عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
له ته‌واوی وڵاتان و هه‌رێمه‌كانی دنیا كه سیستمی دیموكراسییان تێدا پێڕه‌و ده‌كرێت، هه‌ر كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك كه ئاره‌زوومه‌ندانه له ده‌وری یه‌كتر كۆ ده‌بنه‌وه له‌ژێر ناونیشانێكدا، بۆیان هه‌یه حزب یان ڕێكخراوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری دابمه‌زرێنن و خه‌بات بكه‌ن بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ی دیاری‌یان كردووه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسایی وڵاته‌كه‌دا.
له دنیادا ڕێكخراو و حزبه سیاسییه‌كان ڕاستگۆیانه له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی خۆیان ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، به‌ڕوونی ئامانجه‌كانیان به‌یان ده‌كه‌ن و حزبه‌كان وه‌ك ئامرازی خۆشگوزه‌رانی و پارێزگاری له قه‌واره‌ی سیاسی و ئازادی فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌كه به‌كار ده‌هێنرێن، به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل له پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌یه.
له ته‌واوی دنیادا حزب ده‌بێت پارێزگاری له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی بكات و بۆ هیچ حزب و گرووپێك نییه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بخاته مه‌ترسییه‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی، یان مه‌ترسی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بۆ سه‌ر وڵات دروست بكات.
له كوردستانی باشوور زۆربه‌ی حزبه سیاسییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمه‌كه له‌به‌رچاو ناگرن و ته‌واوی ڕه‌فتاره‌كانیان دژ به به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه، به‌ڵام زۆر باشیش توانیویانه له ڕێی چه‌واشه‌كاری ڕاگه‌یاندنه‌وه، په‌رده‌پۆشی كاره چه‌وته‌كانیان بكه‌ن و به گه‌ل بڵێن له به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌یه ئه‌و هه‌نگاوانه، ده‌بێت ئێوه ستایشمان بكه‌ن. به كورتییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی گه‌وره ده‌كه‌ن و به منه‌تیش پێمان ده‌فرۆشنه‌وه.
له كوێی وڵاته فیدڕاڵییه‌كان هه‌بووه سه‌رۆك و به‌رپرسی حزبی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان داوا له حكوومه‌تی ناوه‌ند بكه‌ن قووت و بژێوی هه‌رێمه‌كه‌یان ببڕن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی پێی ده‌ڵێن كورسیی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو ده‌ستیان بكه‌وێت له ڕێی دروستكردنی ته‌نگژه‌ی ئابووری و دروستكردنی خۆپێشاندان و هاندانی گه‌ل بۆ ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام كاتێك بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌و هه‌نگاوه مه‌ترسیدارانه چین، دێت هه‌ڵایه‌كی میدیایی ده‌نێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ ئه‌و پێشنیارانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌یه، له كاتێكدا بۆ كورسی و ئیمتیازات بووه.
حزبی سیاسی له كوردستان بوونه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، بۆیه ده‌بینین ته‌واوی ئه‌و حزبانه‌ی به‌رده‌وام وا خۆیان پێشان ده‌ده‌ن له به‌ره‌ی شه‌قامن، به‌رده‌وام بوون به سه‌رئێشه بۆ هاووڵاتییان و ته‌نگژه دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێسته گه‌ل باش له فیكه‌ی ئه‌و حزبانه تێگه‌یشتووه، بۆیه له هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان دابه‌زی، ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه هاووڵاتییان به‌گشتی له حزبه‌كان تووڕه‌ن.
شارێكی وه‌ك سلێمانی له ساڵی 2009 له‌گه‌ڵ دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دۆخێكی ناسه‌قامگیری ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆیه‌وه بینی، هه‌رده‌م ململانێی توندی یه‌كێتی و گۆڕان وای كردووه ئه‌و شاره له هه‌موو بواره‌كانی ژیان بۆ دواوه بگه‌ڕێته‌وه، هاووڵاتییانیش نیگه‌رانی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه فره‌حزبی و فره‌كوێخایی شاره‌كه‌یانی به‌ره‌و وێرانه بردووه.
پێویسته له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه یاسای تایبه‌ت به حزب ده‌ربكرێت و چوارچێوه‌ی دروستبوونی حزب دیاری بكرێت، نابێت حزب به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ببه‌زێنێت، هه‌ر حزب و گرووپێك له‌ژێر هه‌ر ناوێك‌دا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتی خسته مه‌ترسییه‌وه، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و حزبه مۆڵه‌تی كاركردنی لێ وه‌ربگیرێته‌وه و سه‌ركرده‌كانی بخرێنه گرتووخانه و ئه‌و بڕیارانه به‌سه‌ر حزبی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا بسه‌پێنرێت.
ناكرێ چیتر هه‌رێمی كوردستان بێ ده‌ستوور بێت، نه‌بوونی ده‌ستووره وایكردووه حزب هه‌یه خاك ده‌فرۆشێت، حزب هه‌یه هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی سێكسی له كه‌سانی باڵای خۆی ده‌كات و حزب هه‌یه ڕێككه‌وتن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی میله‌ته‌كه‌ی ببڕێت.
حزبی كوردی ده‌بێت ئیتر ڕابچڵه‌كێن و به‌خۆیاندا بچنه‌وه، له‌گه‌ڵ پێڕه‌و و پڕۆگرامی خۆیاندا ڕاستگۆ بن، چونكه ئێسته له شه‌قامی كوردستان زۆر به ڕوونی بێزاری هاووڵاتییان به‌رانبه‌ر حزبه‌كان به‌دی ده‌كرێت و به كێشه گه‌وره‌كه‌ی كوردستانیان ناو ده‌به‌ن.