کوردبوون لەنێوان قسە و کرداردا!

PM:07:36:13/04/2020 ‌


10ی ئاداری 2020، حکوومەتی پاکستان تووشبوونی نۆ کەسی بە ڤایرۆسی "کۆڤید 19" ڕاگەیاند و دووپاتیشی کردەوە کە شه‌ش کەس لە تووشبووەکان، لە سووریاوە و بە ڕێگای فڕۆکەخانەی ده‌وحە چووبوونە ئەو وڵاتە، بەڵام حکوومەتی سووریا هەر زوو هەواڵەکەی ڕەت کردەوە و نکۆڵیی لەوە کرد، هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەی هەبێت.

سەرەڕای ڕاگەیەنراوەکەی حکوومەتی پاکستان، هەروەها دوای دوو هەفتە بێدەنگیی و خۆبواردنی حکوومەتی دیمەشق لە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سووریا، کە سۆشیال میدیای تەنیەوە، دواجار لە ٢٢ی ئادار، (نزار یازجی - وەزیری تەندروستیی سووریا)، بە فەرمی و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

ئەگەرچی "یازجی" ئاماژەی بە ناو و ڕەگەز و تەمەنی تووشبووەکە نەکرد، بەڵام زۆرینەی خەڵکی سووریا پێیان وابوو ڕەنگە تووشبووەکە سووریی نەبێت و گومانیان لەوە هەبوو کەسەکە بێگانە بێت. بۆ پشتڕاستکردنەوەی گومانەکەیشیان، باسیان لە ئەگەری ڕۆڵی ئێران کرد لە بڵاوکردنەوەی پەتاکە لە سووریا، بەتایبەتی کە ژمارەیەکی زۆری میلیشیا شیعییەکانی ئێران لە وڵاتەکەیاندا هەن.
 
سوورییەکان کە نزیکەی دە ساڵە بەدەست شەڕ و شۆڕەوە دەناڵێنن، هەواڵی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هێندە و زیاتر، شپرزەی کردن و باری شانیانی قورستر کرد. پەتایەک کە لەناو ئەو دۆخە ناهەموارەدا، دەرگای ژیانیان بە تەواوی بەسەردا دادەخات. چونکە بەپێی ئامارەکان، بە هۆی جەنگی ١٠ ساڵەی سووریا، نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نەماون و لە کەمپەکاندا دەژین. زیاتر لە 11 ملیۆن هاووڵاتی سووری، لەناویاندا ٥ ملیۆن منداڵ، پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە. نزیکەی هه‌شت ملیۆن کەس خۆراکی پێویست و ڕۆژانەیان دەست ناکەوێ (بەراورد بە ساڵی 2019، ڕێژەکە 20٪ زیاتر بووە)، هاوکات 500 هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن. لە دۆخێکی واشدا، جوڵەی دانیشتوان بە هۆی شەڕ.. خراپیی سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکە.. کەمیی پێداویستییە تەندروستی و ئامێرە پزیشکییەکان، بەتایبەتی پێداویستیی خۆپارێزیی پزیشکی و ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد.. سەختیی لە دابڕینی کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان بە هۆی قەرەباڵغیان، هەروەها ئاستی خراپیی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆکان. هەموو ئەوانە و زۆر شتی دیکەش، هۆکارن لە زیاتر تەشەنەکردنی پەتاکە.

بۆیە سەرەڕای ئەو کارەساتە مرۆییەی پەتاکە بەسەر وڵاتانی چین و ئیتاڵیای هێنا، بەڵام دەرکەوتنی کۆرۆنا لە سووریا، جیاواز لە وڵاتانی تر و زیاتر، تەواوی جیهانی ترساند. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت، کە وایکرد (ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان) بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس و پەتاکە، داوای بەپەلە ڕاگرتنی شەڕ و ئاڵۆزیی لەسەر ئاستی جیهاندا بکات و هۆشداریشی دا کە "سووریا ڕووبەڕووی مەترسیێکی گەورە دەبێتەوە، چونکە ناتوانێ پەتاکە کۆنتڕۆڵ بکات" و "مارک لوکوک"ی یاریدەدەری "گۆتیریش" بۆ کاروباری مرۆیی، لە میانی وتارێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ”کۆرۆنا لە سووریا کاریگەریێکی وێرانکەرانەی بەسەر کۆمەڵگا لاوازەکانی ناو وڵاتەکە دەبێت".

