بهركۆڵ..
باسكردن و ورووژاندنی پرسی ڕێبه‌ر و خۆبهخواكردنی و به‌ندایه‌تیی، گوێڕایه‌ڵیی، ستایشكردنی كۆیله و شوێنكه‌وته‌كانی تا ئێسته‌یش كه ڕێبه‌ر له دنیا دابڕاوه، بابه‌ت و پرسێك نییه له خه‌یاڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، وه‌همێك نییه ده‌رخواردی كه‌سی بده‌ین، به‌ڵكو خۆئهزموونیی ساڵانێكی به‌ریه‌ككه‌وتن و كاركردنی ڕاسته‌وخۆیه له‌ناو ژینگه‌كه‌دا، ئه‌زموونێك كه زۆر زوو بێ‌دار ده‌بێته‌وه و ڕام ناكرێت، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی خه‌رمانی وهعزنامهكانی ڕێبه‌ر و یاده‌وه‌ریی ئه‌و تێكۆشه‌ره سه‌رڕاست و ڕاسته‌قینانه‌یه كه له سفره‌وه له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ده‌ستیان پێ كرد و له زیندانه‌كاندا و به به‌رگه‌گرتنی دڕندانه‌ترین شێوازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه، بوونه قه‌ڵغانی پاراستن و گه‌شه‌كردنی بزووتنه‌وه‌كه، كه‌چی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆبهخواكردنی ڕێبه‌ریان (كه نه ساردیی دی و نه گه‌رمیی، نه زیندانی دی و نه سه‌نگه‌ر) قبووڵ نه‌كرد، له چاره‌گی یه‌كه‌می ڕێ كاروانه‌كه‌دا، به تۆمه‌تی جۆراوجۆر و به شێواز و میكانیزمی جیاواز، ڕێبه‌ر هه‌ر یه‌كه‌یانی به چاره‌نووسی له‌ناوبردن و پاكتاوكردن سپارد.
سه‌ربورده‌ی ڕێبه‌ری مه‌زن له پاكتاوكردنی هاوڕێكانی به‌ناوی دادگاكانی لێكۆڵینه‌وه، تا ئاستێكی زۆر له دادگا كڵێشهییهكهی سه‌دام له (هۆڵی خولد) ده‌كات. ته‌نیا جیاوازیی ئه‌وه‌یه، به‌عسی سه‌دام قۆناغی نهێنی و كوده‌تای تێپه‌ڕاندبوو و له حوكمدا بوو، كه‌چی ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، بزووتنه‌وه‌كه‌ی ڕێبه‌ر كه دروشمی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵگرتبوو، هه‌ر به‌سه‌ر پشتی كیسهڵهوهیه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش وه‌ك میزی حوشتر، له دروشم و سۆز و به‌ڵێنه‌كانیدا پاشه‌كشه ده‌كات.
(1)
باجی بوێریی
بۆ ئه‌وه‌ی چیتر منداڵ و نه‌وه‌كان فێر نه‌بن، یان ڕاستتر بڵێین، نه‌وێرن بڵێن (پاشا ڕووته!)، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌می هه‌موو گومانێك له‌سه‌ر پابه‌ندیی و گوێڕایه‌ڵییان بڕه‌وێننه‌وه، ده‌بێ كۆیله‌كان نه‌ك هه‌ر له مه‌یدانه‌كانی مه‌شقدا، یان چالاكییه‌كه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا، به‌ڵكو له خه‌ونیشدا خۆیان به قوربانیی ڕێبه‌ر بكه‌ن و له خه‌و و بێداریدا، له‌وپه‌ڕی ماندووێتی و ساته كورته‌كانی پشوودا ئایه‌تێك له‌به‌ر خۆیانه‌وه بڵێنه‌وه، ئایه‌تی "بالروح، بالدم، نفدیك یا رئیس.. رئیس با روح و خون ما شما را رستگاری خواهیم كرد.. ب جان، ب خوون، ئه‌م ب ته ڕاین ئه‌ی سه‌رۆك..Kanlı bir ruhla sizi kurtaracağız, Sayın Başkan"
ئه‌و كاته‌ی كۆده هاوبه‌شه‌كه‌ی ڕێبه‌ره مه‌زنه بهخواكراوهكان، له جیاوازیی ژینگه و زمانه‌كانیان نا، به‌ڵكو له میانی سایكۆلۆجیای نه‌رجسیی ڕێبهرهكاندا ده‌كه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین بۆچی جیۆگرافیای به‌ڵا لێدراوی ئێمه، خواوه‌ندی زه‌وییه‌كانی له خوای ئاسمان و كۆیله‌ی له ئازاد زیاترن.
