(١)
هه‌ڵبژاردن و ماناكانی بوون به سه‌رۆك
هه‌ڵبژاردن رووداوێكی سیاسیی گرنگه. له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی دیموكراتیدا هه‌ڵبژاردن وه‌ك ئۆكسجین ده‌بینرێت، وه‌ك باشترین و خێراترین رێ بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و بنه‌مای حوكمڕانی. ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دات، خۆی تازه ده‌كاته‌وه، پڵوڕاڵیزم و لیبڕاڵبوونی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه بۆ دنیا. ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ئه‌مڕۆ له ساته‌وه‌ختێكه ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌گه‌ڵماندا ئاماده‌یه! دنیا پڕه له قه‌یران و ململانێ و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.
ئه‌مه‌ریكا كێشه‌كانی ناوی، قه‌یران و ململانێكانی قووڵتر و فراوانتر ده‌بێت. هه‌ڵبژاردن و ماناكانی بوون به سه‌رۆك له‌و وڵاته‌دا ئه‌مجاره دیارده‌یه‌كی جیاوازه له رابردوو. ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژی به‌سه‌ده‌ی دۆناڵد تڕه‌مپ ناسراوه، تڕه‌مپ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات و ستراتیجه‌كانی بۆ داده‌نێت. دیاره له چوار ساڵی رابردوودا كه‌سایه‌تی تڕه‌مپ گفتوگۆ و دیارده‌ی تری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه هه‌م له ناوه‌وه و هه‌میش له ده‌ره‌وه! دیارده به‌و مانایه‌ی تڕه‌مپ ویستوویه‌تی جیاواز بیر بكاته‌وه و سیاسه‌ت بكات. ئاڕگیۆمێنت و چیڕۆكه‌كه به‌مشێوه‌یه بوو كه تڕه‌مپ شكۆ بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و وڵاته‌كه كاریگه‌ر ده‌كاته‌وه. ئه‌م چیڕۆكه له چوار ساڵی رابردوودا بنه‌مای ئاریشه و كرۆكی ململانێكانه.
ئێسته جۆ بایدن نوێنه‌رایه‌تی دیموكراته‌كان ده‌كات، چیڕۆكی دژ به تره‌مپ مانیفێستۆ ده‌كات، ده‌یه‌وێت جیاواز خۆی بناسێنێت. جۆ بایدن به‌و ئاراسته‌یه كار ده‌كات كه تڕه‌مپ له چوار ساڵی یه‌كه‌مدا له‌بری گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆ بۆ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ریكای كردووه به زبڵ، وێنه‌ی وڵاته‌كه‌ی له دنیادا ناشیرین كردووه. ئه‌م چیڕۆكه لای تڕه‌مپ به‌جۆرێكی تره، ڕاستییه‌كه‌ی ماناكانی بوون به سه‌رۆك لای تڕه‌مپ فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی تر وه‌رده‌گرێت، له‌كورتترین و ساده‌ترین مانادا ئه‌مه‌ریكا هێزێكه ده‌بێت پاره و سه‌رمایه كۆ بكاته‌وه و به‌ئاسانی به‌فیڕۆی نه‌دات! ده‌وڵه‌ت چۆن بكه‌یت به ده‌زگایه‌ك بۆ پاره په‌یداكردن و بزنس. سه‌رده‌می تڕه‌مپ بنه‌مای ده‌وڵه‌تی بزنسمانه.
(٢)
ره‌شپێسته‌كان كێن!
ره‌شپێسته‌كان خاوه‌ن مێژووییه‌كی قووڵ و ئاڵۆزن له دویای ئهمهریكیدا به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌مانه‌وێ گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌وساندنه‌وه، په‌راوێزخستن و بێبه‌شكردنیان بكه‌ین و له دیوه شاراوه و ناوه‌كییه‌كه‌یان تێبگه‌ین! رۆژگارێك له دنیای ئهمهریكیدا ره‌نگی پێست چه‌مكی هاووڵاتی له‌سه‌ر بنیات نراوه و رۆڵ و مافه‌كانی له‌سه‌ر دابه‌ش كراوه‌ته‌وه. سپی‌پێست وه‌ك هاووڵاتی پله یه‌ك و باڵا. ره‌شپێست وه‌ك هاووڵاتی پله دوو و پله سێ و ته‌نانه‌ت وه‌ك ناهاووڵاتیش وێنا كراوه! ده‌كرێت بڵێین ره‌شپێسته‌كان وه‌ها لێكراون كه له ناشوێندا بژین! بێ نیشتمان و بێ ماڵ. ئه‌م شێوه له سیاسه‌تی سڕینه‌وه و نكۆڵی لێ‌كردن به‌هۆی رهنگیپێستهوه هه‌موو پانتایی ئه‌مه‌ریكیشی دابه‌ش كردبوو بۆ پانتایی سپی‌پێست و پانتایی ره‌شپێست. چێشتخانه‌ی سپی‌پێست به‌ته‌نیا و ره‌شپێست به‌ته‌نیا، له‌ناو پاسدا سپی‌پێست ده‌بێت له‌سه‌ر كورسی دابنیشێت و ره‌شپێستیش به پێوه بوه‌ستێت. دیاره ئه‌م رهیسزیمه دواتر كاڵ ده‌بێته‌وه و كۆتایی پێ دێت.
