لە زاری مەلا بەختیارەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی 46 ساڵەی تەمەنیدا، بۆ یەك ساڵیش نێوانی لەگەڵ حزب و كەسایەتییە كوردستانییەكاندا ئاسایی نەبووە، بەردەوام سێرەی شەڕی لە دژی هێز و كەسایەتییە سیاسییەكانی كورددا گرتووە، خۆ ئەگەر هیچ حزبێكیشی چنگ نەكەوتبێت شەڕی لەگەڵدا بكات، ئەوا باڵەكانی لەناو خۆیاندا بەشەڕ هاتوون و كاریان بەوە گەیشتووە باڵێكیان سەركردەی باڵەكەی تریان بگرێت، وەك نموونە: گرتنی مەلا بەختیار لەلایەن باڵەكەی نەوشیروان مستەفا بە پاساوی راگەیاندنی ئاڵای شۆڕشەوە.

یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونیدا، كاروانی حزبایەتییەكەی بە زنجیرەیەك شەڕی نەگریسی ناوخۆ و دژایەتیكردنی سەركردەی حزبەكانی تر دەست پێكرد، لەو چوارچێوەیەشدا دەستی لە هیچ حزب و سەركردەیەكی سیاسیی نەیاری خۆیدا نەپاراستووە، هەر بەهۆی شەڕفرۆشتن بە حزبە كوردییەكان، تەنانەت ئاگای لە لێشاوی كردەوە دوژمنكارانەكەی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی تەعریب و كوشتن و گرتنی هاووڵاتییانی كورد نەما، ئاخر ئەو حزبە لەلایەن دەستە و تاقمەكانەوە سەركردایەتی دەكرا و دەكرێت.

وەك مەلا بەختیار لە وتارەكەیدا كە لە پێوەست بە تازەترین ململانێكانی ناو یەكێتی و هەردوو باڵی لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی (هاوسەرۆكانی یەكێتی) بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بە بەشێك لە شەڕەكانی یەكێتی لە قۆناغی شاخ و شاردا لە دژی حزبە كوردییەكان دەكات. من حەز دەكەم شەڕەكانی یەكێتی لە دژی حزبەكان لەسەر زاری مەلا بەختیارەوە بگێڕمەوە، چونكە خۆی سەركردەیەكی یەكێتییە و لە شاخیشدا لە ئاكامی ململانێی باڵەكانی حزبەكەی گیراوە و دەگوترێ سووكایەتیشی پێ كراوە، ئەوەتا دەڵێ: یەكێتی ٤٦ ساڵی تێپەڕاند و لەم تەمەنەیدا 15 ساڵی لە شاخ و 31 ساڵیشی لە شار گوزەراند، لە شار و شاخدا، چەندان شەڕی ناوخۆی كردووە، وەك شەڕی ناوخۆ لەگەڵ پارتی لە (١٩٧٦-١٩٨٨)، شەڕی ناوخۆ لەگەڵ سۆسیالیست لە (١٩٧٩-١٩٨٦)، شەڕی ناوخۆ لەگەڵ حزبی شیوعی لە (١٩٨٢- ١٩٨٦)، شەڕ لەگەڵ پاسۆك.

لەدوای ڕاپەڕینیشەوە یەكێتی جەولەیەكی تری شەڕفرۆشتنی بە حزبەكان دەست پێ كردەوە، بەتایبەتی كاتێك لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان لە بەرانبەر پارتیدا دووچاری شكست دەبێت، ددان بە ئەنجامەكان نانێت و شەڕ لە دژی پارتی هەڵدەگیرسێنێ. ئەمەش نموونەی چەند شەڕێكی یەكێتین لە دژی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان: 

شەڕ لە دژی پارتی لە ١٩٩٤-١٩٩٨ كە ئەم شەڕەیان زیاتر بەهۆی قبووڵنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بوو كە بەرانبەر پارتی شكستی خوارد، وێڕای رازیبوونی پارتی بە دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی یەكێتیدا، بەڵام هێشتا یەكێتی بە بەردەوامی شەڕی بە پارتی دەفرۆشت و لەدوای پاساوگەلێكدا دەگەڕا تا قۆناغێكی تری شەڕ دەست پێ بكات، بە داخەوە شەڕەكە رووی دا. هەروەها شەڕی بزووتنەوەی ئیسلامی كرد و هەڕەشەی لە چەندان حزبی تریش كرد، لەگەڵ ئەوەشدا چەندان باڵ و گرووپ لەو حزبە جیابوونەوە و حزبیان راگەیاند و لەلایەن یەكێتییەوە وەك بەكرێگیراو و خیانەتكار تۆمەتبار كران، ئاخر سروشتی ئەو حزبە وایە ناتوانێ لە كەشێكی سەقامگیردا سیاسەت بكات.