له سای نه‌رجسیی ڕێبه‌ری مه‌زنی هه‌وراز و نشێو نه‌دیو، سه‌رما و گه‌رما نهچهشتوو، زیندان و سه‌نگه‌ر نه‌كردوو. ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی قامچی و ئه‌شكه‌نجه‌ی دوژمنه جه‌لاده‌كان چۆكی پێ دانه‌دان، كه‌چی له كۆمسیۆن و دادگای كڵێشه‌یی و هه‌ڕه‌مه‌كیی (ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی)ی ڕێبه‌ردا، به كۆی ده‌نگی به‌نده‌ی سه‌ركز و كۆیله‌ی به‌رفه‌رمان و مێگه‌لی بێ ده‌م و گوێ، درانه به‌ر ڕێژنه‌ی فیشه‌ك.
چیرۆكی تراجیدیی (شه‌نه‌ر)ـه‌كان، زۆر له‌وانه‌ی (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه) زیاترن، فریای خوێندنه‌وه‌یان بكه‌ویت.
(2)
وێنه و داگیركردنی یاده‌وه‌ریی
خوویه‌كی دیار و خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تی ڕێبه‌ر، وه‌ك كۆی ڕێبه‌ره خۆبهخواكردووهكانی پێش خۆی، ئه‌وه‌یه وێنه‌كانی له هه‌موو شوێنێكدا هه‌بن، په‌یكه‌ره‌كانی له شوێنه گشتییه‌كاندا دابنرێن.
ئه‌م سایكۆلۆجیای بره‌ودان به بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و په‌یكه‌ری ڕێبه‌ر، به‌ر له‌وه‌ی بۆ ترساندن بێت، هه‌وڵێكه بۆ داگیركردنی یاده‌وه‌ریی گشتی. بۆ ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام به بیری ده‌وروبه‌ری بێنێته‌وه كه چاوی به‌رده‌وامی چاودێرییه، نیگابانێكه شوێنكات نازانێ و سێبه‌ره‌كه‌ی له هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێك هه‌یه و كه‌س ناتوانێ خۆی لێ ده‌رباز بكات.
ڕێبه‌ر دڵی هه‌ر به‌وه ئاو ناخواته‌وه وێنه‌كانی له باره‌گا فه‌رمییه‌كاندا، له ئه‌شكه‌وته‌كانی پارتیزانی و چادرگه و سه‌ربازگه‌كاندا، یان له گۆڕه‌پانه‌كانی دواوه‌ی مه‌شق و راهێنان و هۆڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی كادراندا، به‌ڵكو په‌یكه‌ره‌كانی خۆی كه زیاتر به چه‌هره‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی تۆقێنه‌ر ده‌رده‌كه‌ون، له ده‌روازه‌ی ئه‌كادیمیا و سه‌ربازگه‌كاندا داده‌نێت، تا پێش وانه‌كانی وه‌عز و ته‌ڵقین، ترسی گوێڕایه‌ڵیی و به‌ندایه‌تییان بیر نه‌چێته‌وه.
وێنه‌كانی له چوارچێوه‌ی بازنه‌ییدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیری كۆیله‌كانی خۆی بێنێته‌وه كه گۆی زه‌وی واته ئه‌و، سیستمی گه‌ردوون واته ئه‌و، وه‌رگه‌ڕانی شه‌و و ڕۆژ و وه‌رز و ساڵه‌كان واته ئه‌و، ده‌كاته مێدالیا و ده‌بێ له‌سه‌ر دڵی خۆیان هه‌ڵبواسن و دروشم و سوێند و سۆزی هه‌میشه‌یی (به گیان، به خوێن) یان بیر بخاته‌وه.
