(١)
سنووری نه‌رم و سنووری ره‌ق
ئه‌وه‌ی كۆماری عێراق پێیه‌وه ده‌ناڵێنێت (بیناكردنی ده‌زگا و سنووره)، عێراق ناتوانێ ده‌زگا و سنووره‌كان بۆ خۆی گل بداته‌وه، بینا بكات و درێژه‌ی پێ بدات. هه‌موو سیستمه حوكمڕانییه‌كان له‌و وڵاته‌دا گرفتیان له‌گه‌ڵ سنوور، گه‌یشتن به سنوور، پاراستن و مانه‌وه له‌ناو سنووره‌كاندا هه‌بووه. دیاره یه‌كێك له گرفته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراقی دووربوون و زاڵنه‌بوون بووه به‌سه‌ر سنووره‌كاندا به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند شوێنێكی تر.
پێ ده‌چێت دیارده‌ی دووربوون له سنوور له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كه خواستی خه‌ڵك بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته خواستێكی زۆرملێیانه بێت، پرۆسه‌ی شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی پڕ گرفت و قه‌یران بێت و هه‌موو هاووڵاتی، ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ و گرووپه ئیتنیكییهكانی ناو ده‌وڵه‌تی عێراق خه‌یاڵیان به‌لای ده‌وڵه‌تی عێراقدا گرێ نه‌درابێت و نه‌به‌سترابێته‌وه. ده‌كرێت له ژینگه‌یه‌كی سیاسی و ده‌وڵه‌تێكی له‌مشێوه‌یه‌دا سنوور وه‌ك سنوورێكی شل یان نه‌رم بینا بكه‌ین و پڕ بێت له دینامیكییه‌ت و جووڵان و گۆڕان و خاوه‌ن بچم و رووخساری جیاجیا و جیاواز.
ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانه. یه‌كێك له بیركردنه‌وه و پڕۆژه‌كانی، گۆڕینی دۆخی سنووره له سنووری نه‌رم و شله‌وه بۆ سنووری ره‌ق و ناوه‌ندگه‌را. كازمی هه‌وڵ ده‌دات زیاتر له رێی سنووره‌كانه‌وه ده‌ربكه‌وێت. سنوورێك له به‌سره‌وه ده‌ست پێ بكات و له زاخۆوه كۆتایی پێ بێت. ئه‌مه ناوه‌ڕۆكی مۆدێڵێكه پێی ده‌گوترێت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندگه‌را. ئارگیۆمێنتی ئێمه ئه‌وه نییه كه له فۆڕمی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیزم سنوور نابێت یه‌كپارچه و یه‌ك پانتایی بێت و ده‌وڵه‌ت ده‌بێت زیاتر له سنوور و هێزێكی سنووری هه‌بێت! ئارگیۆمێنتی ئێمه ده‌یه‌وێت گفتوگۆ له‌باره‌ی دیارده‌ی ناسین و ددانپێدانانی خه‌ڵك و دانیشتووانی سنووره‌كان بكات به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌را.
كازمی له سنووره‌كانی هه‌رێم ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌شێوه‌ی سیمبۆلی! هه‌م دانیشتووانی به‌سره و هه‌میش دانیشتووانی زاخۆ خاوه‌ن دوو هێڵی سنووری، ئه‌ده‌بیاتی سنوور و جیۆگرافیای سنووری جیاوازن و به‌یه‌كتر ئاشنا نین! نه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، نه كازمی و نه هاوڕێكانی ناتوانن ببن به كۆكه‌ره‌وه و لێكدانی سنوور و ئاشناكردنی دانیشتووانه‌كه‌ی به‌یه‌كتر. ئه‌مه كرۆكی په‌رتبوونی ده‌وڵه‌ت و سنووری شل یان نه‌رمه.
(٢)
گه‌ڕان به‌دوای پێگه‌دا
كازمی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ولێر، زاخۆ، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ده‌كات. خه‌ڵك لێی كۆ ده‌بنه‌وه و داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. خه‌ڵك له‌سه‌ر رێی هاتوچۆی ده‌وه‌ستن وه‌ك ئه‌وه‌ی له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدابن و گۆدۆ بگات. چركه‌ساتی گه‌یشتنی كازمی له گه‌یشتنی گۆدۆ ده‌چێت! گۆدۆ هه‌رگیز ناگات، به‌ڵام كازمی به‌شێوه‌ی سیمبۆلی و ته‌كتیكی ده‌گات و هیچ له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێت. پرۆسه‌ی هاتنی كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك ئه‌وه وابوو (سامۆئێل بیكێت)ێك سیناریۆ و رۆڵ و ته‌كنیكی قسه‌كردن و نواندن و مۆدێلی كهمیونیكهیشنی له‌گه‌ڵ بینه‌ردا بۆ رێكخستبێت و داڕشتبێت.
دیاره كازمی ته‌كنیكی نزیكبوونه‌وه له خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خستووه‌ته كار، چۆن له‌گه‌ڵ دامێنی كۆمه‌ڵ و په‌راوێزخراوان و به‌شخوراوانی له پێوه‌ندیدا بێت، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكات و گوێ له چیڕۆك و كۆژان و رابردوویان رابگرێت، به‌ڵام ئه‌م چیڕۆكه ناتوانێت ژیانی تاك، كۆمه‌ڵ و هیچ كه‌سێك ده‌ستكاری بكات و دابڕێژێته‌وه. كولتووری سیاسی له عێراق كولتوورێكی بێ ناسنامه و بێ په‌یام و بێ قووڵاییه! كولتوور به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌م كولتووری جه‌ماوه‌ر و هه‌میش كولتووری ده‌سته‌بژێر به‌یه‌كه‌وه كار ناكه‌ن و دژبه‌یه‌كن، یه‌كتر ته‌واو ناكه‌ن و دوور لهیهكن. كازمی ده‌یه‌وێت له‌ناو ئه‌م بۆشایی و دابڕانه كولتوورییه گه‌شه بكات و خۆی به‌رهه‌م بهێنێته‌وه، ده‌ست بۆ بیناكردنی پێگه، داهاتوو و پرۆسه‌ی به جه‌ماوه‌ریبوونی خۆی بكات، به‌تایبه‌ت له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌قامی عێراقی ئه‌م ستراتیج و پرۆسه‌یه زۆر ئاسانه و جه‌ماوه‌ر یان گشت به خێرایی و سانایی مۆبیلیزه ده‌بێت و ده‌ورووژێت.
(٣)
حوكمڕانی له‌ڕێی هونه‌ری وێنه‌گرتنه‌وه
كازمی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، دواتر كهراكتهری كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت به دوو پارچه، به‌ش و تارمایی! كازمییهك له‌ناو وێنه و فۆتۆكاندا، كازمییهك وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پایه. پرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك كار ده‌كات كه كازمی له رۆژنامه‌نووسێكه‌وه بگوازێته‌وه بۆ پاڵه‌وانێكی مێژوویی و ده‌گمه‌نی ناو كرده‌ی حوكمڕانی! پرۆسه‌ی به پاڵه‌وانكردن له‌ڕێی وێنه‌وه، دروستكردنی رووداو له‌رێی وێنه و هونه‌ری وێنه‌وه و فه‌لسه‌فه‌ی چركاندنی وێنه‌وه. دیاره دۆخێكی له‌مشێوه‌یه بۆ عێراقییه‌كان له چركه‌ساتێكی دۆنكیشۆتییانه ده‌چێت! پاڵه‌وانبازی و پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنانی پاڵه‌وان له‌ناو وێنه و فۆتۆكاندا ناتوانێت چیڕۆكێكی تازه، خه‌ون و شێوه ژیانێكی هاوچه‌رخ بۆ هیچ خێزانیكی عێراقی بهێنێت.
ڕاستییه‌كه‌ی بیناكردنی كۆپێوهندی و حوكمڕانی له‌ڕێی وێنه و فۆتۆوه ناتوانێت له بنه‌ماكانی حوكمڕانی باش، دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، بیناكردنی ده‌زگا و سیستم، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، یه‌كسانی و ئازادی، نیشتمانسازی و هاووڵاتیبوون و مه‌ده‌نیبوون و حكوومه‌تی به‌رپرسیار نزیكمان بكاته‌وه. ئه‌مڕۆ كازمی بوونه‌وه‌رێكه له‌رێی وێنه‌ی سه‌ردان و چالاكییه‌كانیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و بازاڕسازی بۆ ده‌كرێت. بهوێنهكردن و به‌دیجیتاڵكردنی كۆی كایه‌ی حوكمڕانی هه‌م جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه و هه‌میش جه‌سته‌ی سیاسی كازمی ده‌كوژێت و ئه‌ركه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بیر ده‌باته‌وه. بهڤێرجواڵكردن و زاڵكردنی وێنه به‌سه‌ر كردار، بڕیار و ئاگایی ده‌سته‌جه‌معی و زاكیره‌ی گشتیدا رووبه‌ڕووی نائومێدی زیاتر، وه‌ڕسبوون و بێ هیوایی زیاترمان ده‌كاته‌وه. وێنه‌كان تراجیدیای حوكمڕانی له عێراقدا ناگۆڕن.