له كابینه‌كه‌ی نووری مالیكییه‌وه تا ئێسته كه عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق خه‌ریكه ده‌ڕوات، هه‌موو ساڵ و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك كێشه‌ی نه‌ناردنی مووچه و بودجه له به‌غداوه بۆ هه‌ولێر دروست ده‌بێت، ئه‌م پرسه هێنده‌ی ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی سیاسیی هه‌یه و ئامانج لێی لاوازكردنی پێگه‌ی سیاسیی هه‌ولێره، هێنده ئابووری و پێوه‌ندیشی به ڕێككه‌وتن و كێماسییه‌كانی وه‌به‌رهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانه‌وه نییه.
عێراق وڵاتێكی فره‌ته‌نگژه و تژی به ململانێ و گیرۆده‌ی ده‌ستی باند و گرووپه سیاسی و مه‌زه‌وییه‌كانه، تا ئاستی ئه‌وه‌ی به‌غدا له پایته‌ختی وڵاته‌وه خه‌ریكه ده‌بێته كووره‌یه‌ك و پێكهاته‌كانی وڵات له‌ناویدا ده‌سووتێن، كوردیش ناچاره له‌گه‌ڵ ئه‌و كووره‌یه‌دا مامه‌ڵه بكات، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی زلهێزه‌وه هه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان پشكیان له كێكه گه‌وره‌كه‌ی عێراقدا هه‌یه و سه‌پۆرتی ده‌كه‌ن، بۆیه له پرسی سه‌ربه‌خۆییشدا پاڵپشتیی هه‌ولێر نه‌بوون.
سیاسییه نه‌دیوبدییه‌كانی ئێسته‌ی عێراقیش توومه‌ز هاتوونه‌ته سه‌ر خوانێكی ئاماده و له ڕووخاندنی دیكتاتۆرییه‌تی به‌عس و سه‌دامدا ڕه‌نج و قوربانییان نه‌داوه، ڕێز له‌و هه‌لومه‌رج و ئازادی و داهاته زۆره‌ی وڵات ناگرن، له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌زموونیش له دیكتاتۆریی سه‌دام وه‌ربگرن، هه‌مان گه‌مه‌كه‌ی سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی تاقی ده‌كه‌نه‌وه، هێشتا هیچ نه‌بووه چڕنووكیان له كورد گیر كردووه به ده‌ستبردن بۆ قووتی خه‌ڵكی كوردستان.
كاتێك كورد ده‌ڵێ ئێمه جیا ده‌بینه‌وه، به‌غدا له وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا ده‌ڵێ هه‌موومان عێراقین و وڵات به هه‌رچی هه‌یه‌تی هی هه‌موومانه و نابێت بڕیاری جیابوونه‌وه بده‌ن، هه‌ر كه به‌هۆی پێشێلكردنی مافه ده‌ستووری و مرۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه له‌لایه‌ن به‌غداوه، ئیتر كورد ریفراندۆم ده‌كات، هێرشی ده‌كرێته سه‌ر و پێی ده‌گوترێت ده‌بێ له‌گه‌ڵ عێراقدا بمێننه‌وه.
ده‌ی كورد ئه‌مه‌ی له قۆناغی ئێسته قبووڵ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزی روو نه‌دات و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانیش وا ده‌خوازێت، وه‌لێ له به‌رانبه‌ردا قووتی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بڕن، ئه‌گه‌ر عێراق هی هه‌مووانه؟ بۆچی مووچه و بودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بڕن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی نه‌بووایه، ده‌بوو له برسان بمرین؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه لای سیاسی و پیاوه ئاینییه‌كانی به‌غدان كه به‌م مانگی ڕه‌مه‌زانه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن مانگی خێر و خۆشیی، كه‌چی باری ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستانیان به‌هۆی بڕینی مووچه‌وه شێواند و خه‌ڵكی كوردی‌یان برسی كرده‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك گوشارێكی سیاسی بۆ هاندانی خه‌ڵك له دژی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
پێویسته واقیعی قسه بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی مووچه و بژێوی خه‌ڵك یه‌كجار گرنگن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سه‌قامگیریش ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی كوردستانیشه نابێت درێغی بكات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووچه و بودجه‌ی كوردستان، وه‌لێ له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، نابێت ته‌نیا له مووچه و بودجه‌دا كورت بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌گوزه‌رێت ته‌نیا له مووچه‌دا زه‌ق كراوه‌ته‌وه، وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی به‌غدا و ئامانج لێی بچووككردنه‌وه‌ی پرسی خاك و نه‌ته‌وه‌یی كورد ته‌نیا له مووچه‌دا، به‌غدا ده‌یه‌وێت له ڕێی گوشاری مووچه‌وه هه‌ولێر ده‌ستبه‌رداری دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و خاك بێت و دابینكردنی مووچه گه‌وره‌ترین خه‌می بێت، ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سفر، به‌وپێیه‌ی ئامانجی به‌غدا كاركردنه بۆ به واقیعكردنی ئه‌و خاڵه، تا به خۆیان ده‌گات ته‌نانه‌ت له ڕێی تاقمێكی كوردیشه‌وه كاری بۆ ده‌كات.
هه‌رێمی كوردستان وێڕای كێشه سیاسی و ئابوورییه‌كانی، له‌م دنیا جه‌نجاڵه‌دا تاكه ئه‌زموونی 40 ملیۆن كورده، واته هه‌رچی حزب و كه‌سایه‌تیی سیاسیی كورد هه‌ن، لێی به‌رپرسن و ده‌بێ حزبی كوردی ئه‌و ڕاستییه تێبگه‌ن كه لاوازبوونی پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێم، یه‌كسانه به لاوازبوونی پێگه‌ی هه‌موو حزبه‌كانیش، هه‌ر ئه‌وه‌یه به‌غدا له ڕێی كارتی مووچه‌وه دنه‌ی هه‌ندێ حزبی كوردستان ده‌دات تا ئه‌زموونه‌كه بشڵه‌قێنن، ئه‌و شڵه‌قاندنه‌یش به سوودی به‌غدا به پله‌ی یه‌كه‌م و دواتر دراوسێ نه‌یاره‌كانی كورد ده‌كه‌وێته‌وه، به‌وه‌ی پڕۆژه‌ی سیاسیی به‌غدا بۆ لاوازكردنی هه‌رێم، ئێسته كارتی مووچه‌یه، به‌غدا ده‌یه‌وێ بژێوی خه‌ڵكی كوردستان به‌كار بێنێت بۆ گه‌مه سیاسییه‌كانی، به جۆرێك پرسی خاك و نه‌ته‌وه‌یی كورد، ته‌نیا له پێدانی مووچه‌دا كورت بكاته‌وه، ئینجا هێشتا ئاماده نییه مووچه‌كه‌یش بدات، له كاتێكدا مووچه مافێكی یاسایی خه‌ڵكی كوردستانه، مادام هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدایه، فه‌رمانبه‌ره‌كایش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه وه‌ك هاووڵاتییه‌كی به‌غدایی مووچه وه‌ربگرن، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت به‌لایانه‌وه ئاسایی بێت هه‌رێمه‌كه ڕێی خۆبژێوی و خوبه‌ڕێوه‌به‌ری و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژێرێت.