(١)
ئاڵا وه‌ك ده‌زگای نوێنه‌رایه‌تی
ئاڵا چییه و چۆن به سیمبۆل ده‌كرێت! ئاڵا نوێنه‌رایه‌تی كێ ده‌كات! ئاڵا دوو به‌ش، ره‌هه‌ند و لێكدانه‌وه له‌خۆ ده‌گرێت. به‌شی ره‌ق و نه‌رم. ره‌ق وه‌ك دۆخی فیزیكی، ره‌نگ و شێوه و قه‌باره و فۆڕمه‌كه‌ی. به‌شه نه‌رمه‌كه‌ی بریتییه له دنیای سیمبۆله‌كان، دنیای كۆد و هێما و چیڕۆكه‌كان. لێره‌وه پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دێته كایه‌وه. ئاڵا له‌ڕێی كۆد و سیمبۆله‌كانه‌وه ده‌یه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی كێ بكات، به‌ناوی كێوه قسه بكات و چ چیڕۆك و سیستمێكی هێمایی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، خه‌ڵكانی تر، بێگانه‌كان و ئه‌وانی تر بنێرێت و ئاراسته بكات.
دیاره له دنیای ئه‌مڕۆدا ئاڵا وه‌ك ده‌زگایه‌ك ده‌بینرێت بۆ نماینده‌ی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت، یه‌كه‌یه‌كی سیاسی و جیۆگرافیایه‌كی دیاریكراودا. پێش له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ئاڵا ئاماده‌یی هه‌بووه، وه‌ك سیستمی گه‌یاندن و ئاماژه و په‌یام ناردن خراوه‌ته كار، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و گه‌شه‌كردنی ئاڵا ئه‌رك و ماناكه‌ی ده‌گۆڕێت و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت له پێوه‌ندیدا ده‌بن، وزه، تین و سرۆش له یه‌كتر وه‌رده‌گرن. ئاڵا له كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئه‌بستڕاكته‌وه ده‌گۆڕێت و ده‌بێت به سیمبۆل و كاریزما، ده‌بێت به كۆكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی جیاواز و له‌یه‌ك نه‌چوو به‌تایبه‌ت له ده‌وڵه‌تێكدا یان پانتاییه‌كدا كه گرووپه‌كانی ناوی سه‌ر به ئیتنیكی جیاوازن و به‌زمانی جیاواز گفتوگۆده‌كه‌ن، بیرده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌بن، به‌ڵام ئاڵا له ساته‌وه‌ختێكدا ده‌بێت به كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان، شێوه‌یه‌ك له نوێنه‌رایه‌تی و نوێنه‌ربوون وه‌رده‌گرێت به‌ناوی هه‌مووانه‌وه.
ئێسته چوارچێوه، شكۆ و ئۆتۆنۆمبوونی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئاڵا و سیمبۆله‌كانی ناوی تێكه‌ڵ و ئاوێته كراوه. له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌زگایه‌كی وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕێی ئاڵا و دنیای كۆده‌كانه‌وه مانیفێستۆی خۆت و نه‌ته‌وه و خه‌ڵك ده‌كه‌یت. من خاوه‌ن ئاڵام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه‌واته من ده‌وڵه‌تم و من هه‌م، من ئاماده‌م و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدام.
(٢)
سووتاندنی ئاڵا یان جینۆسایدی نه‌رم
دیارده‌ی سووتاندن، خستنه ژێرپێ و سووكایه‌تیكردن به ئاڵا له زۆر شوێنی دنیادا ئاماده‌یه و ده‌بینرێت. به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌كته‌ر و بكه‌ره سیاسییه‌كان به‌ها و نۆرم و پڕۆژه سیاسییه‌كانیان دژ به‌یه‌كتر ده‌وه‌ستێته‌وه و ناكۆكن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا. ئه‌م دیارده‌یه له ناوه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت خۆی درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و پانتاییه‌كانی تر. ئێران له زۆر گۆشه و رووبه‌ردا ئاڵای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌سووتێنێت و ده‌خاته ژێر پێ و شه‌قامه گشتییه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت كاتێك قاسم سلێمانی ده‌كوژرێت. سووتاندن لێره فۆڕمێكی ته‌واو قووڵه له دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و سڕینه‌وه.
