه‌ك دروستكردنی دیوارێك له نێوان یاده‌وه‌ری و ئێسته‌دا.
نووسین ئه‌گه‌ر خراپیش بێت، وه‌لێ هێشتا هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه مه‌ترسییه‌كانی ژیانت له‌سه‌ر كاڵ بكاته‌وه. هێشتا ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وه دێت، باری قورسی ژیانت سووك بكات. هێشتا وزه‌ی ئه‌وه‌ت پێ ده‌به‌خشێت، به‌ر به گێژه‌نی ونبوون بگرێت.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه و ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك له نێوان وه‌نه‌وزدان و بێداری دابنێم. بۆ ئه‌وه‌ی به خاڵێك كۆتایی به ڕسته‌ی كۆمیدیای خۆشخه‌یاڵی بهێنم و بناغه‌ی ڕسته‌یه‌كی سه‌رشێتیی دابنێم. بۆ ئه‌وه‌ی له سفری سه‌ركێشییه‌وه تێ هه‌ڵبچمه‌وه.
نووسین ئه‌گه‌ر خراپیش بێت، هاوڕێیه‌كی وه‌فاداری سه‌ختییه‌كانه. یاوه‌رێكی به ئه‌مه‌كی ڕێی دوور و دۆستێكی جێ متمانه‌ی ته‌نگانه‌یه.
نووسین له تاریكی‌دا ڕۆشنایی، له ته‌نیاییدا هاوده‌م، له ترس‌دا په‌نا، له كه‌وتندا گۆچان و له بێهووده‌ییدا كڵاوڕۆژنه‌یه.
هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌منووسی، خۆشخه‌یاڵ نه‌بووم و خۆشباوه‌ڕیی ده‌ستی نه‌بڕیبووم، كه له نووسین خاو بوومه‌وه، ڕۆژگه‌لێكی زۆرم به‌دیار خۆشخه‌یاڵییه‌وه به‌فیڕۆ چوون، ساتگه‌لێكیش زۆر به‌هۆی خۆشباوه‌ڕی. خراپیی نووسین ئه‌وه‌یه، هه‌میشه باشترینی باشترینه‌كانه.