یەكێتی بەهۆی هەر جۆرە بۆچوونێكی جیاواز و بەتایبەتی لە كاتی شەڕدا لە دژی نەیارە كوردەكانی، هەمووانی بە سیخوڕ و بەكرێگیراو و كوردكوژ و خیانەتكار و نۆكەری بێگانە تۆمەتبار كردوون، لەكاتێكدا خۆی بە بەردەوامی پێیەكی لە بەغدا و ئەوی تری لە تاران بووە و لە سووریاش دروستبوونی یەكێتی تاوتوێ كراوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر جۆرە پەروەردەیەكی سیاسیی ئەو حزبە و هەڵسوكەوتی لەگەڵ نەیارەكانیدا كە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و حزبییان، هەرچی بیانەوێ دەیكەن و درێغی ناكات، وەك لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بینیمان پشتیان لە كورد و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانەكەیان (پارتی دیموكراتی كوردستان) كرد بەوەی باڵە بەهێزەكەی یەكێتی، چوونە پاڵ لەشكری حەیدەر عەبادی و وێڕای رادەستكردنی كەركووك بە حەشدی شەعبی، تەنانەت تامەزرۆی كەوتنی هەولێریش بوون، خۆ ئەوكاتیش چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەڵوێستیان لە دژی ئەو باڵەی حزبەكەیان دەربڕی و بە كاڵفام لە قەڵەمیان دان، ئەوەتا ئێستە كەركووك لەژێر پۆستاڵی حەشدی شەعبیدایە و خەریكە پرۆسەی تەعریب تێیدا دەگاتە لووتكە.

چەند ساڵێك بوو شەڕی ناوخۆ نەمابوو، لە دوای نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی مام جەلال، باڵە دەستڕۆیشتووەكەی یەكێتی، بە بەرنامە هەوڵیان دا جەولەیەكی تری شەڕ لە دژی پارتیدا بەرپا بكەن، بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، میدیا و پەیج و ماڵپەڕ و گرووپیان دروست كرد و پەرلەمانتار و خەڵكیان هان دا بۆ شەڕكردن، وێڕای ئەوەی خۆیان لەناو حكوومەتدا بوونە، وەك ئۆپۆزسیۆن دژی حكوومەت وەستانەوە و لە دۆسیە چارەنووسساز و گرنگەكاندا چوونە پاڵ بەغدا، بەڵام پارتی پشوودرێژ بوو و حكوومەتی لە تێوەگلان لە شەڕی ئەوانە پاراست.

كاتێكیش ئەو باڵەی یەكێتی بێئومێد دەبن لەوەی پارتی وێڕای ئەو هێزە زۆرەی هەیەتی، بەڵام ئامادەی شەڕكردن نابێت، ئیتر لەناو خۆیاندا دەكەونە شەڕفرۆشتن بە یەكتر و ئەم باڵ هەڵدەكوتێتە سەری ئەوی تریان و ئەو باڵیش هەڕەشە لەوی تریان دەكات، وەك ئاماژەیەك ئەو حزبە ناتوانێ بەبێ شەڕ و ئاڵۆزی بژی، ئەگەر شەڕی لەگەڵ حزبەكانی تردا چنگ نەكەوێت، ئەوا لە ناوخۆیاندا شەڕ دەكەن و حزب و دەستە و تاقم لە دژی یەكتر دروست دەكەن، لە نموونەی دروستبوونی ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و دەیان رەوتی تر، كە سەرئەنجام ئەو ناكۆكی و شەڕی گرووپانەی یەكێتی، تەنیا زیانی بۆ ناوخۆی حزبەكەیان نەبووە، بەڵكو بەهۆیانەوە دۆزی كورد و خاكی كوردستانیش زیانمەند بووە.

16ی ئۆكتۆبەر نموونەیەكی زیندووی خیانەتی باڵێكی ناو یەكێتییە بەوەی لە دژی پارتی و باڵێكی تری ناو یەكێتی، ئامادە بوون لە كەركووك و بەشێكی خاكی كوردستان، سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەبێ تەقە بۆ میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعی و سوپای عێراق و گرووپەكانی نزیك لە ئێران چۆڵ بكەن، كەركووك و بەشێكی زۆری خاكی كوردستان رادەستی بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی كورد لەسەر دەستی پارتی سەربەخۆیی بەدەست نەهێنێت و سەرەڕای ئەو خیانەتە، هێشتا ئەو باڵەی یەكێتی لە رێی میدیا و سەتان كادر و كەناڵی هەمەجۆرەوە، شەرعییەتیان بە خیانەتەكە داوە و لە بەرانبەریشدا كاریان بۆ ناشیرینكردنی پرۆسەیەكی چارەنووسسازی وەك ریفراندۆم كردووە.