نووری بێخاڵی
ڕێك له ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیدا، برا گه‌وره‌كه‌ی شه‌هید (شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی) له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه شه‌هید ده‌كرێت، شانی ده‌كه‌وێته‌به‌ر باری به‌رپرسیارێتییه‌كی قورسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوامێرانه درێژه به خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی براكه‌ی ده‌دات، هاوكات ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی بارزانییه‌كان ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی، كه سه‌رڕاست و ڕاستگۆ و دڵسۆزانه و هه‌نگاوی خزمه‌تكردنه‌وه، له‌و ته‌مه‌نه گهنجییهیدا هه‌موو ئه‌و ئه‌ركه قورسانه له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌دا ده‌گرێته ئه‌ستۆ و خاوه‌ندارێتیی له په‌یامه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بارزان ده‌كات، ئیتر به (خودان) ده‌ناسرێت.
خودان، دوژمنی ده‌ره‌كی و نه‌یاری ناوخۆیی تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌وڵی مایه‌پووچ ده‌ده‌ن بۆ شێواندنی مانا و ڕه‌هه‌نده مۆڕاڵی و نیشتمانییه‌كانی نازناوی (خودان) كه به مانای خاوه‌ن دێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی ده‌یانه‌وێ به‌رانبه‌ر چه‌مكی (خودا)ی بكه‌نه‌وه.
خودان ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ ده‌بێت (١٨٩٦ - ١٩٦٩) كه باوكی له ده‌ست ده‌دات و له سێبه‌ری برا گه‌وره‌كه‌یدا (شه‌هید شێخ عه‌بدولسه‌لام) كه یه‌كێكه له سیمبۆله هه‌ره دیاره‌كانی ناو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردستان، ئاشنای بیری نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و پره‌نسیپه‌كانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت، بۆیه دواجار و له‌و كاته‌ی ده‌بێته‌وه جێگره‌وه‌ی براكه‌ی، هه‌موو ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپانه ده‌خاته بواری كرداری و ده‌بێته سوارچاكێكی جوامێری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕی، هاوكات ده‌بێته داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی، ژینگه‌پارێزیی، به‌رگریكردن له ماف و ئازادیی كچ و ژن).
ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵ ده‌بێت كه له ساڵی ١٩١٩ به ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپارێزیی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و پشتیوانی شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر ده‌كات. ئه‌وكاته‌ی نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك هۆزه‌كانی بادینان ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی به هانای شێح مه‌حمووده‌وه بچن، ئیتر به سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، ژماره‌یه‌ك تێكۆشه‌ر و سوارچاك ده‌نێرێته سلێمانی و له‌وێشه‌وه بۆ بازیان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئینگلیز.
هاوكات وه‌ك ئاماده‌یی ده‌ربڕین بۆ پشتیوانیی خه‌بات و شۆڕشی كورد، براكه‌ی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) ده‌نێرێته لای شێخ عه‌بدولقادری نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران له باكوری كوردستان، وه‌ك چۆن دواتر هاوڕێ له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر، بۆ پشتیوانی كۆماری دیموكراتی كوردستان له مهاباد، (خودان) له‌گه‌ڵ هێزێكی تۆكمه و ته‌یاری پێشمه‌رگه، ده‌چنه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌وێ تا دواسات به‌رگری له كۆماری كوردان ده‌كه‌ن.
جیاواز له مێژووی پرشنگداری ئه‌و بنه‌ماڵه نیشتمانپه‌روه‌ره، كه له باپیرانییه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌و و دواتریش بۆ سه‌رده‌می (بارزانیی نه‌مر) و تا ئه‌مڕۆ درێژ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام قۆناغ و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (خودان) یه‌كێكه له ڕووناكترین و پرشنگدارترین قۆناغه‌كانی دیرۆكی تێكۆشانی گه‌لی كوردستان به‌گشتی و ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه به‌تایبه‌تی، به‌و پێیه‌ی به‌رده‌وامیدان به شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له دژی داگیركه‌ران، هاوپشتی و هاوخه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری نیشتمان، دامه‌زراندنی سیستمێكی تۆكمه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، ئه‌نجامدانی چاكسازیی، به كرده‌وه چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ و به‌ها بۆ ژن، ژینگه‌پارێزیی، له سیما و خه‌سڵه‌ته هه‌ره دیاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن.
یه‌كه‌مین ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی بارزان به سه‌ركردایه‌تیی (خودان) له دژی حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق، كه ئینگلیزه‌كان له ڕووی مادی و لۆجستی و سه‌ربازییه‌وه له زه‌وی و ئاسمان، پشتیوانیی به‌غدایان ده‌كرد، ئه‌ڵقه‌یه‌كی تری نه‌پچڕاوه‌ی زنجیره‌ی شانازی و سه‌روه‌رییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌یه، كه له ژیانیدا له ئاست هاونیشتمانییهكانیدا ساده و خاكه‌ڕا و له به‌رانبه‌ر دوژمنانیشدا وه‌ك لووتكه‌ی شاخی سه‌ركه‌ش وه‌ستایه‌وه.