ڕێبه‌ر ته‌نانه‌ت سنگی چیاكانیش ده‌كاته دیواربه‌ندی وێنه‌كانی، له‌و وێنانه‌دا به سێبه‌ری ترسی خۆی كه له‌ژێر سمێڵێكی بابڕ و ناوچهوانێكی گرژ و دوو چاوی پڕ گومان له هه‌موو شتێك، حه‌شار داوه. ده‌یه‌وێ پێیان بڵێت له خه‌و و بێداریدا، له دانیشتن و ڕۆیشتندا، به‌سه‌ر سهرتانهوهم.
ڕێبه‌ر و بت دووانه‌ی لێك دانه‌بڕاوی ناو مێژووی دوور و درێژی مرۆڤایه‌تین. ڕێبه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌یش، وردتر و سیستماتیكتر وه‌به‌رهێنانی له‌و مێژوو و میراته‌دا كرد. ئه‌و پڕۆژه‌ی به بتكردنی خۆی به‌شێوه‌یه‌ك داڕشتووه، به جۆرێك كۆیله و به‌نده‌كانی له‌سه‌ر بتپه‌رستیی ڕادێنێت كه هه‌ر له خه‌یاڵیان نا، به‌ڵكو له زه‌ین و نه‌ستیاندا ببێته نه‌خشی سه‌ر به‌رد. له ئاگایی و نائاگاییاندا ڕۆژانه كاژی نوێ فڕێ بدات و به‌گوێره‌ی ویست و ئیراده‌ی ڕێبه‌ر بۆ خۆ بهخواكردن، زاوزێ بكات و له‌ناویاندا گه‌را دانێ.
په‌نابردنی ڕێبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو فه‌زای ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به وێنه‌كانی بته‌نرێت، یه‌كێكه له میكانیزمه‌كانی به‌رده‌وامیدان به خواوهندێتیی خۆی. ئه‌و ده‌زانێ وێنه و په‌یكه‌ر و بت، له چاوه‌كانه‌وه ده‌ڕژێنه ناو یاده‌وه‌ری و شوێنی خۆیان له زه‌ین و نه‌ستی بینهرهكاندا ده‌كه‌نه‌وه. كاتێكیش ئه‌و تابلۆیانه‌ی پڕ پڕن له ئاماژه‌ی ترس له یاده‌وه‌ریدا شوێنی خۆیان ده‌گرن، به‌نده و كۆیله‌كان له ئاگایی و نائاگاییدا ده‌خه‌نه ژێر جه‌بری ئه‌وه‌ی بیر له گوناهـ و گومانكردن له خوایه‌تیی ڕێبه‌ر نه‌كه‌نه‌وه، ده‌نا ڕۆحه سیمبۆلییهكهی كه ئیتر بووه‌ته به‌شێك له ڕۆحی ئه‌وان، سزایان ده‌دات.
ڕێبه‌ر له هه‌ندێ گرته‌ی وێنه‌كانیدا، له بڕێ گۆشه‌ی نه‌خشی بتهكانیدا، ده‌ستێكی به شێوه‌ی سڵاو به‌رز كردووه‌ته‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا ئاماژه‌یه بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی و سایه و سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر كۆیلهكانیدا. وه‌كوتر له ته‌واوی دیمه‌نی وێنه و بتهكانیدا، ڕووخساری گرژ و مڕچ و مۆن و چاوی پڕ ترس و لێوڕێژ له گومانی ژێر ئه‌برۆ ڕه‌شه قه‌ترانییه‌كانی بڕیوه‌ته ناو چاوی به‌نده‌كانی.
ته‌نانه‌ت كه له هه‌ندێكیاندا دیمه‌نی بزه و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ساخته له ڕووخساری ڕێبه‌ردا ده‌بینین، ڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ به به‌نده‌كانی بڵێت، پێكه‌نینم به عه‌قڵتان دێت كه چۆن هه‌مووتانم كردووه‌ته گاڵته‌جاڕ.
(3)
(1984)ی خۆماڵی
ڕه‌نگه زۆربه‌تان (ئه‌وانه‌ی خوێندوویانه‌ته‌وه)، به وردبوونه‌وه له دیمه‌نه‌كانی ڕۆمانی (1984)، تۆقی بن. وه‌لێ هه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕۆمانه و هاوشێوه‌كانیان خوێندووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بزانن چ دۆزه‌خێكی هاوشێوه له‌ناو یاده‌وه‌ریی (ئایه‌ته‌كان)دا هه‌یه، به‌دڵنیاییه‌وه خوێنی ده‌ماره‌كانیان وشك ده‌كات و تووشی شۆك ده‌بن، كه هێشتا له سه‌رده‌می ڕۆمانه‌كه‌ی جۆرج ئۆروێلدا ده‌ژین.
بۆ ئه‌وه‌ی شكۆ و پیرۆزیی ڕێبه‌ری بهخواكراو نه‌شكێ و تۆی به‌نده و كۆیله نه‌كه‌ویته به‌ر نه‌فرینی كۆمسیۆن و دادگا كڵێشهییهكانی لێكۆڵینه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نییه به زمان و به‌وپه‌ڕی جۆش و خرۆشی ناو گۆڕه‌پان و هۆڵه‌كان هاوار بكه‌یت (به گیان و خوێن، به دڵ و ده‌روون، به مێشك قوربانی تۆین ئه‌ی ڕێبه‌ر.. ئه‌ی خوای خوڵقێنه‌ری ئێمه و مێژوومان.. ئه‌ی خوای پارێزه‌ری بوون و به‌رده‌وامیی و مانه‌وه‌مان.. ئه‌ی سه‌ره‌تا و كۆتامان...)، به‌ڵكو ناشبێ:
جگه له ڕۆژنامه دڵخوازه‌كانی ئه‌و، جگه له گۆڤاره دڵخوازه‌كانی ئه‌و، هیچ ڕۆژنامه و گۆڤارێكی تر بخوێنیته‌وه.
جگه له كاسێتی وه‌عزه‌كانی ئه‌و و ئه‌و ئێزگه ڕادیۆییه‌ی ئه‌و ده‌یخوازێت، گوێ له ڕادیۆی تر بگریت.
جگه له سه‌یركردنی كاسێتی ڤیدیۆیی دیمه‌نه‌كانی ڕێبه‌ر له كۆبوونه‌وه و كۆنفڕانسه ناوخۆییه‌كاندا كه ته‌نیا ئه‌و بۆی هه‌یه قسه بكات. به‌سه‌ر هه‌موواندا بقیژێنێت. تۆمه‌تی سیخوڕیی بۆ ئه‌م و به‌دڕه‌وشتیی بۆ ئه‌و ببه‌شێته‌وه. به‌م بڵێ بێ نامووس و به‌و بڵێ كه‌ر كوڕی كه‌ر و هه‌مووانیش به‌وه تاوانبار بكات كه هێشتا له‌ژێر كاریگه‌ریی شه‌ڕی تایبه‌تی دوژمن‌دا ڕزگاریان نه‌بووه، بۆت نییه سه‌یری هیچ شاشه‌یه‌كی تر بكه‌یت.
نابێ خه‌ون ببینیت، خهونیشت بینی ده‌بێ بۆ كۆمسیۆنی لێكۆڵینه‌وه‌ی بگێڕیته‌وه و دڵنیایان بكه‌یته‌وه كه له خهونهكهتدا ڕێبه‌ری مه‌زن چرای ڕێ و كانیی ژیانت بووه.
له ته‌ریقه‌تی ڕێبه‌ری پۆست ئینتهرناسیونالیستدا كه ئێسته و سه‌ره‌ڕای دابڕانی له ئاوه‌دانیی، ده‌ستبه‌رداری وه‌عز و وڕێنه‌كانی نه‌بووه و نابێت.
