یه‌كه‌م/ زه‌وی كه‌ڵكی ژیانی نه‌ماوه
دڵی منداڵه‌كانتان به چیی ته‌كنه‌لۆجیا خۆش ده‌كه‌ن، به پله‌ی سته‌یشن5، به ئایفۆنی ئێكس ماكس، به مۆد و ماركه؟ ئاوڕێك له دواوه مه‌ده‌نه‌وه، به‌ڵكو ته‌ماشای پێش خۆتان بكه‌ن، چۆن خراپتر له ئێمه، جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندیی و چڵێسیی سه‌ره‌كانی سه‌رمایه، ئاگری قه‌رز و قۆڵه‌ی بانك و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، ژه‌هری كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان، سات و سه‌ودا خوێناوییه‌كانی ئاین و ئایدیۆلۆجیا، منداڵ و نه‌وه‌كانمان ده‌كه‌ن به قه‌ره‌برووت.
ئه‌و تارماییه‌ی (ماركس) كاتی خۆی له (مانیڤێستۆ)دا ئاماژه‌ی بۆ كرد، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌وكاتی ئه‌وروپا، به‌ڵكو بۆ ئێسته‌ی ته‌واوی دنیا و مرۆڤایه‌تی ڕاسته، ئه‌ها ئه‌وه‌ی گوتی "تارماییه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وروپادا دێت و ده‌چێت". ئه‌وه‌تا ئێسته ئه‌و تارمایی و ته‌م و تۆفه، به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا دێت و ده‌ڕوات و ته‌واوی دنیای ته‌نیوه‌ته‌وه.
دووه‌م/ مرۆڤ و ڕۆبۆت
تۆی پێشتر مرۆڤ، چیتر خۆت نیت، خۆتی مرۆڤ، كه‌سیی ئازاد. تۆ ئیتر ته‌نیا بریتیت له (كۆد)ێكی ناو سیستم و تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی و ئه‌لیكترۆنیی جیهانیی. ئیتر به سیمكارتی سه‌ر ناسنامه‌كه‌ت نا، به لۆكه‌یشنی مۆبایله‌كه‌ت. به‌وان نا، به باركۆدی سه‌ر كاتژمێره‌كه‌ت، كۆنتڕۆڵ كراویت، سه‌یریش له‌وه‌دایه دڵت به‌م هه‌موو كاتكوشتنهت خۆشه.
سێیه‌م/ پێویستیت به خۆته ئه‌ی ڕۆحی ماندوو
هه‌میشه شتێك، كه‌سێك هه‌یه، یان ده‌بێت كه له‌ناو ئه‌م جه‌نجاڵییه‌دا ده‌ستت بگرێ و ڕاتكێشێته ناو خۆی. ده‌شێ ئه‌و شته خه‌یاڵی جوانبینی خۆت بێت، ڕه‌نگه ئه‌و كه‌سه خۆت بیت. ناوه‌وه‌ی خۆت بێت، تۆی فهرامۆشكردووی خۆت، (من)ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆت كه تۆ له واقیعدا سێبه‌رێكی كاڵی ئه‌ویت.
ده‌ستگرتن به‌م خه‌یاڵه ناوه‌كییه، ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌م خۆفهرامۆشكردوونهت، له ده‌رچوون له‌ناو ئه‌م ژاوه‌ژاوی حه‌شامات، ڕزگاربوون له‌م قه‌ره‌باڵغیی عهوامهدا فریات ده‌كه‌وێ.
بیرت نه‌چێت، گرنگ نییه خۆشبه‌ختیت یان نا. گرنگ ئه‌وه‌یه بچیته‌وه ناو خۆت. ئومێد هه‌ڵچنین له‌سه‌ر وه‌همی ئه‌وه‌ی، ئه‌ویتر خۆشبه‌ختیت به‌دیاری بۆ بێنێت، ئه‌ولاتری گه‌مژه‌ییه.
چواره‌م/ نه‌زانیی وه‌ك به‌خشش
له نه‌زانیندا هه‌ڵه و له تووڕه‌ییشدا رق به‌رهه‌م دێت. بۆیه نه ڕقت له نه‌زان بێت و نه كینه به‌رانبه‌ر كه‌سێك هه‌ڵبگره كه له تووڕه‌ییدا جنێو ده‌دات.
كه‌س نییه له ئێمه به‌شی خۆی نه‌زان نه‌بێت، وه‌ك چۆن كه‌سێكیش نییه له‌ناوماندا هه‌ڵه نه‌كات. به قه‌د ئه‌وه‌ی له سه‌رچاوه‌كانی زانین و فێربوون دوور ده‌كه‌وینه‌وه، نه‌زانین. به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌یش كه ڕێ دروست و ڕاسته‌كان به‌ره‌و چاكه و خۆشه‌ویستی ون ده‌كه‌ین، ڕێیه‌كانی تر به‌ره‌و هه‌ڵه و په‌شیمانی ده‌مانبه‌ن.
ده‌توانین زۆرترین ڕێژه‌ی نه‌زانینمان تێپه‌ڕێنین و بێ‌دار ببینه‌وه، وه‌ك چۆن ده‌توانین تا ئه‌وپه‌ڕیش، ڕه‌گه‌كانی ڕق و كینه له ناخماندا ببڕینه‌وه و وشك بكه‌ین.
