مەسروور بارزانی نموونەی سەركردەی دڵسۆز

هەڵسەنگاندن و پێوەر بۆ سەركەوتن، پێوەستە بە شوێن و پێگە و نەتەوە و وڵاتـ، زۆر بوون ئەو وڵات و سەركردانەی دنیا كە بوونە جێی سەربڵندی و تۆماركردنی مێژوویەكی پڕشانازی و سەركەوتن بۆ گەل و نیشتمانەكەیان، ئیتر چ خەباتی چەكداری، شۆڕش و رزگاریی نەتەوەیی لە ژێر دەستەیی، یان شۆڕشی پێشخستنی وڵات و پیشەسازی و چاكسازی و پاكسازی و گەڕانەوەی دادپەوەری، ئینجا رژدبوون بۆ گرنگیدان و پێشخستنی  گەل و نیشتمانەكەی.

هەموو ئەمانە بە سەركردەی دڵسۆز و ژیر و كوردپەوەر دەكرێت، هەروەها كەسایەتیی كاریزما و شارەزا و هەستكردن بە ئازارەكانی میلەت لە سەختترین بارودۆخەكاندا، سەركردەی مەزن دروست دەكات كە دەبێتە هیوا و ئومێد بۆیان و تێدەكۆشێت بۆ ژیانی بەختەوەر و شایستە بە خەڵكەكەی. بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە سەركردەیە هەردەم جێی متمانە و پشتیوانیی لەگەڵ دەبێت.

ئەو سەركردانەی لە رۆژانی سەخت و پڕقەیراندا ئەرك و بەرپرسیارێتی گەل و نیشتمانەكەیان لە ئەستۆ گرت و بە بیروباوەڕێكی پتەو، گشت هەوڵەكانیان خستە گەڕ لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ خەڵكی وڵاتەكەی، ئاماژە و هەڵوەستەم لەسەر سەركردایەتیی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ئەو كۆسپ و شەڕ و گەمارۆ و قەیرانە دارایی و سیاسییانەی بەرەنگاری گەل و هەرێمی كوردستان بوونەوە، سەركردایەتیی هەرێمەكە و حكوومەتی كوردستان، لە ئاستیاندا دڵسۆزانە قۆناغەكەیان تێپەڕاند.

بەرەنگاربوونەوەی دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی، هاتنی لێشاوی ئاوارەكان، دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانی دارایی، گوشار و قەیرانی دروستكراوی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییانە بوون كە بە سیاسەت و ئیدارەدانی ژیرانە، لە سەختترین بارودۆخەكاندا قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی بەشێوەیەكی گشتی كە بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵە بوون، پاراست.

باسكردنی هەموو ئەمانە بە قسەكردن ئاسانە، بەڵام كە لەناویدا بووین، دەزانین چەند سەخت بوو، كە بە كەسایەتی و سەركردەی دڵسۆز و خەمخۆر بەتایبەت هەردوو كابینەی هەشت و نۆی حكوومەتی كوردستان نەبووایە، نەدەتوانرا لەناو دەریایەكی پڕ تۆفان و كێشەدا بگەینەوە كەناری دڵنیایی و ئارامی.

ئەوە دەرخەری ئەو راستییانەن كە كوردستان خاوەن سەركردایەتییەكی حەكیم و دڵسۆز و خزمەتگوزارە كە سەختترین پیلانگێڕی و باردۆخ، ناتوانن ببن بە كۆسپ و ئاستەنگ لە بەردەمیاندا بۆ خزمەتی خەڵك و كار و بەرنامەكانیان، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، بە هەموو توانایەكەوە كاری لەسەر ئەو ستراتیجە كردووە، تا كورد و كوردستان لە قەیرانی دارایی، ئابووری و تەندروستی دەرباز بكات، هەنگاو بەهەنگاو پڕۆژەی چاكسازی و پاكسازی جێبەجێ دەكات.

خزمەتێكی بەرچاوی پێشكەش كردووە، لەڕووی ئابووری و پیشەسازی و دانانی چەندان پڕۆژەی ستراتیجی رێگەوبان و تەندروستی و كشتوكاڵ


ئەگەر هەڵوەستە لەسەر كار و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەم بكەین لە گشت بوارەكان و لە سەختترین بارودۆخەكاندا، خزمەتێكی بەرچاوی  پێشكەش كردووە، لەڕووی ئابووری و پیشەسازی و دانانی چەندان  پڕۆژەی ستراتیجی رێگەوبان و تەندروستی و كشتوكاڵ، ئینجا لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لەگەڵ  دەسەڵاتدارانی عێراق لە بواری بودجە و مووچە، ئینجا لە بواری تەندروستیش دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست، وەك ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. 

ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و زۆر لە وڵاتانی دنیا بكەین، ئەوا حكوومەتی كوردستان پێشەنگ بووە لە پاراستنی گیانی كوردستانیان لە نەخۆشی.

حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، هەمیشە بەرانبەر گەل و نیشتمان و خزمەتكردنی خەڵك، بەرپرسیار بووە و خۆی بەخاوەن زانیوە، بەتایبەت لەوكاتانەی تووشی كارەسات و رووداوی نەخوازراو دەبین، وەك رووداوی لافاو لە هەولێر و سەردانی خێرای لێقەوماوان وەك هاوسۆزی و خەمخۆری و دڵنەواییان، ئەوەش ئەوپەڕی خەمخۆرییە لەلایەن سەركردەی خزمەتكار و مرۆڤدۆست كە سەلماندی لە رۆژانی تەنگانەدا سەرۆكی حكوومەتێك هەیە لەگەڵمان بێت.