ئێواره‌یه‌كی دره‌نگه و ملی ڕێم گرتووه به‌ره‌و ماڵ، تاریكی وا ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر ته‌واوی شاردا، نم نم باران له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆژگارێك ماندوویه‌تیم ده‌دا، شه‌كه‌تیی ته‌مه‌نێك له به‌ژنم ده‌چۆڕێت، له‌گه‌ڵ بارانی ئه‌م شاره تاریكه تێكه‌ڵ ده‌بن و ڕووه و جۆگه‌له سه‌ر لێشێواوه‌كانی ئه‌م شاره پڕ ته‌نیاییه ڕێ ده‌كه‌ن، تێكه‌ڵ ده‌بن و له بن دار توویه‌كی 100 ساڵه له‌نگه‌ر ده‌گرن و تینوویه‌تی سێ شه‌و و سێ ڕۆژه‌یی ده‌شكێنن، شنه‌بای پایزێكی دره‌نگكه‌وتووی ئه‌مساڵه‌یش خۆی ده‌خزێنێته ناو سینگم و ئاخێكم پێ هه‌ڵده‌كێشێت، به جارێك هه‌ناسه‌م تێكه‌ڵی ساردیی شه‌و ده‌كات و ڕووه و باكور ده‌یبات، دوورتر له شوێنی نیشته‌جێبوونم ده‌یكات به ڕۆحیی پیره دارگوێزێكی بێبه‌ردا.
ڕێ ده‌كه‌م و ده‌ڕۆم، خێرا و خێراتر، تا زووتر بگه‌مه‌وه ماڵ و شه‌كه‌تی و هیلاكی ئه‌م ڕۆژه‌م فڕێ بده‌مه ناو نوێنی خه‌وه‌كه‌م، له‌پڕ تارماییه‌ك كه شێوه‌ی له‌و گیراوانه ده‌چێت كه دوای ته‌مه‌نێك ژیان له نێوان چوار دیوار، ئه‌مڕۆ واژووی ئازادكردنی كراوه، هێنده شپرز و شێواوه بێ ئاگایانه خۆی كێشا به جه‌سته‌ی شه‌كه‌تیی مندا، به‌ڵام ڕووخساری نامۆ نییه و له هزرمدا ناسراو دیاره، خودایه چی ده‌گوزه‌رێت؟ ڕووخساره‌كه هه‌مانشێوه‌ی من ده‌دات، به تووڕه‌ییه‌كه‌وه سه‌یری كردم و له‌گه‌ڵ داخستنی چاوه‌كانی من، ئه‌ویش له تاریكی شه‌ودا ون بوو.
من كه هێشتا نازانم چی ده‌گوزه‌رێت، كه‌وتمه‌وه ڕێ، چه‌ند هه‌نگاوێكم ناو و گه‌یشتمه‌وه شوێنی ماڵه چۆڵه‌كه‌م، ئه‌ی هاوار ئه‌مشه‌و چی ڕوو ده‌دات؟ كوا ماڵه‌كه‌م به‌یانی لێره بوو له‌م جێیه، چه‌ند جارێك خۆم ڕاوه‌شاند تا بزانم ئاخۆ ئه‌مه خه‌یاڵه یان ڕاست، به‌ڵام بێ سوود، هه‌مان دۆخی پێشوو بوو، له ناكاو تارماییه سه‌ر لێشواوه‌كه هاته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی نائومێدانه سه‌یری كردم، گوتی ناكرێت تۆش ڕێت وه‌ك من ون كردبێت؟ له ئێواره‌وه منیش وێڵم له‌م شاره تاریكه هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ماڵ و جێی خه‌وه‌كه‌م نادۆزمه‌وه كه پێشتر لێره‌دا بوو، به‌ڵام سه‌یره ئیتر لێره‌ش نایدۆزمه‌وه.
له ناكاو شتێكی سه‌یر ڕووی دا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه چیرۆك بێت و كه‌سێك بینووسێت و له دێڕێكدا هه‌ڵه‌ی كردبێت و ده‌ست بكات به سڕینه‌وه و كوژانه‌وه‌ی، هه‌موو شته‌كان گه‌ڕانه‌وه خاڵی سه‌ره‌تا و لاشه‌یه‌كی بێڕۆحی فڕێ دایه به‌رده‌مم، لاشه‌كه خۆمم بێ جووڵه ڕاكشاوم، ئه‌وكات زانیم ڕۆحم بێزاره و هه‌ڵهاتووه له جه‌سته‌م، ئه‌و تارمایه‌ش ئه‌و بوو، بۆیه هێنده به جۆش و خرۆش بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له گرتووخانه ئازاد كرابێت.
دووباره چی ڕوو ده‌دات؟ كات وه‌ستایه‌وه، دیاره نووسه‌ره‌كه به دڵی نییه و هه‌موو شته‌كانی گه‌ڕانده‌وه خاڵی ده‌ستپێك، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه ناو و ناونیشانیشمی گۆڕیوه و فڕێی داومه‌ته قووڵایی چاڵێكه‌وه، شه‌ش مه‌تر دار و 20 بزماری له ته‌نیشتم داناوه، دوایی چه‌ند سه‌عاتێك په‌یژه‌یه‌كم دروست كرد و له چاڵه‌كه ده‌رچووم، له گۆڕستانێك سه‌رم ده‌ركرد و ئێسته زانیم چاڵه‌كه‌یش گۆڕه، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه ناوی من له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كه نووسراوه، سه‌یرتر له‌وه دووباره هه‌ست به‌و شه‌كه‌تی و ماندوویه‌تییه‌ی سه‌ره‌تا ده‌كه‌م و به‌هه‌مان ڕێی پێشوودا ڕێ ده‌كه‌م و بارانه، خه‌ریكیشه تاریكی ده‌ست ده‌گرێته‌وه به‌سه‌ر شاردا، منیش دووباره به رێڕه‌وی ڕووداوه‌كاندا ده‌ڕۆم و ده‌ڕۆمه‌وه، به ئاواتی ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له جێیه‌ك خۆم و چه‌ند چركه‌یه‌ك ئارامی بدۆزمه‌وه.