عه‌زیز ره‌سووڵ هه‌ورامانی
هه‌میشه ئێمه‌ی گه‌نجان هه‌وڵمان داوه له په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ته‌واوی داوده‌زگاكانی وڵات‌دا ڕێژه‌ی گه‌نجان زیاد بكرێت، به‌و پێیه‌ی گه‌نج له ڕووی فكری و توانای مرۆیی زیاتری پێ ده‌كرێت له خزمه‌ت وڵات‌دا، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی ساڵانێكی زۆره له له فه‌رمانگه‌كان رۆڵ ده‌بینن و جۆرێك ماندووبوونیان پێوه دیاره، ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی دڵسۆزی و باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری هاووڵاتییان و گۆڕانكاری، چونكه سیسته‌مه‌كه كۆنه و گه‌نج ده‌توانێ بیرۆكه‌ی نوێ بخاته ڕوو.
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌تایبه‌ت له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، له ڕێی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی توانرا ئه‌و هێزه دروست بكرێت، ورده ورده ڕێژه‌یه‌كی باش گه‌نج چوونه ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان له كوردستان به تایبه‌ت له ساڵی 2014ـه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانه‌كه‌مان گه‌نج ده‌رچوون، ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه ئه‌و گه‌نجانه كه سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و بڕیارده‌ر و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی په‌رله‌مانی گه‌نج بوو، كه‌چی نه‌یانتوانی ئه‌و دروشمانه‌ی بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ی گه‌نج به‌رز كرانه‌وه، بیكه‌ن به راست و دنیایه‌كی تازه پێشكه‌ش بكه‌ن.
بوونی گه‌نجان له ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له كوردستان تا ئاستێكی زۆرباش دڵخۆشی كردین، خۆم ساڵانێكی زۆره كه كاری رێكخراوه‌یی ده‌كه‌م، هه‌وڵ بۆ بهگهنجكردنی حكوومه‌تی و په‌رله‌مان بوو، به‌ڵام گه‌نجه‌كان بێ ئومێدیان كردین له كاتی موماره‌سه‌ی كاری خۆیان له‌و پۆستانه‌ی پێیان هاته سپاردن. ئه‌وه‌ش دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو هۆكاردا: یه‌كه‌م، به‌داخه‌وه كه‌مئه‌زموونی گه‌نج بۆ ئه‌و پۆست و پلانه‌ی وه‌ریانگرت. دووه‌م، ئه‌و ئه‌جێندا حزبییه‌ی ده‌یانویست جێبه‌جێی بكه‌ن.
كاتێك كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم دروست كرا له كوردستان، یه‌كه‌م گورز بوو له حكومڕانی گه‌نج درا كه ده‌یان كێشه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌و پێیه‌ی ئه‌ویش سه‌رۆك په‌رله‌مانێكی گه‌نج نه‌یتوانی وه‌ك پێویست كار بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئاسانكاری لۆجیكی بنوێنێ بۆ دروستنه‌بوونی ته‌نگژه و ره‌چاوی شه‌ڕی تیرۆر بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه لێزانانه تێبپهڕێنرایه، له داهاتوو متمانه زۆر پته‌و ده‌بوو به توانای گه‌نجان.
گه‌نده‌ڵی و ڕۆیشتنی گه‌نجان بۆ ناوه‌نده‌كانی حكومڕانی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له دروشمه‌كانی كاندیده گه‌نجه‌كان بوو كه نابێت ڕێ بدرێت وزه‌ی گه‌نجان و بكوژرێت، به‌ڵام له كۆتای ته‌مه‌نه‌كانی په‌رله‌مانتارییاندا، كاتێك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كی زۆرباشی له‌سه‌ر نه‌هێشتنی خانه‌نشینی نایاسایی و رێكخستنه‌وه‌ی ئیمتیازات پێشكه‌ش به په‌رله‌مانتاره گه‌نجه‌كان كرد، چاوچنۆكی خۆیان بۆ پاره‌ی خانه‌نشینی زه‌به‌لاح، وای لێ كردن خه‌ڵك فه‌رامۆش بكه‌ن و مووچه‌ی خۆیان بۆ هه‌میشه له لووتكه‌دا بهێڵنه‌وه. دووه‌م گورزی كوشنده بوو كه له حكومڕانی كوردستاندا گه‌نج له خۆی دا به‌وه‌ی نه‌یانتوانی خۆڕاگر بن له به‌رده‌م پاره‌دا.
بۆ نه‌ده‌بوو په‌رله‌مانتاره گه‌نجه‌كان ئه‌و ئیمتیازه‌یان بۆ خۆیان نهبڕایهتهوه، یه‌كه‌م ئه‌وان نزیكه‌ی دوو ساڵ ده‌وامیان له په‌رله‌مان نه‌كردووه، دووه‌م ڕاستگۆ بوونایه له‌گه‌ڵ دروشمه‌كه‌یان كه ده‌یانگوت ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتاری ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، سێیه‌م كوشتنی وزه‌ی خۆیان له سه‌ره‌تای ته‌مه‌ندا بۆ قبووڵ ده‌كه‌ن له كاتێكدا ده‌توانن له زۆر ناوه‌ند و بواری تردا رۆڵ ببینن و مووچه‌ی باش له‌سه‌ر هیلاكی خۆیان وه‌ربگرن مانگانه، نه‌ك بخه‌ون و مووچه وه‌ربگرن. خزمه‌ت به گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر به گه‌نجی ببن به مشه‌خۆر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه.
ئه‌گه‌ر بهاتایه و ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم نه‌كرایه و ئیمتیازاتی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاریان هه‌ڵوه‌شاندایه‌ته‌وه، گه‌نجه‌كان ده‌بوون به جوانترین ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له هه‌موو خوله‌كاندا، هاوكات داهاتێكی زۆر بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕایه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌نجان، به‌ڵام به‌ده‌ستی خۆیان وایان كرد خه‌ڵك به خراپترین خولی په‌رله‌مانتاری سه‌یریان بكه‌ن و متمانه‌یش به گه‌نج نه‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان. ئه‌و بێمتمانه‌یییه له كاردانه‌وه‌ی خێرای هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ركه‌وت كه له‌ژێر فشاردا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیان ناچار كرد به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌داخه‌وه چیتر ناتوانین بڵێین گه‌نجانی په‌رله‌مانتار له كاره‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو بوون له بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ركه‌وت كۆمه‌ڵگه گه‌نده‌ڵی ناوێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وان له پشتی كامێراوه حه‌زی لێ ده‌كه‌ن و پاڵپشتی یاساییشی بۆ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
بۆیه لێره‌دا ده‌توانین بڵێین گه‌نجانی په‌رله‌مانتار به‌گشتی نه‌یانتوانی نموونه‌یه‌كی جوانی په‌رله‌مانتاری پێشان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجانی دوای خۆیان كه كاندید ده‌كرێن بۆ په‌رله‌مان، شانازیی پێوه بكه‌ن و وه‌ك نموونه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌نگی پێ كۆ بكه‌نه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌یشی ده‌نگیان به گه‌نج داوه له رابردوودا، ئێسته له سۆشیال میدیا په‌شیمانی ده‌رده‌بڕن و ره‌خنه له خۆیان ده‌گرن له‌و ده‌نگدان و متمانه به‌خشینه‌وه‌دا.