ته‌نیا پێویستمان به‌وه‌یه، بڕوایه‌كی پته‌و و ویستێكی ئیرادهگهرانهمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی فێربوونی زیاتر بده‌ین، هاوكات كه هه‌ڵه‌مان كرد، داوای لێبوردن بكه‌ین و كه هه‌ڵه‌مان به‌رانبه‌ر كرا، لێبورده بین.
ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی سه‌ره‌كی و پره‌نسیپی ئه‌خلاقیی بنه‌ڕه‌تیی مرۆڤبوون ئه‌وه‌یه، هه‌ریه‌كێكمان له شوێنی خۆی، له هه‌ردوو حاڵه‌تی نه‌زانین و هه‌ڵه‌دا، كۆمه‌ك به خۆی، دواجار به به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بكات.
پێنجه‌م/ دیوه‌كه‌ی تری ژیان
سه‌یره، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی ئومێد و گه‌شبینیی ڕێیه‌كانی به‌خته‌وه‌ربوون و خۆشبه‌ختیی نووسییان، خۆیان كوشت. وه‌ك چۆن زۆر له‌وانه‌ی له‌باره‌ی ئیراده و هێز نووسییان، شێت بوون.
ڕه‌نگه بۆشایی نێوان بوون و نه‌بوون، ژیان و مه‌رگ، شێتیی بێت. ده‌ی له‌وانه‌یه له نێوان خۆكوشتن و شێتیشدا، دووه‌میان پێویستی به بڕێكی كه‌متر له بوێریی هه‌بێت.
شه‌شه‌م/ خێوی زیندان
"به‌ختێكی باشه مرۆڤ هه‌رگیز و تاهه‌تایه، له‌سه‌ر ترس و قبووڵكردنی سته‌م و بێدادیی ڕانایه‌ت - كریستین سینگلهر" *
دوای ساڵانێك له زیندانی پڕ ئه‌شكه‌نجه و ئازار و نه‌خۆشیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، دواتریش چركه‌ساتی ئازادی، ده‌بێ زیندانییه‌ك چۆن خۆی بێته به‌رچاو؟ بڵێیت هه‌ست به ونبوون نه‌كات، یان خه‌یاڵی بۆ ئه‌وه نه‌چێت چۆن و به چی و له كوێدا تێی هه‌ڵبچێته‌وه، تا بێته‌وه دۆخی سروشتی پێش زیندان؟
زۆر جار بیستوومانه، گه‌وره‌ترین هیوای زیندانییه‌كان مردنێكی له‌پڕ و ناكاو بووه. مه‌رگێك سه‌ختی و ئازاره قورسه‌كانی ئاوزینگدانیان له‌بیر بباته‌وه، ئاوزینگدانی دوور و درێژ و له‌سه‌رخۆ و هێواش. ئاخۆ دوای ئازادبوون ئه‌م هه‌سته به چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌گۆڕێت و هیواكانیان له‌سه‌ر چی هه‌ڵده‌چنن؟
ده‌گوترێت "تێكشكاندنی ئێش و ئازارێك، به‌بێ پێشبینیكردنی ئێش و ئازارێكی تری قورس‌تر، ناكرێ". ئایا ده‌كرێ ئه‌م ده‌ربڕینه به باڵای ئازاری زیندانییهكانیشدا ببڕین، مه‌به‌ستم ئازاری دوای زیندانه كه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیت و ڕه‌نگه زۆر له‌وه‌ی زیندان به سوێ و سه‌ختتر بێت؟
به‌هه‌رحاڵ، یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته گرنگه‌كانی كه‌سێتیی زیندانیی ئه‌وه‌یه، بوون و به‌های مرۆیی خۆی بیر ناچێته‌وه. به‌و پێیه‌ی یه‌كێك له مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی زیندان و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر دۆخی ده‌روونیی زیندانیكراو ئه‌وه‌یه، چۆن وا بكات زیندانییه‌كه توانا و ئیراده‌ی ڕێزگرتن له بوونی خۆی، وه‌ك مرۆڤ له ده‌ست بدات.
به‌ڕاست، كێ و بۆچی یه‌كه‌م زیندانی دروست كرد؟ زیندان چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر دۆخی ده‌روونیی زیندانیكراو هه‌یه؟ ئه‌وانه‌ی به ساڵ له‌ناو زیندانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و دواتر ئازاد كراون، ئایا هه‌مان كه‌سی پێش و كاتی زیندانن؟ ئه‌ی كه ئێمه هه‌نووكه هه‌ریه‌كه‌مان و به جۆریك زیندانین، چۆن سه‌ره‌ده‌ری له‌گه‌ڵ ئازار و ئومێددا بكه‌ین؟
* (كریستین) وێنه‌گرێكی ئیسپانییه، یه‌كێكه له‌و 10 ژنه وێنه‌گره ناوداره جیهانییانه‌ی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌دا ڕووماڵی جه‌نگه‌كانیان كردووه. ئه‌و، وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی شه‌ڕ و ململانێ چه‌كدارییه‌كانی (ئێرله‌ندا، ڤێتنام، كه‌مبۆدیا، ئێران و فه‌له‌ستین)ی گرتووه و له میدیاكاندا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه.