په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م
چه‌مكی حكومڕانی باش و ماناكانی
یه‌كێك له پرسیاره گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و فكری سیاسی، پرسی حوكمڕانی و حوكمڕانی باشه، پرسیاره‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كێ ببێت به حوكمڕان و كێش ببێت به حوكم به‌سه‌رداكراو؟ دیاره فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌رده‌وام مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌م پرسیار و چه‌مكانه ده‌كات و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات رێ و هه‌نده‌سه‌یه‌كی تایبه‌تی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌م پرسه بدۆزێته‌وه و مانای جیاوازیان بۆ ده‌ستنیشان بكات.
هه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كلاسیكی یۆنان و رۆم تا ده‌گات به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هاوچه‌رخ، هه‌ڵبژاردن و كرده سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێك بووه له رێیه‌كانی دروستبوون و به‌رهه‌مهێنانی ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕه‌وا, واته هاووڵاتی یان ده‌نگده‌ر به‌شێك له ئازادی و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری و ره‌گه‌زه‌كانی ده‌سه‌ڵاته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت به فه‌رمانره‌وا یان نوێنه‌ره‌كه‌ی تا له بری ئه‌و فه‌رمان بكات, یان ده‌كرێ بڵێین بڕیار بدات و سنووره‌كانی باشه و خراپه له یه‌كتر جیا بكاته‌وه و مانا جیاوازه‌كانی چاكه‌ی گشتی دابڕێژێته‌وه.
راستییه‌كه‌ی ده‌كرێ ئێمه چه‌مكی ده‌سته‌بژێری حوكمڕان زیاتر له ڕێی قوتابخانه‌ی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌وه بخوێنینه‌وه و ره‌هه‌نده قووڵه‌كانی بناسین. تۆماس هۆبز و جۆن لۆك و جان جاك رۆسۆ, وه‌ك سێ كاراكته‌ری ناو ئه‌و قوتابخانه‌یه پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی به‌رهه‌م بێنێت و له "دۆخی سروشتی" خۆی ڕزگار بكات, په‌نا بۆ گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بات و واز له به‌شێك له ماف و ئازادییه تاكه‌كه‌سییه‌كانی خۆی دێنێت و ده‌یدات به فه‌رمانڕه‌وا.
پرۆسه‌كه وه‌هایه كه مرۆڤ له دۆخی سروشتی‌دا له دۆخی ئه‌ناركیزم و پاشاگه‌ردانی ده‌ژیی و جووڵه ده‌كات, دۆخی سروشتی وه‌ك تۆماس هۆبس پێی وایه، "مرۆڤ ده‌بێت به گورگی مرۆڤ!" دۆخی سروشتی لێره چوارچێوه‌یه‌كی ته‌واو بێ دیسپلین و بێ ئۆرده‌ر و نائارامه. هیچ ناوه‌ند و ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا نییه، هه‌م جۆرێك له ئارامی و هه‌میش فۆڕمێك له دڵنیایی و رێكخستن و ئاسایش دابین بكات. ته‌واوی ئه‌م حیكایه‌ته‌ی تۆماس هۆبس و هاوڕێكانی گوزارشت له‌وه ده‌كات كه مرۆڤ ده‌یه‌وێ له ڕێی به‌رهه‌مهێنانی فه‌رمانڕه‌واوه، چوارچێوه‌یه‌كی ئارام و پڕ له ئاسایش به‌ده‌ست بێنێت و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی‌دا ئاماده‌یی هه‌بێت و بجووڵێت و به‌ها سیاسیی و تاكه‌كه‌سییه‌كانی تێدا به‌رهه‌م بێنێته‌وه.
له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هاوچه‌رخدا چه‌مكی حوكمڕانی باش له دایك ده‌بێت و پێ ده‌چێت ئه‌م چه‌مكه زیاتر هێما بێت بۆ جۆری ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی دێنه ناو كایه‌ی حوكمڕانییه‌وه له‌لایه‌ك و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سیستمی حوكمڕانییهكهش له‌لایه‌كی تره‌وه.
حوكمڕانی باش زیاتر گوزارشت له دۆخێك ده‌كات كه چۆن هاووڵاتیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسیی دیاریكراو، مانا جیاوازه‌كانی به‌خته‌وه‌ربوون و دڵخۆشی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی و ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی و هاووڵاتیبوون و ئاسایش و داواكاری و خه‌ونه‌كانی بۆ دابین بكرێت, یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بڕێك له بنه‌ماكانی چاكه‌ی گشتی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌دا ببه‌خشرێته‌وه.
دووه‌م
پیاوی باش و حوكمڕانی باش
یه‌كێك له گوته‌كانی ئه‌مڕۆی ناو ده‌سته‌بژێری سیاسی و شه‌قامی دنیای ئێمه ئه‌وه‌یه كه (عادل عه‌بدولمه‌هدی) سه‌رۆك وه‌زیرانی تازه هه‌ڵبژێراوی عێراق "پیاوێكی باش"ـه, باش به مانای ئه‌وه‌ی بۆ كورد باش ده‌بێت, چونكه له ڕابردوودا هاوشانی پێشمه‌رگه له شاخ بووه و زیاد له پێویست كراوه‌ته سه‌رچاوه‌ی هیوا و ئومێد و ڕۆشنایی و به‌خته‌وه‌ربوون.
به‌ڵام یه‌كێك له ته‌نگژه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو دنیای سیاسیی ئێمه، تێنه‌گه‌یشتنه له سیاسه‌ت وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی, سیاسه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی ما‌كیاڤێلی هێڵه گشتییه‌كانی بۆ داڕشت و ئه‌خلاق و پیاوی باش و پیاوی چاكی لێ خسته ده‌ره‌وه. بینینی ئێمه بۆ كایه‌ی سیاسی، بینینێكه به ته‌واوی پڕ كراوه له نۆستالیجیایهكی زیاد له پێویست رۆمانسی و هه‌نده‌سه‌یه‌كی عاتیفی زیاد له پێویستیش ده‌یجووڵێنێت و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به‌ڵام سیاسه‌تكردن پێوه‌ندی نێوان دوو دراوسێ نییه تا چه‌مكی باشه و خراپه به‌یه‌كه‌وه‌یان گرێ بدات, یا فاكتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌یان ببه‌ستێته‌وه.
عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كرێت له ده‌ره‌وه‌ی بونیادی سیاسی و بیرۆكراسیی و ململانێ ئاڵۆز و قووڵه‌كانی ناو دنیای عێراقی, بوونه‌وه‌رێكی باش بێت. به‌ڵام له پرۆسه‌ی حوكمڕانی و خانه سیاسییه‌كانی عێراقدا, چه‌مكی پیاوی باش ئاماده‌یی نییه. دامه‌زراوه‌ی باش هه‌یه، بنه‌مای باش هه‌یه، بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی سیاسی باش هه‌یه, به‌ڵام "پیاوی باش" له هیچ كولتوورێكی سیاسیی مۆدێرندا ئاماده‌یی نییه. به‌ڵكو له دنیای مۆدێرنه‌دا دامه‌زراوه وه‌ك كارخانه هاووڵاتیی باش به‌رهه‌م دێنێت.
ئه‌م دیده بۆ پیاوی باش زیاتر له‌و حیكایه‌ته‌ی ناو دنیای لیبڕاڵیزمه‌وه نزیكه كه پێی وایه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ ببێت به بزنسمان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی گه‌وره. پرۆسه‌كه وه‌هایه كه تیۆری لیبڕاڵیزم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ ببێت به (جۆن رۆكفێلهر) كه بازرگانێكی ئه‌مه‌ریكییه و ساڵی ١٨٧٠ كۆمپانیای (ئۆیڵ ستانده‌ر) داده‌مه‌زرێنێت و دواتر ده‌ست به‌سه‌ر به‌شێكی زۆری نه‌وتی ئه‌مه‌ریكادا ده‌گرێت. ئه‌م گوتار و حیكایه‌ته زۆر به گه‌وره‌یی داوا له هه‌ژار و نه‌داران ده‌كات هه‌موویان ببن به رۆكفێلهر!
رۆكفێلهر و پیاوی باش لێره به‌یه‌ك ئاواز/Intonation كار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ گشت/شه‌قام بجووڵێنن, به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی بونیاد و سیستم. روانین له سیاسه‌ت له‌ڕێی چه‌مكی پیاوی باشه‌وه، روانینێكی ته‌واو دۆنكیشۆتییانهیه و به ته‌واویش به‌تاڵه له چه‌مكی عه‌قڵانیه‌تی سیاسی و سیاسه‌ت وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.