ئه‌وه ئیشی تۆی به‌نده نییه، پرسیار له حیكمه‌ت و نهێنیی شه‌وه سووره‌كانی ڕێبه‌ری بهخواكراو بكه‌یت، چون به‌نده مافی ئه‌وه‌ی نییه گومان له خوداكه‌ی بكات. گرنگ ئه‌وه‌یه په‌یگیری وه‌عزی ڕێبه‌ر بێت، به‌وه‌ی عیشق و خۆشه‌ویستیی، بێ نامووسیی و سهرسهریێتییه. خوێندنه‌وه‌ی شیعر و ڕۆمان، خوێڕیایهتییه. سه‌یركردنی شانۆ و تیڤی، كوفر و به‌لاڕێداچوونه و گوێگرتن بۆ فاگنه‌ر و بیتهۆڤن و ڤیڤاڵدی و مۆزارت و (ته‌نانه‌ت چایكۆفسكی)ش، به‌دڕه‌وشتییه.
(4)
خۆڕهخنهگریی، یان ئامرازی به‌كۆیله‌كردن
ڕێبه‌ری مه‌زن بۆ ئه‌وه چه‌مكی خۆڕهخنهی نه‌كرده بنه‌مای كار، تا مرۆڤ له چاوی خۆی كێماسی و خهوشهكانی خۆی ده‌رزیئاژن بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ چاكسازی له خۆت، چاكسازیی له بیروڕا و ڕوانگه‌ی چه‌وت و ڕه‌فتاری هه‌ڵه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه كردییه بنه‌ما و بناغه، تا وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌ر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌وروبه‌ری بیخاته كار و به هۆیه‌وه مرۆڤه داماڵراوهكان له بوون و به‌ها و شكۆی مرۆییانه‌یان، كه هه‌موو بوونی خۆیان ڕه‌هنی ڕێبه‌ر و ده‌سه‌ڵاته خواوهندییهكهی كردووه، له ئه‌گه‌ری یاخیبوون له په‌رستنی ڕێبه‌ر و بوونی هه‌ر گومانێكیان له خوایه‌تیی ڕێبه‌ر، له به‌رده‌م هاوڕێ و هاوسهنگهرهكانیاندا خۆیانی پێ بكوژن. كوشتنی كه‌سایه‌تی.
ئه‌وه‌ی جه‌لاده‌كانی دوژمنی داگیركه‌ر له زیندانه‌كانیاندا، له‌ژێر زه‌بری قامچی و فه‌لاقه و هه‌ڵواسین و دڕندانه‌ترین شێوازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه، هه‌وڵیان ده‌دا ئازادیخوازان ددان به تاوانی ئازادیخوازییهكهیاندا بنێن، یان پاكانه بكه‌ن و داوای لێخۆشبوو‌ن له دوژمن و داگیركه‌ری جه‌لاد بكه‌ن. ڕێبه‌ری مه‌زن له سه‌ربازگه‌كانی مه‌شق و ڕاهێناندا، ئه‌و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره ئازادیخوازانه‌ی خۆی كه زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ی دوژمن ملی پێ كه‌چ نه‌كردبوون، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌ی ڕێبه‌ر بۆ خوایه‌تیی ناكۆك بوون، یان تێبینییان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی تاكڕه‌وانه‌ی هه‌بوو، به چه‌كی خۆڕه‌خنه‌یی، سووكایه‌تیی به خۆیان بكه‌ن و داوای لێبووردن و لێخۆشبوو‌ن له ڕێبه‌ر بكه‌ن و به‌ندایه‌تیی و كۆیلایه‌تیی خۆیان بۆ خواوه‌ندی ڕێبه‌ر دووپات بكه‌نه‌وه، ئه‌و خواوه‌ندی ئه‌وان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی له نه‌بوونه‌وه خوڵقاند و له مردنه‌وه ژیاندنیهوه.
