ئایا پارتی جەماوەرەكەی لە دەست دەدات؟

پارتی دیموكراتی كوردستان پێ دەنێتە تەمەنی 76 ساڵ، ئەو حزبەی هەمیشە دۆست و دوژمن چاویان لە هەنگاوەكانی بووە، بەهۆی ئەوەی هەمیشە پێشڕەوی سەركەوتنەكانی گەلی كوردی كردووە و هیچ كاتێك نەبووە سازش لەسەر بچووكترین مافی نەتەوەیی و یاسایی گەلەكەی بەرانبەر دەوڵەتانی چواردەور بكات. ئێستە پارتی گەورەترە لە حزب و دۆزێكی نەتەوەییە، تواوەتەوە لە جەستەی كورددا و 48 ملیۆن مرۆڤ چاوی لێیەتی. 

پارتی ئێستە لە سەروبەندی كۆنگرەی 14یدا، گڕوتینی بە رێكخستنەكانی داوە و لیژنەكان سەرقاڵی تەواوكردنی ڕێكارەكانن تا زوو بچنە ناو هۆڵە گرنگەكەی كۆنگرە، ئەمە هەر بۆ خۆی نییە، بەڵكو هێزەكانی ناوخۆ و دەرەوەیش چاویان لەم ڕۆژانەیە كە پارتی ئامادەكاری تێدا دەكات بۆ بەستنی كۆنگرە و راگەیەنراوی كۆتایش، ئاخۆ گوتاری نوێی چی دەبێت.

راستییەكەی پارتی پێویستی بە كۆنگرە و گۆڕانكاریی ڕژدە لە ئۆرگانە حزبییەكانیدا، چونكە ماوەیەكی زۆرە كۆنگرەی نەبەستووە و هەمیشەیش گۆڕانكاریی ناوخۆیی حزب و گونجاندن لەگەڵ ئەو دۆخانەی دێتە پێشەوە گرنگە. هەرچەندە پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی، توانیویەتی لە دۆخی لە ناكاودا خۆی بگونجێنێت، لەبەرئەوەی پارتی قسەی سەرۆك قسەی هەموو پارتییەكانە.

پارتی پێویستە رێكاری حزبی و سزای لەگەڵ بەرپرسانی كەمتەرخەم و دەرگاداخراو هەبێ، چونكە پارتی موڵكی نەتەوەیە نەك تەنیا بەرپرسێك یان چەند كەسانێك. دەزانین دەوڵەتانی دنیا و هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ قسەی كۆتایی لەسەر پرسەكان، ڕوو لە پارتی و بارەگای بارزانی دەكەن، كەواتە نابێت لە هیچ بەرپرسێك قبووڵ بكرێت بە ڕەفتارەكانی ببێتە هۆی ئەوەی تەنانەت یەك ئەندام و لایەنگریش لە پارتی دوور بخەنەوە، چونكە بەهێزیی حزبەكە لە جەماوەری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و بەهێزیی كوردستانیش لە پارتیدا رەونەق دەدا. 

پارتی دەبێت زۆر ڕژد كار لەسەر گۆڕانكاری لە كاری حزبی و ئۆرگانە حزبییەكانیدا بكات و خوێنی تازە بە بەر خۆیدا بكاتەوە، ڕێ نەدات ئەو كەسانەی چەندان ساڵە لەسەر كورسی بەرپرسی ڕێكخراو و ناوچە و لق و سەركردایەتی دانیشتوون و دەسكەوتیان نییە، ببنە ڕێگر لە بەردەم سەركەوتنی (لاوان و قوتابیان و ئافرەتان) بۆ ناو دامەزراوەكانی حزب، تا پارتی بە بەهێزی بهێڵنەوە.

زۆر بە ڕوونی دەڵێم، پارتی لە یادی 76 ساڵەیدایە و هەموو چاوەكان لەسەر كۆنگرەكەیدان، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاریی ڕژد نەكات و سزای كەمتەرخەمەكان نەدات و پاداشتی كادرە چالاك و خۆشەویستەكانی نەكات، ئەوە مەترسی لەسەر پێگە جەماوەرییەكەی دروست دەبێت، چونكە ئەو دۆخەی لەناو ڕێكخراو و ناوچە و لقەكاندا ئێستە هەیە، ناتوانێ پێگەی جەماوەری بەرەوپێشەوە ببات، بگرە پاشەكشێ بە پێگەی جەماوەری حزب دەكەن، وەك لە هەندێك شوێن بینیمان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ و دەستكەوتی پارتی كەمی كرد.

ئێمەی لاوانی پارتی چاومان لەوەیە پارتەكەمان لە كۆنگرە، وەك هەمیشە و لەسەر ڕێڕەوی سەرۆك مستەفا بارزانی، گرنگیی زیاتر بە لاوان بدات و لە تەواوی ئۆرگانەكانی حزبەوە بڕۆنە پێشەوە و ببنە كۆڵەكەی بەهێزهێشتنەوەی رێبازەكە. 

ئێستە لە زۆر بارەگای پارتیدا ڕێكارە حزبییەكان پێڕەو ناكرێن و بەرهەمیان نییە، بەڵكو تەنیا كەسانێك ڕۆژانە دەوامی تێدا دەكەن و جگە لە خواردنەوەی چا و قاوە، هیچ كارێك ناكەن و هیچیش ناخەنە سەر خەرمانی پارتی، بەڵام بۆ حزبێكی گرنگ و كاریگەر، ئەمە نابێ بەردەوام بێت.