زێدەگۆیی نییە، ئەگەر بڵێین: قسەکەی مارک لوکوک) لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە گوتیشی: ”هەموو هەوڵەکان بۆ گەڕان بەداوی دۆزینەوەی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید19، بە هۆی سیستەمی داتەپیوی تەندروستیی لە سووریا و ڕێگرییەکانەوە، ئاستەگیان دێتە ڕێگا". هاوکات لێدوانی (گیر بیدرسۆن، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا) کە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندووە: "دوای توندوتیژیێکی ترسناک، جۆرێک لە ئارامیی ناجێگیر هەستی پێ دەکرێت، بەڵام هەنووکە سوورییەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدار و وێرانکەری نوێ بوونەتەوە، کە ڤایرۆسی کۆڤید١٩ یە". ئەمەو لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەی خەڵکی سووریا، کە ئاماژە بەوە دەکەن، ڕۆژانە چەندین کەس بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەوە دەمرن، بەڵام دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی حکوومەت داوای پەردەپۆشکردنی زانیاری و داتاکان لە کەناڵەکانی میدیای وڵاتەکەیان دەکەن، قەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییە نیشان بدەن.

پەیوەست بە بێباکیی دیمەشق لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بە تەواوی وڵاتدا و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە. لە بەیاننامەیەکدا کە "هەشتی نیسان" بڵاوی کردەوە، بەڕێوەبەری خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، حکوومەتی سووریا بە هۆکاری تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان (لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا)، هەروەها بە گواستنەوە و هاتوچۆی هاووڵاتیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بۆ دیمەشق و بەپێچەوانەوە، ئەمەو بەبێ چاودێریکردنیان و پشکنینی پزیشکی بۆ ئەو خەڵکە، تاوانبار دەکات و جەخت دەکاتەوە، کە دیمەشق ئامادەی هیچ هاوکاریی و هەماهەنگیێک نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و دەڵێت: "حکوومەت ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگی نییە و بە ڕەفتارە هەڵەکانی، ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە”.

سەرەڕای خەمساردیی و کەمتەرخەمیی حکوومەتی سووریا، لە پاراستنی ژیان و گیانی هاووڵاتیان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە سنووری دەسەڵاتدارێتیی خۆی، بەپێی توانا مرۆیی و لۆجستییەکانی، پلانێکی بۆ ڕێگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتەبەر. پلانەکەش چەندین ڕێکار و ڕێوشوێنی لەخۆ گرتبوو، لەوانە (قەدەغەکردنی کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکان.. ڕاگرتنی خوێندن لە تەواوی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان.. ڕێگرتن لە هاتنە ژوورەوەی هەموو کەسێک لە دەروازە سنوورییەکان، جگە لەوانەی خەڵکی ناوچەکەن، بۆ ئەمەش هەموو لە هەفتەیەکدا ڕۆژێکیان - سێشەممە - بۆ هاتنە ژوورەوەی ئەو کەسانە دیاری کرد.. قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرتاسەری سنووری خۆبەڕێوەبەری، چ لە نێوان کانتۆنەکان و شارەکاندا، یان لەناو خودی یەک کانتۆن و شاریشدا، کە تا 21ی نیسان درێژ کراوەتەوە.. داخستنی تەواوی کافتێریا، چێشتخانە، شوێنە بازرگانی، باخچە گشتییەکان، نۆڕینگە پزیشکییەکان و هۆڵەکانی پرسە و بۆنەکان و....)، ئەمەو لەگەڵ چەندین ڕێکاری تر، کە دیارترینیان بریتی بوو لە پێشوازیکردنی هەر تەرمێک کە لە دەرەوەی سنووری خۆبەڕێوەبەری بێتەوە ناوچەکە، بەو مەرجەی هی خەڵکی ناوچەکە بێت و بە ڕێکارە تەندروستییەکاندا ڕەت بووبێت، هاوکات لەگەڵ کەرەنتینەکردنی هەر کەسێک، کە لە دەرەوەی سنووری خۆبەڕێوەبەری بچێتە ناوچەکە، بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ. 