له به‌غدای پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵ ئاڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌سووتێنرێت! میلیشیاكان ئاڵاكه ده‌سووتێنن! سووتان لێره به‌ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كی فیزیكی نییه! پرۆسه‌یه‌كی فراوانتر و قووڵتره و گوزارشت له چه‌ندان بیركردنه‌وه و پڕۆژه‌ی سیاسی ده‌كات. سووتاندنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا وه‌ك ستراتیجێك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و لێگه‌سی و پێگه‌ی مێژوویی كورد. دیاره له هه‌ندێك بارودۆخدا سووتاندنی ئاڵا وه‌ك جینۆساید و پاكتاوێكی نه‌ژادی ده‌بینرێت به‌تایبه‌ت كاتێك دوو سێ گرووپی ئیتنیكی جیاواز له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا ده‌ژین و خاوه‌ن دۆخی مێژوویی، نه‌ته‌وه‌یی و دنیای سیمبۆله‌كانی تایبه‌ت به‌خۆیانن. ئاڵا بۆ دنیای ئێمه به‌ته‌نیا ماده‌یه‌كی فیزیكی و دنیای ره‌نگه‌كان نییه، هه‌ڵگری یاده‌وه‌ری، نۆستالیجیا و رابردوو و چه‌ندان چیڕۆكی خه‌مناكی سیاسییه. سووتاندنی ئاڵای هه‌رێم گوزارشتكردنه له ئاستێكی مه‌ترسیداری ره‌تكردنه‌وه و سڕینه‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا.
(٣)
یه‌ك ده‌وڵه‌ت و دوو ئاڵا
ئه‌وه‌ی له ئه‌لف و بێ و سه‌ره‌تاكانی سیستمی فیدڕاڵیزم شاره‌زا بێت و تێبگات، ده‌زانێت كه له‌م سیستمه‌دا هه‌م ئاڵای فیدڕاڵ و هه‌میش ئاڵای هه‌رێم، كانتۆن و ویلایه‌ته‌كان ده‌بینرێت. ئه‌مه بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕی فیدڕاڵیزمه و ده‌ستووری فیدڕاڵی رێی پێ ده‌دات و به یاساش ئاڵا و شێوه‌ی جووڵان و جووڵه سیاسییه‌كانی رێكده‌خرێت، به‌ڵام ئاڵای ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ رۆڵێكی باڵاتر ده‌گێڕێت. رۆڵ به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌موو پارچه جیاواز و فره‌چه‌شن و هه‌مه‌جۆره‌كانی ناو ده‌وڵه‌ت كۆ بكاته‌وه و بتوانێ به‌یه‌كسانی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موویان بكات و ببێت به هه‌ڵگری خه‌مه سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كولتووری و ئابوورییه‌كانی هه‌مووان؛ دواتر ببێت به كه‌ره‌سته‌ی ناسنامه‌ی هاوبه‌ش و یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش و هه‌موو ئه‌ندامانی نێو كۆمه‌ڵگه و هاووڵاتییان به‌خۆیه‌وه ببه‌ستێته‌وه. دیاره ئه‌م هه‌سته بۆ ئاڵای عێراق به‌ته‌واوی لاوازه له دنیای ئێمه‌دا به‌هۆی دیارده‌ی سیاسی تره‌وه، به‌هۆی رووداو، مێژووی سیاسی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه.
دیاره سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه لێره‌وه‌یه كه ئاڵای عێراق ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بكات و ببێت به سیمبۆلی زاڵ و ده‌زگای كۆ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان دووانه‌ی هاووڵاتی و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت. ئاڵا لێره گرێده‌ر و چه‌سپێنه‌ری ئه‌م دوو جه‌مسه‌ر و جومگه‌یه نییه! زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هیچ چیڕۆكێك به كۆده‌كانی ناو ئاڵای عێراقی چه‌سپ ناكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێژوو و ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی نه‌بوونه به وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازی و خه‌ونه‌كانی دنیای ئێمه. ئه‌م دۆخه دیارده‌یه‌كی به‌رهه‌مهێناوه ده‌كرێت ئێمه به دیارده‌ی دوو ئاڵای زاڵ و ركابه‌ری ناو ببه‌ین له هه‌ناوی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا. لێره به‌هۆی سته‌می ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند، قۆرخكردنی سه‌رچاوه‌كانی هێز و زه‌بروزه‌نگه‌وه ئاڵاكه‌ی له ئاڵابوونی خۆی ده‌كه‌وێت و ره‌وایه‌تی سیمبۆلییانه‌ی نامێنێت و ئاڵای تر و چیڕۆكی تر شوێنی ده‌گرنه‌وه.