لاوازم، وێنه‌ی ئه‌و داره‌ی ته‌واوی ڕه‌گه‌كانی له به‌رده‌ڵان گیر بووه، شنه‌بایه‌كی ئه‌م پایزه به‌ته‌واوی له ڕیشه‌وه هه‌ڵمده‌كێشێت، من بوومه ئه‌و پیره‌ی له ته‌واوی ده‌رمانخانه‌كانی شار ده‌رمانی ئازاره‌كانی ده‌ست ناكه‌وێت، بووم به‌و گه‌نجه‌ی له ناخیدا هه‌زاران هیوای شاردووه‌ته‌وه و هێشتا ده‌ستی به‌تاڵه و ناتوانێ به‌ده‌ستیان بهێنێت.
نا ئه‌و منداڵه‌م دایكی له جه‌نجاڵترین جێی شاردا لێ بزر بووه، ڕۆژێكیش ده‌بمه ڕه‌شه‌بای پایز و ته‌واوی گه‌ڵای داره‌كان ده‌وه‌رێنم، ده‌بمه ڕووبار و به ناخی بیابانێكدا ده‌ڕۆم، ده‌بمه ده‌رۆزه‌كه‌رێك و له ته‌واوی خه‌ڵكی شار داوای خۆشه‌ویستی ده‌كه‌م.
ڕۆژێك ده‌بمه نووسه‌ر و هه‌زاران نووسینی شێواو ده‌نووسم، چیرۆكێك ده‌نووسم كه نه سه‌ره‌تای هه‌بێت نه كۆتایی، ڕۆژێك سه‌رداری حه‌ره‌مسه‌رام 100 كه‌نیزه‌ك و چوار له جوانترین ژنانی دنیا ده‌كه‌مه هاوسه‌ر، به‌ڵام هێشتا هه‌ر لاوازم وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوم به پاشگری لاواز كۆتایی بێت، هێز و توانا له چیدایه وا من هه‌ر نایدۆزمه‌وه، هۆكار چییه ڕووناكییه‌ك نییه له‌م ئه‌شكه‌وته تاریكه تا ڕێی ده‌ربازبوونم پێشان بدات، خه‌ریكه باوه‌ڕ ده‌هێنم هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه نابینا بووم و هه‌رگیز ڕووناكیم نه‌بینیوه، ڕۆژێك پیرم ڕۆژێك گه‌نج، ساڵانێكه ده‌ژیم و هێشتا خۆم نه‌بووم، هه‌ر ڕۆژه و له‌به‌رگێكدام و هه‌ر ڕۆژه و ده‌مامكێك ده‌به‌ستم، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی لای ئه‌وانی تر قبووڵ بكرێم.
هه‌مووان بوونه‌ته شێرپه‌نجه له‌ژێر ده‌مامكی خۆشه‌ویستیدا خۆیان حه‌شار داوه، توانام نییه ئه‌م هه‌موو ده‌مامكه له ڕووخساری ئه‌م خه‌ڵكه داماڵم، ده‌كرێت ڕۆژێكیش من ببمه ده‌مامك و به ڕووخساری كه‌سانێكه‌وه بم لێره هه‌مووان له خۆبوون هه‌ڵدێن، ده‌ترسن له‌وه‌ی خۆیان بن، لێره گوێكان و زمان فه‌رمانڕه‌وان، ڕه‌شبینترین وتارنووسی شار، له خۆشترین ساته‌كانی ساڵدا وتار ده‌خوێنێته‌وه.
كورد ده‌ڵێت سه‌رێك و هه‌زار سه‌ودا، به‌ڵام لێره ئه‌و سه‌ودایه به‌رگی باشبوونی پۆشیوه، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له هه‌زار سه‌ریشدا جێی نابێته‌وه، ساڵانێكه مردووه ئێسته پرسه‌ی بۆ ده‌گێڕن، هیچ شتێك له جێی خۆی دانه‌نراوه، گه‌رماوی شار له جێی دادگادایه، قوماربازه و زه‌كات به هه‌ژاران ده‌دات، له‌م ڕۆژانه ده‌یگوت هه‌ژار ناهێڵین، له كه‌سێكم بیست گوایه له قومارخانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئیفلاسی به هاوڕێیه‌كی نزیكی هێناوه.
چی ده‌گوزه‌رێت باڵه‌خانه‌ی ڕۆشنبیری كراوه‌ته میوانخانه، له جێی كتێبخانه‌كه‌شی باڕێكی پێنج ئه‌ستێره دروست كراوه، ده‌ڕوات و ده‌ڕوات، زیاتر به‌ره‌و شێواوی ده‌چێت، زیاتر وێنای گۆمێكه كه هه‌موو ڕۆژێك كابرایه‌كی شێت دێت و به‌ردێكی تێ فڕێ ده‌دات، هه‌موو ئه‌م شتانه له بچووكترین گه‌ڕه‌كی شار ڕوو ده‌دات، ئه‌ی تۆ بڵێی له شارێك به‌و گه‌وره‌ییه چی بگوزه‌رێت؟.