هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه رۆژێك له رۆژان ئه‌و مافه به خۆم بده‌م، به خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی به خاوه‌ن دكتۆرایه‌ك بڵێم نه‌خوێنده‌وار، به‌ڵام كاتێك وتاره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ی نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ و سه‌رنووسه‌ری "لڤین"م به ناونیشانی "په‌رله‌مانی مه‌سروور" له ماڵپه‌ڕی "لڤین"دا بینی و خوێنده‌وه، به‌هۆی هه‌ڵچوون و رقلێبوون له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كاردانه‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر، میره به په‌رله‌مانتارانی كوردستان دروستتر پارتییه‌كان، ده‌ڵێت "ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان پڕه له خه‌ڵكی نه‌شیاو و بێ ئاگا و بێ سه‌واد، بڕوا ناكه‌م له مێژوویی په‌رله‌مان له دنیادا، په‌رله‌مانێك بدۆزیته‌وه ئه‌وه‌نده نه‌خوێنده‌واری تێدا بێت، به‌شی زۆری حه‌رفی مه‌كته‌بێكیان نه‌خوێندووه".
پێش هه‌ر شتێك په‌رله‌مانتاران وه‌ك چۆن توانییان پارێزبه‌ندیی په‌رله‌مانی له سۆران عومه‌ر وه‌ربگرنه‌وه، ئاواش ده‌توانن سكاڵا له‌سه‌ر میره تۆمار بكه‌ن به پاساوی ئه‌وه‌ی به نه‌خوێنده‌وار وه‌سفی كردوون. ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی سووكایه‌تیشه به‌و كه‌سانه‌ی به هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت، خوێنده‌وارییان نییه.
ئه‌حمه‌د له‌و ده‌ربڕینه‌یدا خه‌ڵكانی نه‌خوێنده‌وار به چاوێكی بچووك سه‌یر ده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆ و به قه‌ولی خۆیشی خوێنده‌وار، جوان نییه به خه‌ڵك بڵێت نه‌خوێنده‌وار، ئه‌م پرسه كه‌متر پێوه‌ندی به‌و نووسینه‌ی منه‌وه هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بۆ ئه‌حمه‌د راستی بكه‌مه‌وه، له وتاره‌كه‌یدا ده‌یان هه‌ڵه‌ی رێنووس و مانا و زمانه‌وانی هه‌ن، كه‌چی به خه‌ڵكی تر ده‌ڵێ نه‌خوێنده‌وار، ئاخر من خه‌ڵكی وا ده‌ناسم، پۆلی چواری بنه‌ڕه‌تی خوێندووه، كوردییه‌كه‌ی زۆر له‌و كوردییه‌ی ئه‌حمه‌د میره كه مامۆستای زانكۆیه و نووسه‌ریشه، باشتره.
پێش راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی، ده‌مه‌وێ شیكارییه‌ك بۆ وتاره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به حكوومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌وه هه‌یه، وێڕای ته‌نگژه‌ی دارایی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و موزایه‌ده‌ی سیاسی و هه‌وڵی هاندانی خه‌ڵك، حكوومه‌ته‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی له پرسی پاراستنی خه‌ڵكه‌كه له هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆرۆنا، سه‌ركه‌وتوو بوو. ئه‌مه‌ش ئۆپۆزسیۆنی نیگه‌ران كردووه، سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌ت له‌و پرسه‌دا به ئاستێك بوو كه هه‌مووان وه‌ك یه‌ك تیم كاریان ده‌كرد له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك، رۆژانه سه‌دان تیمی شاره‌وانی بۆ رشاندنی دژه ڤایرۆس شه‌قام به شه‌قام و ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان، كاره‌با و ئاو، هێزه‌كانی ته‌ناهیی، به‌هه‌مانشێوه تیمه ته‌ندروستییه‌كان، جگه له ده‌یان رێنوێنی و گرتنه‌به‌ری رێكاری تریش تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیادا ئه‌و هه‌وڵدان و كاركردنه‌ی حكوومه‌ت ده‌نگی دایه‌وه پێوه‌ست به پاراستنی هاووڵاتییان له مه‌ترسی كۆرۆنا، كار به‌وه گه‌یشت به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، حكوومه‌ت چه‌ندان كۆمه‌ڵگه و گه‌ڕه‌ك و ته‌نانه‌ت ماڵانیش له‌ناو بازنه‌كه‌ی خۆیاندا به ناردنی تیمی ته‌ندروستی بپشكنن، له كاتێكدا له وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌سانی تووشبوو به كۆرۆنا له زۆربه‌ی كاته‌كاندا هه‌ر چاره‌سه‌ریش نه‌ده‌كران و له ماڵه‌كانی خۆیاندا به‌ده‌م ئازاره‌وه ده‌یانناڵاند، به پێچه‌وانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان تیمه ته‌ندروستییه‌كان خۆیان به ئامبۆڵانس ده‌چوون به‌دوای نه‌خۆش و تووشبووانی كۆرۆنا و تیمی رشاندنی دژه‌ڤایرۆس تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌ش له كه‌م وڵات‌دا رووی داوه.
