دوای ئه‌وه‌ی كه‌ركووك و زۆر ناوچه‌ی تر له شه‌وی 16ی چرینی یه‌كه‌می رابردوو و رۆژانی دواتردا كه‌وتنه‌وه به‌ر ده‌ستی عێراق, لێوه‌له‌ره‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكه, ئه‌ویش زیاتر له راگه‌یاندنه‌وه, دێته گوێ و ده‌ڵێ ها بزانه كاربگێڕێی ئه‌مه‌ریكا رووی له كوردی رۆئاواش وه‌رگێڕا. له جێی ئه‌وه پێویست بوو ئێمه نه‌ترسانه بڵێین و نه‌یشارینه‌وه كه‌وا هه‌ر هێزێك نه‌خاسمه هێزی گه‌لێكی بنده‌ستی وه‌كو گه‌لی ئێمه ئه‌گه‌ر له گره‌وی وا گه‌وره‌ی چاره‌نووسیدا سه‌تا سه‌ت پشتی به ده‌ره‌كی به‌ست و به نه‌مانی ئه‌و ده‌ره‌كییه ئه‌و وه‌ك به‌فری به‌هار توایه‌وه, سه‌ت ده‌سخۆشی له‌و ده‌ره‌كییه بكه‌ین. به‌ڵام راستیت ده‌وێ ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكه‌یه له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ داپۆشینی فه‌شه‌لی خۆیه‌كییه چ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه كه جاری تریش لێره‌وبه‌ر وتوومانه هێزێكی فشه‌ڵی بێ چه‌كی مه‌شق نه‌دیوی ناڕێكوپێكه و چیش وه‌ك ناته‌باییی سیاسیی ناوه‌خۆ كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بوونه‌كی له‌و سه‌ربه‌خۆیییه مامناوه‌ندییه‌ی چاره‌كه سه‌ته‌یه‌ك زیاتره كوردی باشوور تیایدا به‌سه‌ر ده‌بات.
جگه له‌وه‌ی سه‌ره‌وه, كوردستانی باشوور و رۆئاوا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه هه‌ردوو لایان كوردن ئه‌گینا دوو تاقیكردنه‌وه‌ی فره جیاوازن له ناوه‌خۆدا و دوو باری سیاسیی جیاوازیان هه‌یه له هاوكێشییه‌لی هه‌رێمیدا نه‌خوازه‌ڵا ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به توركیاوه هه‌یه. له دوو ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه زۆر جارمان له سه‌ركۆماری توركیا بیستووه ده‌ڵێ كاربگێڕیی سه‌رۆك ئۆباما له كێشه‌ی سووریادا توركیای به كورد گۆڕییه‌وه. له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی رابردوویشدا ئه‌وه‌نده رووداوی پێوه‌ندیدار به‌و نێوانه واته نێوانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا له باره‌ی كوردی رۆئاواوه روویان دا وایان كرد كه‌لێنی نێولنیان (نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا) ببێ به زه‌ندۆڵێك به سانایی ساڕ‌ێژ نه‌بێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه, به‌ڵێن و هه‌رێی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به سه‌ركۆماری توركیا (ئه‌ویش له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا) كه‌وا واشنتن لێره‌ولا چاو به پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌یلی دێمۆكراتی سووریادا ده‌گێڕێته‌وه یان چیتر چه‌ك نانێرێ و نایانوه‌رزێنێ و مه‌شقیان دانادا, ئه‌وانه قسه‌گه‌لێكن له كاتی ونه و به‌سه‌رچوودا. نه پێوه‌ندیی توركیا به ئه‌مه‌ریكا ده‌چێته‌وه باری جارانی و نه پێوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا به كوردی سووریاوه ده‌بێته‌وه به هیچ و نه‌بووه.
له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا یان دروستتر بڵێین ساڵێك و چه‌ند مانگه‌وه, واته له‌و كاته‌وه‌ی سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان داوای لێبوورینی له سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمێر پووتن له پرسی به‌ردانه‌وه‌ی باڵه‌فڕه سو‌و 24ه‌كه‌ی بان سووریاوه كردووه, پێوه‌ندیی نێوانیان هه‌واری به‌رینی بڕیوه و گه‌ییوه به یه‌كده‌نگییه‌كی ته‌واو له پرسی بڕینه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ی سووریا به مانه‌وه‌ی رێژیمی ئه‌سه‌دیشه‌وه, وێڕای به‌ستنی ده‌سته‌واره‌ی كڕینی ئێس 400 له رووسیا كه مانگێك پێش ئێستا كه‌وته ناو جێبه‌جێبوون.
به‌ڵام ئه‌وه هیچی به واته‌ی ئه‌وه نییه ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا روو له كوردی سووریا وه‌رناگێڕێ. دوور نییه وه‌ری بگێڕێ به‌ڵام له بارێكی ئاواهیدا باڵۆنه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌موده‌ست به‌تاڵ نابێته‌وه. له سه‌ره‌تای كێشه‌ی سووریاوه, كوردی رۆئاوا پێوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا هه‌یه. مۆسكۆ زیاتریش له واشنتۆن له دانوستاندنی باره‌ی دواڕۆژی سووریاوه ددان به مافی كورد و رۆڵی وان له داهاتووی سووریادا ده‌نێ. هه‌رچیی پێوه‌ندیی واشنتنه زیاتر له بواری به‌زاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدایه و كوردی رۆئاواش هه‌موو سوودێكیان له‌و پێوه‌ندییه بینیوه، وه‌ك: وه‌رگرتنی چه‌ك و مه‌شقی ئه‌مه‌ریكایی, گرتنی زه‌وی له گۆڕه‌پانی به‌ره‌نگاریدا و هه‌روه‌ها خۆ ئیسپاتكردن له شه‌ڕدا كه كوردی رۆئاوا زۆریان پێویست به‌و تاقیكردنه‌وه‌یه هه‌بوو بۆ خۆناسین و خۆناساندن.
