كۆڵانی ژماره سێزده، شه‌قامی ژماره دووی شار، خانووی ژماره شه‌ش، وێرانه‌یه‌ك له ڕابردوو زیاتر، بنمیچه‌كانی به تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌كان داپۆشراون، پێشتر موڵكی سه‌رداریی شار بوو، پێشتر هه‌مووان ئاواتیان ده‌خواست ته‌نیا بۆ جارێك به ناویدا ڕێ بكه‌ن، ته‌ماشای سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی و ڕازاوه‌یی خانووه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام ئێسته هه‌مووان هه‌وڵ بۆ تێكدان و له‌ناوبردنی ده‌ده‌ن، ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌م كه‌لاوه ڕووخاوه‌وه سیمای كۆڵانی ژماره سێزده ناشیرین و شێواوه، گوایه سه‌ردار مردووه و هیچ میراتگرێكی له پاش به‌جێ نه‌ماوه تا له‌م جێیه شاهانه ژیان بكات.
له‌م ڕۆژانه قسه‌ی ئه‌وه ده‌كرا بینیویانه ده‌رۆزه‌كه‌رێك شه‌وانی له‌م خانووه به‌سه‌ر ده‌بات له ته‌ك سه‌گه ڕه‌شه‌كه‌ی، پێشتریش ده‌گوترا چه‌ند مانگێك بووبووه جێی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشت و له شه‌قامه‌كان ژیانیان ده‌گوزه‌راند، هه‌ر له‌م ڕۆژانه به‌شێكی ته‌واوی خانووه‌كه به هۆی زۆریی بارانه‌وه له‌گه‌ڵ زه‌ویی ته‌خت بوو، وه‌ك باس ده‌كرێت ژووری میوانداریی بووه پێشتر، ناهه‌قی نییه ساڵانێكی زۆره هیچ میوان و ڕێوڕه‌سمێكی شاهانه‌یی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، له هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه ته‌ماشای ده‌كه‌ی، وێرانی ده‌بینیت، منداڵانی گه‌ڕه‌ك بۆ چاوشاركێ و یاریكردن ده‌چنه ناوی.
بڕیار وابوو سه‌رداری نوێ بیكاته مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ پاراستنی یادگاری و شته به‌نرخه‌كانی سه‌رداری پێشوو هه‌م وه‌ك پێشاندانی ڕێزێك، چه‌ند كولتوورناسێك و ئه‌ندازیار هاتن چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش، به‌ڵام به‌بێ هیوایی هاتنه‌ده‌ر له خانووی كۆنی سه‌ردار، به ده‌نگێكی به‌رز گوتیان هه‌موو موڵكی سه‌رداری پێشوو ون بووه و دزراوه. پاش ماوه‌یه‌ك بڕیار درا بیكه‌نه ته‌لارێكی گه‌وره‌ی بازرگانی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، گوتیان زه‌وییه‌كه‌ی به‌كه‌ڵك نایه ته‌لاری له‌سه‌ر دروست بكرێت، چونكه ترسی داڕمان و ڕاماڵینی لێ ده‌كرێت، ئه‌مجاره‌ش هه‌ر وه‌ك خۆیی مایه‌وه.
پاش ماوه‌یه‌ك ڕاده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی كرا بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌یه‌ی كه نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌یه، ڕۆژێكی شه‌موو چوار پزیشك هاتن تا ته‌ماشای بكه‌ن، نازانم چی ڕووداوێك رووی دا له ناو تاریكی خانووه‌كه‌دا، ته‌نیا یه‌كێك له پزیشكه‌كان به ده‌روونێكی ساغه‌وه توانی له خانووه‌كه ده‌رباز بێت، ئه‌و سیانه‌ی تر به‌ته‌واوی ئه‌قڵیان له ده‌ست دابوو، ئه‌م بڕیاره‌ش سه‌ری نه‌گرت، دوای ئه‌م ڕووداوه بۆ هه‌میشه له‌بیر كرا، چونكه به بڕوای هه‌مووان ڕۆحی سه‌رداری پێشوو له‌ناو خانووه‌كه‌دا ماوه.