ئه‌مڕۆ تڕه‌مپ سه‌رۆكی وڵاته، به‌شێكی زۆری ره‌شپێسته‌كان لێی ناڕازی و به‌گله‌یین! دیاره له خول و چوار ساڵی یه‌كه‌مدا تڕه‌مپ به‌و ئاراسته‌یه كاری كردووه دژ به ره‌شپێسته‌كان بێت، هه‌م له‌ڕێی رووداوه‌كانی ناو وڵاته‌كه، هه‌م له‌ڕێی گوتار و زمانی ئاخاوتنی تڕه‌مپه‌وه. رووداو به‌و مانایه‌ی كاتێك كاراكته‌رێكی ره‌شپێستی وه‌ك (جۆرج فلۆید) له‌لایه‌ن پۆلیسێكی سپیپێسته‌وه ده‌كوژرێت، تڕه‌مپ وه‌ك سه‌رۆك كاردانه‌وه‌ی نابێت، ناجووڵێت، به‌ڵكو خۆپێشاندانی ره‌شپێسته‌كان بڵاوه پێ ده‌كات. ئه‌م دۆخه له‌كاتێكدایه ده‌نگی ره‌شپێسته‌كان له هه‌ندێك شوێن، ویلایه‌ت یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه به‌تایبه‌ت كاتێك دیموكرات و كۆمارییه‌كان رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان له یه‌كتره‌وه نزیك ده‌بێت، ره‌شپێسته‌كان براوه یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت له ویلایه‌ته‌كانی فلۆریدا و په‌نسلڤانیا. دیاره ره‌شپێسته‌كانی ئه‌م دوو ویلایه‌ته رۆڵیان هه‌یه له به‌خشینی مانا به سه‌رۆك و پاڵ پێوه‌نانیان بۆ كۆشكی سپی.
(٣)
ڤاكسین، رێی گه‌یشتن به كۆشك
تڕه‌مپ وه‌ك به‌شێك له هه‌ناوی دنیای ئهمهریكیدا ده‌یه‌وێ جه‌نگی گه‌یشتنه‌وه به كۆشك، بوونه‌وه به سه‌رۆك له‌ڕێی ڤاكسین درێژ بكاته‌وه، به‌ڕێوه ببات و ئاراسته بكات. ڤاكسین وه‌ك هێز، ڤاكسین وه‌ك بنه‌مای زانین و مه‌عریفه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنادا. شه‌ڕ له‌ڕێی ڤاكسینه‌وه بۆ تڕه‌مپ هه‌م ره‌هه‌ندی ناوخۆیی و هه‌میش ده‌ره‌كی هه‌یه. ئه‌مڕۆ دنیا و ده‌وڵه‌ته ركابه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یانه‌وێ پرسی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین له پرسێكی ته‌ندروستی و بایه‌لۆجییه‌وه بگۆڕن بۆ پرسێكی سیاسی، ناسنامه زانستییه‌كه‌ی لێ بستێننه‌وه و داگیری بكه‌ن. ده‌كرێت ناوی ئه‌م پڕۆژه‌یه بنێین پڕۆژه‌ی گه‌مارۆدان و به‌سیاسیكردنی ڤاكسین. هێزه گه‌وره‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ڤاكسینه‌وه هێز دابڕێژنه‌وه و ناسنامه‌ی تازه بۆ خۆیان بنیات بنێن، بگه‌ن به هه‌ژموون و باڵایی و خۆسه‌پاندن.
دیاره تڕه‌مپ به قووڵی و به‌چڕی له هه‌ناوی ئه‌م ململانێ و دۆخه‌دایه و ده‌یه‌وێ به فۆڕمێكی تایبه‌ت ئه‌م جه‌نگه به‌ڕێوه ببات و ئامانجه سیاسی و ستراتیجییه‌كانی خۆی له‌ڕێیه‌وه به‌ده‌ست بهێنێت. دیاره چركه‌ساتی نزیكبوونه‌وه له هه‌ڵبژاردن، ململانێكان له‌ڕێی ڤاكسینه‌وه قووڵتر ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك تڕه‌مپ ده‌یه‌وێت وه‌ك كه‌ره‌سته و ئامرازی بانگه‌شه و بڕواپێكردنی ده‌نگده‌ر به‌كاری بهێنێت، ته‌مه‌نی سیاسیی خۆی پێ درێژ بكاته‌وه. له به‌رانبه‌ر نه‌یاره ده‌ره‌كییه‌كانیدا به‌تایبه‌ت چین و رووسیا وه‌ك كارت و بنه‌مای هێز به‌كاری بهێنێت. پێ ده‌چێت كۆتایی چیڕۆكه‌كه لای تڕه‌مپ به‌مشێوه‌یه بێت: ده‌نگم پێ بده، بمكه‌وه به سه‌رۆك، ڤاكسینێكت پێ ده‌ده‌م.