خاڵێكی تریش هه‌یه له جیاوازیی باشوور و رۆئاوادا ده‌بێ باسی بكه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كوردی ئه‌وێ به ته‌وازۆ (ته‌وازوع)ێكی زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه سیاسییه‌كه‌ی خۆیاندا ده‌كه‌ن. ئه‌وان چتێكی بڕیارداوی نه‌گۆڕیان نییه بۆ نموونه یان فیدراڵی یان هیچ, وه‌ك چۆن لای خۆمان (یان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ یان با هه‌مووی بڕوا). چاره‌نووسی كورد له‌وێ پێوه‌ندیی به چاره‌نووسی گشتیی سووریاوه هه‌یه, له‌به‌رئه‌وه هیچ دوور نایه‌ته دیتن ئه‌وان به مافێكی كه‌متر له‌وه‌ی جێی چاوه‌ڕوانییه رازی ببن. راستیشمان بوێ, مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سدا نه‌بێ له به‌رژه‌وه‌ندی كوردی سووریادایه. ئه‌سه‌دێكی ریوه‌ڵه‌ی دۆڕاوی به‌ربیانی شه‌ڕ له‌وانه‌یه له داهاتوودا لایه‌نه كوردییه‌كه باشتر بلاوێنێته‌وه له ئۆپۆزسوێنێكی سه‌ر به ریاز و ئه‌نقه‌ره. هه‌رچی كورده مافێك له سنورێكی دیاریدا ده‌خوازێ و ناحه‌زییه‌كی بۆ گه‌لی سووریا نییه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه‌وه كه زیاتر ناحه‌زی بوو بۆ عێراق و بۆ مالیكی و كێ و كێ. له‌و ساڵانه‌ی رابردوودا من یه‌كبه‌باری خۆی بۆم روون نه‌بوو داواكاریی كورد له به‌غدا چییه, زیاتر كینه و لاملی و نه‌خێوانه یه‌كتر بوو.
بێینه‌وه سه‌ر رۆڵی رووسیا له داهاتووی سووریادا. وه‌ك له په‌ره‌گرتنی رووداوه‌یلی سه‌ر زه‌وی و سه‌ر مێزی ئاخاوتن چ ئه‌ستانه و چ سۆچیدا دێته دیتن, داهاتووی سووریا زیاتر به ده‌ستی ڤلادیمێر پووتنه‌وه ده‌نه‌خشێ نه‌ك كه‌سێكی تر. ناوبه‌ناو گوێمان له ده‌نگی رێژیمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌بێته‌وه داوای كشانه‌وه‌ی توركیا ده‌كات له‌و شوێنه‌یله‌ی سنووری به‌زاندووه و به (داگیركه‌ر)یشی ناو ده‌بات. ئه‌وه بۆ خۆی ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی توركیا به‌لای زۆره‌وه ده‌سكه‌وتێكی له سووریای داهاتوودا نابێ. دوو ساڵ به‌سه‌ر شه‌ڕی سووریادا رۆییبوو كه حكوومه‌تی توركیا گۆڕی باوه‌پیره‌ی خۆیانی برده‌وه بۆ ئه‌ودیو. له‌وانه‌یه شه‌ڕ ته‌واو ببێ و ئاشتیش باڵ بكێشێ, جارێكی تر ئه‌و گۆڕه‌ی پێ نه‌یه‌ته‌وه ئه‌مدیو.
ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین, ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له عێراقدا هه‌یه‌تی له سووریایدا نییه. له عێراق ئه‌و ده‌توانێ ده‌سه‌ڵات بگۆڕێ وه‌ك له گۆڕینی مالیكی‌دا بینیمان كه عه‌بادیی هێنایه شوێن. له عێراقدا شیعه و سونه و كورد هه‌رسێكیان به جۆرێك له جۆران گوێ له ئه‌مه‌ریكا ده‌گرن و به قسه‌ی ده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌ی باری سووریاوه كه ئه‌مه‌ریكا له به‌رامبه‌ری رووسیادا جگه له كورد هیچی به ده‌سته‌وه نییه جێپێیه‌كی بۆ بپارێزێ.
هه‌رچۆنێك بێت, با ئێمه هیوای ئه‌وه‌ی له باشووردا رووی دا له رۆئاواشی نه‌خوازین. باشوور له‌شێكه به هه‌زار نه‌خۆشییه‌وه. له باشترین باردا ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر وا ده‌بێ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر (ئه‌گه‌ر) بتوانێ وا به‌رده‌وام ببێ. به‌تاوانبار پێشاندانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له كێشه‌ی خۆماڵیدا ته‌نیا خۆدزینه‌وه‌یه له به‌رپرسیاره‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌و ناپاكییه‌ی له پرسی دۆڕاندنی كه‌ركووكیشدا زۆری ده‌جووینه‌وه به‌شێكه له‌و له‌شه نه‌خۆشه‌ی هیچ بژاره‌یه‌كی له پێشدا نه‌ماوه یان ئه‌وه‌تا چاره‌سه‌رێكی بنچینه‌یی له خۆیدا بكات یانیش پێچانه‌وه و ماڵئاوایی.