هه‌ر كه‌س بیه‌وێ زیانێك له خانووه‌كه بدات، ئه‌و ڕۆحه ئازاری ده‌دات، پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته‌وه ده‌ڵێن سه‌ردار بڕیاری داوه نوێی بكاته‌وه و وه‌ك سه‌رداری پێش ژیانی تێدا به‌سه‌ر به‌رێت، به‌ڵام ڕێگرییه‌ك هه‌یه، ده‌رۆزه‌كه‌ر و ته‌واوی ئاژه‌ڵه بێ لانه‌كان به‌رهه‌ڵستی ئه‌م بڕیاره ده‌كه‌ن، سه‌گ و پشیله‌كان ئه‌م خانووه به موڵكی خۆیان ده‌زانن، چۆله‌كه و كۆتر و په‌ڕه‌سێلكه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه، ده‌رۆزه‌كه‌ریش ده‌نگی خۆی خستووه‌ته پاڵ ده‌نگی سه‌گ و پشیله‌كان، جه‌نگێكی سه‌یره، مرۆڤ و ئاژه‌ڵ له پێناو جێیه‌ك بۆ مانه‌وه‌یان ده‌جه‌نگن، كه‌س نایه‌وێ ڕووداوێكی وای له ده‌ست بچێت، هه‌مووان هاتوون سه‌یر ده‌كه‌ن بزانن كام سوپا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌م جه‌نگه‌دا.
فه‌رمانی سه‌ردار هات، كابرایه‌كی چوارشانه ده‌یخوێنێته‌وه و ده‌قی فه‌رمانه‌كه ئه‌مه‌یه، من وه‌ك سه‌رداری شار بڕیارم دا له بڕیاری پێشووم په‌شیمان ببمه‌وه، مافی مانه‌وه ده‌ده‌م به ته‌واوی ئاژه‌ڵان و ده‌رۆزه‌كه‌ره‌كان له‌م خانووه‌دا.. ته‌واو پشێوی نه‌ما و هیچ كه‌س له نزیكی خانوو نه‌ما، چه‌ند شه‌وێك دواتر بۆ هه‌میشه خانووی سه‌رداری پێشوو بزر بوو به‌هۆی بارانه‌وه، به جۆرێك هیچ شوێنه‌وارێكی نه‌ما ته‌نیا پارچه خشت و به‌رده‌كان نه‌بێت كه ئه‌وانیش ڕووخابوونه سه‌ر زه‌وی، سه‌یرتر له‌وه هیچ كام له ئاژه‌ڵه‌كان ته‌نانه‌ت ده‌رۆزه‌كه‌ریش دیار نه‌مان.
پاش لێكۆڵینه‌وه گوترا له‌م جێیه هیچ كه‌سێك بوونی نه‌بووه و پێش چه‌ندان ساڵ چۆڵ كراوه، مێژووی ڕوخانیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سێ ساڵ پێش ئه‌م كاته، هۆكاریش نادیار، ئه‌وه‌ی سه‌یره پێش ڕۆژێك ئه‌م خانووه لێره بوو و شه‌ڕ بوو له‌سه‌ری، به‌ڵام ئێسته به به‌ڵگه سه‌لمێنراوه سێ ساڵیش ده‌بێت خانوویه‌ك نییه له‌م جێیه، ئه‌و ده‌رۆزه‌كه‌ره‌ی ئێمه‌ش باسی ده‌كه‌ین پێش پێنج ساڵ لاشه‌ی به مردوویی له كه‌لاوه‌یه‌ك دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئێمه‌ش باسیان ده‌كه‌ین، پێش حه‌وت ساڵ ڕوویان داوه، هێشتا من بڕوا ناكه‌م ئاخر هه‌ر دوێنێ ئه‌م خانووه لێره بوو، له‌م گه‌ڕه‌كه بوو.