وه‌ك باوه هه‌میشه ئۆپۆزسیۆن مشه‌خۆره و له‌سه‌ر ته‌نگژه‌كان ده‌ژی، شتی بچووك زیاد له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره ده‌كات، ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نانه‌ت هاوشان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تری به‌شدار له حكوومه‌تدا، به‌شێوه‌ی به‌رنامه بۆداڕێژراو، ته‌نگژه‌ی دارایی كه به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، دروست بووه، له دژی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌كار دێنن، به ئامانجی دنه‌دانی خه‌ڵك و شكستپێهێنانی كابینه‌كه و به ئامانجگرتنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌یكات ته‌ندروست نییه، هێشتا كابینه‌كه ساڵێكی تێنه‌په‌ڕاندووه و له‌بری هاوكاریكردنیشی، سه‌نگه‌ریان لێی گرتووه و هه‌وڵی تێكدانی سه‌قامگیریی كوردستان ده‌ده‌ن، له كاتێكدا ته‌نگژه‌كه پێوه‌ندی به دۆخه نه‌خوازراوه‌كه‌وه هه‌یه و له ئه‌نجامی كۆرۆنا نرخی نه‌وت كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتان و هه‌رێمی كوردستانیش داناوه.
ئه‌حمه‌د میره، هێنده رقئه‌ستووره به‌رانبه‌ر كابینه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی، له كاتێكدا خه‌ڵكی به نه‌خوێنده‌وار وه‌سف كردووه، رێك خۆیشی تووشی په‌تای نه‌خوێنده‌واری بووه، له وتاره‌كه‌یدا ته‌نانه‌ت یه‌ك رسته‌ی دروستیش نادۆزرێته‌وه كێشه‌ی رێنووس و مانای نه‌بێت، كاره‌ساته مامۆستای زانكۆ بیت و فه‌لسه‌فه‌ی خوێنده‌واربوونیش به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه لێ بده‌یت، كه‌چی بێ ئاگا له‌وه‌ی به به‌ڵگه نه‌خوێنده‌واریی خۆتت سه‌لماندووه. دڵنیام دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره، ئیتر خوێنه‌رانیش فۆكه‌سی وردتر ده‌خه‌نه سه‌ر نووسین و خوێنده‌وارییه‌كه‌ی میره.
ده‌گوترێ هه‌ركه‌س به‌دوای ئه‌و شته‌دا وێڵه كه نیه‌تی و حه‌زی به‌ده‌ستهێنانی ده‌یباته لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن یان ماڵوێرانی ده‌كات، ئه‌حمه‌دیش چونكه فۆبیای پارتی و حكوومه‌ت ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه، قه‌ڵه‌موێران بووه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خوێنده‌وارێكی به سه‌لیقه و زانا بووایه، هه‌رگیز به خه‌ڵكی تری نه‌ده‌گوت نه‌خوێنده‌وار، ده‌ی با بزانین خوێنده‌وارییه‌كه‌ی تا كوێ بڕ ده‌كات.
ئه‌حمه‌د له چه‌ند رسته‌یه‌كدا وشه‌كان به هه‌ڵه ده‌نووسێت: "دوای روداوه‌كه‌ی"، روداوه‌كه هه‌ڵه‌یه، ئێسته منداڵیش ده‌زانێت رووداو دروسته، "فراكسۆن" هه‌ڵه‌یه، فراكسیۆن دروسته، "وتمان" هه‌ڵه‌یه، گوتمان جوانتر و دروستتره، "له مێژوویی په‌رله‌مان" هه‌ڵه‌یه، له مێژووی په‌رله‌مان دروسته، "ئه‌و كورسیه داماوانه‌ی ناكۆتاكانن"، كورسییه دروسته و ناكۆتاكانیش له بری پێكهاته‌كان به‌كار هاتووه، "ئه‌م كورسی كۆتایانه هه‌ڵه‌یه"، ئه‌م كورسیی كۆتایانه دروسته، لێره‌دا مه‌به‌ستمان له (ی) دووه‌می كورسی بوو كه هه‌ر دركیشی نه‌كردووه كورسی خۆی وشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه، كاتێك كۆتاكانی له‌دوا دێت، پێویسته (ی) دووه‌می بۆ زیاد بكرێت، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی جارێك نووسیویه‌تی ناكۆتاكان، جارێكیش كۆتاكانی نووسیوه. جیا له‌وه‌ی چه‌ند جارێكی تر به هه‌ڵه به‌كارهێنانی كورسیی پێكهاته‌كان، هاوكات خه‌ریكی دروستكردنی دووبه‌ره‌كییه له نێوان مسوڵمانان و پێكهاته‌كاندا، ئه‌مه‌یشی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی ده‌نگیان داوه.