دیارە لە نێوان خۆدزینەوەی ڕووسیا لە بەرپرسیارێتیی بەدەنگەوەچوونی کوردانی ڕۆژئاوا (بە بیانووی ئەوەی کە دەستیان ناگاتە ئەو شوێنانە)، لەگەڵ دووڕوویی و دڕدۆنگیی ئەمریکا لە بەهاناوە نەچوون و هاوکاری نەکردنی لۆجیسیتی و دارایی کوردی ئەو پارچەیەی کوردستان، هەروەها هاوکارنەبوونی دیمەشق بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە تەشەنە نەکات، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وێڕای ئەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانەی گرتنیە بەر، وەک ئەندام و بەشێکی جەستەی کوردستان، ڕووی کردە هەرێمی کوردستان. بۆ ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا (لە ١ی نیسان)، نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی، داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەریمی کوردستان کرد، هاوکاریی پێویست پێشکەشی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری بکەن.

خێرایی و پەلەکردنی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم، بەدیاریکراویش بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان) بۆ بەدەنگەوەچوونی داواکارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و داخوازیی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە دابینکردنی تاقیگەی پزیشکی و چەندین پێداویستیی دیکەی تەندروستی، هەروەها نیشاندانی ئامادەیی سەرۆکایەتیی هەرێم و خودی سەرۆک بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێکی دیکە، بە ئامانجی بەرگرتن بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لەناو هاوزمان و هاوخوێنەکانمان، لە بەرامبەریشدا سوپاس و ستایشی بەڕێز (مەزڵووم عەبدی - فەرماندەی گشتیی هەسەدە) بۆ دڵسۆزیی و خەمخۆریی سەرۆکی هەرێم، جارێکی دیکە هەموومانی خستەوەر بەردەم ئەو ڕاستییەی، کە جگە لە خۆی و چیاکانی، هیچ دۆستێکی دیکەی ڕاستەقینەی نییە.
ئەم هەڵوێست و هەنگاوەی سەرۆکی هەرێم و کاردانەوەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، دووبارە ناچارمان دەکات، کە وەک کورد لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ناوماڵی کوردستانیدا، بە گوتار و مامەڵەی سیاسیماندا بچینەوە و واز لەو شەڕەچەقی ئایدیۆلۆژی بێنن، هەروەها لە کەلی کەللەڕەقیی حزبایەتیی کوێر بێینەخوار. چونکە دواجار لە ئەگەری هەر کارەسات و لێقەومان و تەنگانەیەکدا، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەر دەبێ کورد بە کەڵکی یەکتر بێن و سەر بەسەر برین و ئازاری یەکتریدا بکەن. بەپێچەوانەوە، دۆستە دووڕوو و دڕدۆنگە نێودەوڵەتییەکان، تەنیا بەرمەبنای بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان مامەڵە لەگەڵ کورددا (وەک دۆز و وەک مرۆڤ)دەکەن. وەک چۆن عەرەب و تورک و فارس، هەرگیز بە ڕەنگی سوور و سەوز و زەرد و تێکەڵ و مۆر و قاوەیی و شین و چی و چیتری حزبەکانمان، نامانبینن، بەڵکوو هەمیشە وەک نەوەی جنۆکە، تورکی کێوی و جڕوجانەوەر سەیرمان دەکەن و جگە لە مەوالێتیی و کۆیلەیەتیی و پاشکۆیەتیی بۆ ئەوان، مافی ژیانێکی شایستە بە بوون و بەها و شکۆی مرۆڤمان پێ ڕەوا نابینن.

لەم گۆشەنیگایەوە، وەک هاووڵاتیێک دەستخۆشیی لە بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان) دەکەم. چونکە ئەوەی کردوویەتی و دەیکات، کە بەدڵنیاییەوە بەشێکە لە ستراتیژی کارکردنی لە سەرۆکایەتیی هەرێمدا، لە ئاستە سیاسییەکەیدا هەستکردنە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییە. وەک چۆن لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیشیدا، پابەندبوونە بە بەها ویژدانی و ئەخلاقییەکان. ڕاستییەکەیشی، بە چاوپۆشین لە جیاوازیی بیرکردنەوەی سیاسی و پاشخانی ئایدیۆلۆژیی هەر یەکێکمان وەک کورد، دەبێ و زۆریش پێویستە، هەر ئەم جۆرە لە سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و مامەڵە بەرپرسانە بکرێنە بنەما و پێشمەرجی هاوپشتیی و هاوخەباتیی نێوان کوردان.
بە کوردی و بە کورتی، ئەزموونی زۆر و زەوەندی دوور و نزیکی ناو مێژوومان، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە و دەسەلمێنن، کە جگە لە کورد خۆی، هیچ کەس دۆستی کورد نییە و برین و دەردی کوردان، بە کورد نەبێت، بە هیچ کەسی تر چارە ناکرێت.