په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
كایه‌ی سیاسه‌ت گۆشه‌گیری به‌رهه‌م دێنێت و كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش ته‌نیایی. گۆشه‌گیری و ته‌نیایی دوو چه‌مك و دۆخی ته‌واو له‌یه‌كتر جیان. مرۆڤ ده‌توانێت گۆشه‌گیر بێت. به‌و مانایه‌ی هه‌موو پێوه‌ندییه ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كانی بپچڕێنێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی له ته‌نیایی خۆی داببڕێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ ده‌توانێت ته‌نیا بێت بێ ئه‌وه‌ی گۆشه‌گیر بێت. دووانه‌ی ته‌نیایی و گۆشه‌گیری به‌یه‌كه‌وه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كار ده‌كه‌ن و مانا به یه‌كتر ده‌به‌خشنه‌وه و به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین.
گۆشه‌گیری ته‌نیا بواری ژیانی سیاسیی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه له‌كاتێكدا ته‌نیایی سه‌رتاپای ژیان و بنه‌ماكانی ژیانی مرۆڤ به ورد و درشتییه‌وه ده‌گرێته‌وه. بۆیه ده‌سه‌ڵات و ڕژێمی تۆتالیتا‌ر هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی گۆشه‌گیركردنی تاك و گرووپه‌كانه‌وه هه‌موو ڕووبه‌ره‌كانی ژیان بكوژێت و له تاك و كۆمه‌ڵی دوور بخاته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر كار له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی مرۆڤ ده‌كات و مۆدێلی ژیان و جووڵه‌ی تاكه‌كان و شێوه‌ی ڕووخساری هه‌موو تاكه‌كان دیاری ده‌كات. ده‌كرێت بڵێین جووڵه‌ی تاك و گرووپه‌كان له دنیای تۆتالیتاردا دیاریكراو و سنووردار و كۆنتڕۆڵ كراون.
له كۆریای باكوردا تاكه‌كان بۆیان نییه به دڵی خۆیان شێوازی قژیان رێك بخه‌ن و ماكیاج بكه‌ن و جلوبه‌رگ بپۆشن و گوێ له هه‌واڵ و هه‌موو كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕادیۆیی و موزیك بگرن، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات ئه‌و سنوورانه داده‌ڕێژێت و مانای تایبه‌تیان بۆ داده‌نێت و جووڵه‌ی دیاریكراویان بۆ به‌رهه‌م دێنێته‌وه. له كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا وه‌زاره‌تی كیشوه‌ر/ناوخۆ، كۆمه‌ڵێك ناوی تایبه‌تی دیاری كردووه كه گوزارشته له فه‌رهه‌نگ و ناوی فارسی و ئه‌و ناوه عه‌ره‌بییانه‌ی مانای شیعه‌بوون و شیعه‌گه‌رایی ده‌به‌خشنه‌وه. هه‌موو ئه‌و ئاكت و ژێرخانه سیاسی و سۆسیۆلۆجییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر بونیادی ده‌نێت، ده‌بێته یارمه‌تیده‌ر و ده‌رفه‌تێك بۆ ته‌نیاكردنی تاك و به‌رهه‌مهێنانی ته‌نیایییه‌كی ماوه درێژ.
ئایدۆلۆجیای تۆتالیتاریزم بانگه‌شه‌ی ڕاڤه‌كردن و لێكدانه‌وه‌ی هه‌موو شتێك و هه‌موو كایه‌كان ده‌كات! بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌یه‌وێت ورد و درشتی خانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگه بپشكنێت و ڕاڤه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ بكات و مانای تایبه‌تیشی بۆ دیاری بكات. ئه‌م ئایدۆلۆجیایه ئه‌وه‌نده خۆی به یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانێت هیچ كات به پێویست و گرنگی نازانێت له هیچ ڕووداوێكی تازه و دیارده و پرۆسه‌یه‌كی تازه‌وه ئه‌زموون وه‌ربگرێت و شت فێر ببێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه دیدێكی كورتخایه‌ن و ڕاگوزه‌رانه‌شی هه‌بێت. وه‌ها ده‌بینرێت كه تۆتالیتاریزم وه‌ك ئایدۆلۆجیا نایه‌وێت ده‌رگه‌كانی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه و سیستمێكی فكری بكاته‌وه، نه‌ك ڕه‌هه‌نده قووڵ و فكرییه‌كه‌ی خۆی ون بكات و شوناسه توند و داخراوه‌كه‌ی خۆی له ده‌ست بدات.
كاتێك بێنیتۆ مۆسۆلۆنی دیكتاتۆری ئیتاڵیا له ساڵی 1920دا مانا و هێماكانی تۆتالیتاریزم بۆ پێناسه‌كردنی ده‌وڵه‌تی فاشیستی ئیتاڵیا جێگیر ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌موومان له‌ناو ده‌وڵه‌ت و له‌پێناو ده‌وڵه‌تدا، له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت هیچ شتێك و له دژی ده‌وڵه‌تیش هه‌ر هیچ شتێك". كۆمه‌ڵگه‌ی ئیتاڵی ڕووبه‌ڕووی ته‌نیایییه‌كی سه‌یر و له‌ناكاو ده‌بێته‌وه و مۆسۆلێنی هه‌موو ئه‌ندامانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئیتاڵی ناچار ده‌كات له دۆخێكی ته‌واو ته‌نیاییدا بمێنێته‌وه و هه‌موو پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و واقیعی سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خۆی بپچڕێنێت.
ڕاسته له كۆمه‌ڵگه‌ی تۆتالیتاردا حاڵه‌تێكی ده‌سته‌جه‌معی و پێكه‌وه‌بوون و به گرووپبوون هه‌یه و خه‌ڵك له شوێنه گشتییه‌كاندا كۆ ده‌كرێنه‌وه و سیمبول و دروشم و حیكایه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت و ڕابه‌ریان پێ دووباره و چه‌ندباره ده‌كرێته‌وه و ناچار ده‌كرێن به پۆشینی جلی وه‌ك یه‌ك و هاوشێوه و له‌یه‌كچوو، به‌ڵام له ڕاستیدا پرۆسه‌كه به‌رهه‌مهێنانی ته‌نیایی و دابڕین و جیاكردنه‌وه‌ی تاكێكه له تاكێكی تر، دروستكردنی دیوارێكه له نێوان مرۆڤێك و ئه‌ویتر، دابه‌شكردنی ڕۆڵ و ئه‌ركی ته‌واو جیاواز و له‌یه‌ك نه‌چووه له نێوان هه‌موو ئه‌نداماندا، سه‌پاندنی دۆخی ته‌نیایی و جودایییه به‌سه‌ر هه‌موواندا.