ئینجا چانسی هه‌موو خۆڕه‌خنه‌یی و پاكانه‌یه‌ك كه له زیندانی ڕێبه‌ری ئازادیخواز و له‌ژێر فشاری پیاوكوژه‌كانی و هه‌ندێ جاریش له‌ژێر فشاری فێڵ و فریو و ئامۆژگاریی تهسلیمكارانهی كۆیله و به‌نده سهركزهكانیدا، كه ڕێبه‌ر له پای سه‌ركزی و به‌ندایه‌تیدا به‌رپرسیارێتیی ماستاو و مه‌رایی و كلكهسووتێی و دووزمانیی پێ دابوون، ده‌نووسران، هه‌ر لێبورده‌یی و لێخۆشبوونی ڕێبه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو زۆربه‌یان له به‌رده‌م كۆمسیۆن و دادگای كڵێشه‌یی ڕێبه‌ر، به ده‌نگی زۆرینه‌ی كۆیله و به‌نده‌كانی، به دوو سزا مه‌حكووم بوون، یان گولهبارانكردن، یان خستنه‌وه ناو پرۆسه‌ی به كۆیله‌كردن كه ناو نراوه "په‌روه‌رده‌كردن" و دواتریش له خافڵگیریدا كوشتن و خنكاندنیان و داخستنی دۆسییه‌كانیان.
لیستی ئه‌و ناوانه له كچ و كوڕ دوور و درێژه كه به ئه‌گه‌ری جیاواز، گوایه مه‌ترسییان بۆ سه‌ر ڕێبه‌رایه‌تیی و ستراتیجی خوداوه‌ندێتیی ڕێبه‌ر هه‌بووه، ڕاسته‌وخۆ گوله‌باران كران، یان له گۆڕه‌پان و سه‌نگه‌ره‌كانی دووباره ڕاهێنانه‌وه و په‌روه‌رده‌دا، له ژووره نهێنییه‌كاندا خنكێنران، یان له پشته‌وه هاتنه پێكان، یان له هۆتێل و شه‌قامه‌كانی وڵاتاندا خافڵكوژ كران.
(5)
سێبه‌ری ڕێبه‌ر
سه‌یره، ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ بێت، سێبه‌ری ترسی ڕێبه‌ری مه‌زن له نائاماده‌یی خۆیشیدا، ڕه‌نگی گه‌شی ڕووخساری حه‌شاماتی له ده‌ره‌وه‌دا ههڵبزركاندووه.
جادووی ڕێبه‌ر سۆراغی قوربانییه‌كانی له‌بیر بردوونه‌ته‌وه. ئه‌و قوربانیانه‌ی به‌رگه‌ی قامچی جه‌لاده‌كانی دوژمنیان گرت، كه‌چی له به‌رانبه‌ر خۆڕاگرییهكهیاندا دادگای (لێكۆڵینه‌وه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی)، به كۆی ده‌نگی به‌نده و كۆیله خهسێنراوهكانی، بڕیاری گولهبارانكردنیانی دان.
ئه‌وان تا ئێسته‌یش بورغووی ناو مه‌كینه‌ی ئایدیۆلۆجیای ڕێبه‌ری مه‌زنن، ئه‌و ڕێبه‌ره‌ی شیرنترینی قسه‌كانی له‌گه‌ڵیاندا (به‌دڕه‌وشت، سه‌رسه‌ری، بێ نامووس، خوێڕی و ترسنۆك)ینه بوو.
ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌قه‌تی هه‌ڵگرتنی باری ئه‌و سووكایه‌تییه هاتن و به‌رگه‌ی ئه‌و (حیكمه‌ت)انه‌ی ڕێبه‌ریان گرت، چرای چانسی ژیانیان داگیرسا.
ئه‌وانه‌یشی ئاماده نه‌بوون سته‌مكارێك به یه‌كێكی تر بگۆڕنه‌وه، با له خوێنی خۆیشیان بێت، چاره‌نووسیان كه‌وته دووڕیانێك، ڕێی سێیه‌می نه‌بوو. یان ده‌كوژرێیت، یان خۆت ده‌كوژیت.
به لۆجیكی ڕێبه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزیی و كه‌رامه‌تی ڕێبه‌ر پارێزراو بێت، ده‌بێ وه‌ك ئه‌و پیاوه بیت، كه به چاوه‌كانی خۆی بینی شێخ سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا ده‌كات، كه‌چی به یه‌قینه‌وه گوتی: چاوه‌كانم ڕه‌شكه و پێشكهیان كرد، خودایه له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ت و بوختانه‌ی به شێخم كرد، بمبه‌خشه.