هه‌ڵه‌كانی یه‌كجار زۆرن، ناچار هه‌ندێكیان ده‌په‌ڕێنم، راستی هه‌ر وتاره‌كه‌ی پێویستی به داڕشتنه‌وه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زمانه‌وانی و رێنووس. وێڕای ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی زبرن و هی مامۆستای زانكۆ نین.
ده‌شنووسێت: "ئاخر چۆن ..... بكرێته سكرتێری په‌رله‌مان؟؟؟" سه‌یری ئه‌و خوێنده‌واره بكه‌ن، سێ جاران (؟؟؟) به‌كار هێناوه، ئاخر له كۆتایی رسته‌ی پرسیاریدا ئه‌و هێمایه یه‌ك جار به‌كار دێت، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی پێم وابێت مه‌به‌ستیشی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانه نه‌ك پرسیار. "به‌رژه‌وه‌ندی دیموكراسی هه‌ڵه‌یه"، به‌رژه‌وه‌ندیی دیموكراسی دروسته، "له پاڵ داماویی هه‌ڵه‌یه"، داماوی دروسته، "رابوردوو" هه‌ڵه‌یه، رابردوو دروسته، "شڵه‌ژانی سیاسیی و ئه‌منی هه‌ڵه‌یه"، شڵه‌ژانی سیاسی و ئه‌منی دروسته، "پێوویسته" هه‌ڵه‌یه، پێویسته دروسته.
ئه‌و چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ی راست كرانه‌وه، دڵۆپێكن له ده‌ریایه‌ك، ئاماژه‌ن به‌وه‌ی ئه‌و پیاوه خوێنده‌وار نییه، سه‌رله‌به‌ری بۆچوون و شیكردنه‌وه سیاسییه‌كانیشی هه‌مان په‌تایان گرتووه. ئاساییه ره‌خنه له كابینه‌كه‌ی حكوومه‌ت بگیرێت، چونكه له دنیادا هیچ كابینه‌یه‌ك نییه بێ كێشه و كه‌موكوڕی بێت، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت خۆیشیان ده‌ڵێن ته‌نگژه‌كان تێده‌په‌ڕێنین، واته ددانیان به ته‌نگژه‌دا ناوه، وه‌لێ پرسیاری رژدی ئه‌م وتاره له ئه‌حمه‌د میره ئه‌وه‌یه بۆچی ئازایه ره‌خنه له پارتی بگرێت؟ له كاتێكدا به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان حكوومه‌تیان پێكهێناوه، كه‌چی ئاماده نییه بچووكترین ره‌خنه له لایه‌نی یه‌كێتی و گۆڕان بگرێت كه ئه‌وانیش له حكوومه‌تدا هاوبه‌شن و به‌شداریشن له ته‌نگژه‌كاندا؟.
به‌داخه‌وه مۆدێلێك په‌یدا بووه ئه‌وه‌ی ره‌خنه له پارتی بگرێت، به سه‌ربه‌خۆ و رۆشنبیر و نووسه‌ری باشی ده‌زانن، كه‌چی ئه‌و تایپه جگه له موزایه‌ده و سیناریۆی مه‌به‌ستداری سیاسی له دژی لایه‌نێكی دیاریكراو، شتێكی تری رۆشنبیری و سیاسی‌یان پێشكه‌ش نه‌كردووه، تا بڵێین ده‌ستتان خۆش، بۆیه ئه‌و هه‌ناسه زبره‌ی نووسینی ئه‌حمه‌د، هیچ ره‌واجێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه و وه‌ڵامدانه‌وه‌یشی له‌به‌ر گرنگی وتار و بۆچوونه‌كانی نییه، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی به نه‌خوێنده‌وار وه‌سف كردووه، كه‌چی خۆی له ته‌نیا وتارێكدا زۆرترین هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و رێنووس و مانای كردووه، كه‌واته ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی نه‌خوێنده‌واری خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و پێمان ده‌ڵێت بۆچوونه سیاسییه‌كانیشی هه‌مان ئه‌و تایپه موزایه‌ده‌چییه‌ن كه خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی نائومێدین له كۆمه‌ڵگه‌دا.