سێ رووداوی داهاتووی عێراق

AM:11:00:12/03/2024 ‌
یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان 

دواجار دادگای فیدڕاڵی عێراق پرسی سیستمی هەڵبژاردن و بازنە و کۆتاکانی یەکلاکردەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش 10ی مانگی شەشی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد. هەڵبژاردن یەکێکە لە سیما هەرە دیار و زیندووەکانی ژیانی دیمۆکراسی و بە رۆحی هەموو سیستم و کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتی دادەنرێت. 

ژێرخانی فکری دیمۆکراسی بریتییە لە لیبڕاڵیزم و ئازادییە تاکە کەسییەکان و بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتێکی مەدەنی. بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەموو هاووڵاتییەک دوای 18 ساڵی  دەتوانێت دەنگ بدات و دوای 25 ساڵی دەتوانێت خۆی کاندید بکات و بچێتە ناو دامەزراوەی پەرلەمانەوە. ئەم رێککارە یاساییە سەرەتایەکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئازادی بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت مافە سیاسی و مەدەنییەکانی خۆیان پێڕەو بکەن. لەلایەکی تریشەوە بەشداری هاووڵاتییان بەشێکی کاریگەریی بەشداری سیاسییە و لە ڕێگەیەوە جارێکی تر شەرعیەت بە سیستمی سیاسی و دامەزراوەکان دەدرێتەوە، بەمەیش ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا هەیە جارێکی تر تازە دەبێتەوە و شەرعیەت وەردەگرێتەوە. 

هەلبژاردنی هەرێمی کوردستان هەم بۆ هەرێم و دانیشتوانەکەی و هەمیش بۆ عێراق گرنگ و بایەخدارە لەبەر ئەم هۆکارانە: 
یەکەم، هەڵبژاردن تاکە دەرگا و دەروازەیە بۆ راگرتنی پێگەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی و پێدانەوەی ستاتۆ سیاسی و یاسایی و دەستوورییەکەی و پاراستنی لە لاوازبوون و پووکانەوەی. 

دووەم، هەڵبژاردن کاریگەرترین ناسنامەیە بۆ هەر کیانێکی سیاسی بە تایبەت کیانێک ململانێی سیاسی و کێشە و دابەشبوونی تێدا بێت، هەڵىژاردن دەتوانێت دووبارە بەپێی قەبارە و رۆڵ و پێگەی پارت و لایەن و هێزە سیاسییەکان ناسنامە و هێز بە هەرێمەکە ببەخشێتەوە. لەلایەکی تریشەوە دامەزراوەکان پتەوتر و سەقامگیرتر دەکات لە بەرانبەر ناوەند و بەغدا و هێزە نەیارەکانیدا. 

دووەم/ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق 

ئێستە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە، واتە گەورەترین دەزگەی یاسادانانی عێراق سەرۆکی نییە و سەرۆکەکەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لەکار لابراوە بەهۆی گەندەڵی و چەند پرسێکی ترەوە. پەرلەمانی عێراق بەپێی نەریت و عورفی سیاسی بۆ سوننەیە و سەرۆک کۆماریش بۆ کورد و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شیعە. ئەم دابەشكارییە زیاتر بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز و هاوبەشی و بەشداری سیاسی هەموو پێکهاتەکانە لە عێراقدا، چونکە وڵاتەکە پانتاییەکی فرە پێکهاتەیە و چەند گرووپێکی ئیتنی جیاواز و نەتەوە و ئاین و مەزەوی جیاوازی تێدایە. 
ئێستە سوننە چەند بەربژێرێکیان ئامادە کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم پۆستە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ململانێیەکی ناوخۆیی و هەرێمی هەیە بۆ پۆستەکە، ئەمەیش هێندەی تر دەسەڵاتی یاسادانانی لاواز و بێ رۆڵ کردووە. سوننەکانیش لە ناوخۆیاندا کۆک نین لەسەر یەک کارەکتەری بەهێز بۆ سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق. پارتی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر و پارچەکانی تری ناو بلۆکی سوننە هەریەک دید و بەرنامە و تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە بۆ پرسەکە و بەیەک کاندید و بە هاوبەشی ململانێکانیان لەگەڵ نەیاران و شیعەکاندا بەڕێوە نابەن. 
محەمەد حەلبوسی پێشتر خاوەن دەنگ و پێگەیەکی بەهێز بووە لەناو سووننەکاندا، بەڵام دوورخستنەوەی لە مەیدان و گۆڕەپانی سیاسی جارێکی تر سوننەکانی دابەش کردەوە و پەرلەمانیشی بێ سەرۆک هێشتەوە. ئەوەیش رووداو و قەیرانێکی تری ناو پڕۆسەی سیاسی عێراقە و کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتەکانی تریش دەبێت. 

سێیەم/ دۆسیەی نەوت و موچە 

دۆسیەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، پرسێکی تری ئێستە و داهاتووی عێراقە و چارەسەرکردنی تا ئێستە نادیار و ئاڵۆزە. ئەگەرچی دادگای فیدڕاڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە و بڕیاری خۆی لەسەر داوە و بڕیارەکەیش یەکلاکەرەوە و کۆتاییە، بەڵام لە عێراق هەمیشە بڕیار و یاساکان شتێکن و دیفاکتۆ و ئاستی جێبەجێکردن شتێکی ترە. 

نزیکەی ساڵێک دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و هەناردەی دەرەوە ناکرێت، ئەمە زیانی دارایی و دبلۆماسی لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش داوە و هەردوولا لێی زیانمەندن و زیانی زۆریشیان بەرکەوتووە. نەوت سەرچاوەی سەرەکی و یەکەمی داهاتی هەموو عێراقییەکانە و وەستانی هەناردەی نەوتەکە کاریگەری راستەوخۆ و خێرای لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەرجەم بوارەکانی تر دەبێت. 

لەلایەکی تریشەوە، حکوومەتی بەغدا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بەتەواوەتی لەگەڵ هەرێمدا یەکلا نەکردووەتەوە و هێشتا گرفت و کێشە لە بەردەم پڕۆسەکەدایە، ئەگەرچی لە یاسای بودجەی پەسندکراوی سێ ساڵی عێراقدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکە ئاماژەی پێکراوە و دەبێت بدرێت، بەڵام بوار و ئاستی جێبەجێکردنی یاساکان بە دەستوور و یاسای بودجەیشەوە، هەمیشە شتێکی ترە و چیڕۆکێکی ترمان پێدەڵێ، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک عێراق کە دامەزراوە و یاسای تێیدا لاوازە و دیاردەی دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا هەیە و هێز لای خانە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی دەوڵەتە و وڵاتانی هەرێمیش هەمیشە کاریگەرن و بڕیار لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراقدا دەدەن و خاوەن هەژموون و سەنگی گەورە و کاریگەرن. 

پرسی نەوت و مووچە دوو گەورەترین ئالنگاری بەردەم دەوڵەتی عێراقن لەمساڵدا و ئەگەر چارەسەر نەکرێن و پرسەکە ئاڵۆزتر و قووڵتر دەبێتەوە یان بە لایەنی کەمەوە پرسی هاوسەنگی و هاوبەشی دەسەڵات و بەڕێوەبردن لاوازتر دەبێت.