ئه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و ڕۆژگاره سه‌ختانه له ده‌می كورد خۆی نا، به‌ڵكو له ده‌می مێژوونووس و نووسه‌ر و بیره‌وه‌ریی سیاسییه ناكوردهكانهوه بخوێنێته‌وه (وه‌ك چۆن گهواهیدانهكانی سدیق دهمهلۆجیی قایمقامی ئامێدی و زۆر كه‌سیتر، له‌سه‌ر جوامێریی و ئازایه‌تیی و نیشتمانپه‌روه‌ریی شه‌هید شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستییه مێژووییانه‌ن)، تێده‌گات كه (خودان) سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه قورسه‌ی له ئه‌ستۆیدا بوو، چۆن له یه‌ككاتدا به گژ حكوومه‌تی عێراق و ئینگلیزدا ده‌چووه‌وه و ملی بۆ خواسته تهسلیمكارییهكانیان نه‌ده‌دا، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی نابه‌رابه‌ریی له هێز و چه‌ك له نێوان سوپای عێراق و شۆڕشگێڕان له‌لایه‌ك و پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئینگلیز بۆ به‌غدا له‌لایه‌كی تر، له‌گه‌ڵ ٤٠٠ له هاوسهنگهرهكانیدا به‌ره‌و باكوری كوردستان، ناوچه‌ی بارزان جێ ده‌هێڵن، كه‌چی به‌هۆی هه‌ڵوێستی كورد و كوردستانیانه‌ی و تاوانی پشتیوانیكردن له شۆڕشی ئارارات، وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك مافی یاسایی و ئاسایی هه‌ر كه‌سێكی په‌نابه‌ر، داوای مافی په‌نابه‌ری له توركیا ده‌كات، كه‌چی حكوومه‌تی توركیا (خودان) و هاوه‌ڵه‌كانی ڕاده‌ستی حكوومه‌تی عێراق ده‌كاته‌وه و بۆ شاره‌كانی باشووری عێراق دوور ده‌خرێنه‌وه، دواتر له ساڵی ١٩٣٦ ده‌برێنه به‌غدا، به‌ڵام له‌وێ له‌به‌ر نزیكبوونه‌وه‌ی له شێخ مه‌حموودی نه‌مر (كه ئه‌وكات ئه‌ویش بۆ به‌غدا دوور خرابووه‌وه) و له ترسی پته‌وبوونی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ی شۆڕش، دووباره شێخ ئه‌حمه‌د بۆ شاری (ناسریه) دوور ده‌خرێته‌وه.
دوای ماوه‌یه‌ك له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش له بارزان به سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر له ساڵی ١٩٤٣، ده‌رفه‌تی دانوستاندن دێته پێش، مه‌رجی له پێشینه‌ی بارزانیی نه‌مر بۆ حكوومه‌ت، ئازادكردنی (خودان) و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ ناوچه‌ی بارزان، دواجار حكوومه‌ت به‌و مه‌رجه ڕازی ده‌بێت و ساڵی ١٩٤٤ كۆتایی به ده‌ستبه‌سه‌ریی و دوورخستنه‌وه‌ی (خودان) دێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بارزان.
دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان، پاش ڕاوێژكردن و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ژن و منداڵی بارزانییه‌كان، (خودان) ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق و بارزانیی نه‌مریش له‌گه‌ڵ ٥٠٠ له هه‌ڤاڵه‌كانی ڕوو ده‌كاته یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت.
ئیتر له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق، دووباره ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت، دواتر بڕیاره‌كه بۆ زیندانی تاهه‌تایی ده‌گۆڕێت، تا كوده‌تای ساڵی ١٩٥٨، شێخ ئه‌حمه‌د له گرتووخانه ده‌بێت و ئازاد ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی بارزان و تا ڕۆژی مردنی (١١ی كانوونی دووه‌می ١٩٦٩)، سه‌رپه‌رشتی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی ناوچه‌كه ده‌كات.
تێپه‌ڕینی ٥١ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌و ڕێبه‌ره‌ی چاكسازی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌پارێزیی له كوردستان، ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی له ساته‌وه‌ختی گه‌نگه‌شه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی وه‌ك به‌شێكی بچووك و هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی له‌پێناو چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی له هه‌رێمی كوردستاندا، به بیری ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتییه‌كان به‌تایبه‌تی، بێنینه‌وه كه ئه‌وه‌ی دواجار وه‌ك شانازی و سه‌روه‌ری بۆ مرۆڤ به گشتی و حوكمڕان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌تایبه‌تی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌یه به كرده‌وه پێوه‌ست و پابه‌ندی به‌هاو پره‌نسیپه به‌رزه‌كانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌سپاندنی حوكمڕانیی باش و سه‌روه‌ركردنی چه‌مكی هاووڵاتیبوون بن.
ماوه‌ته‌وه بڵێین، سه‌رچاوه مێژووییه‌كان به سه‌رێك، وه‌كوتر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌می ئه‌و جوامێره‌دا ژیاون و له نزیكه‌وه بینیویانه (به به‌شێك له نه‌یاره‌كانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی)شه‌وه، هه‌موویان گه‌واهیی بۆ ئینتیمای پته‌وی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی، گیانی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازیی، ویست و ئیراده‌ی بۆ چاكسازی و پێشكه‌وتن، لایه‌نی قووڵی عیرفانی و ویژدانیی، خه‌مخۆری ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، ساده‌یی و خاكه‌ڕایی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، دنیانه‌ویستی و پوول نه‌په‌رستی، ده‌ست و داوێن پاكیی (خودان) و ڕێزگرتنی له ژن وه‌ك بوون و به‌های مرۆیی، هه‌روه‌ها پارێزه‌ر و پاسه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی ژینگه‌ی كوردستان به گیاندار و بێ گیانییه‌وه، ده‌ده‌ن.