ئەیلوول.. شۆڕشێكی بەردەوام و دانەبڕاو

PM:12:59:11/09/2021 ‌
60  ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژگارێكی سەخت و دژواردا، گەورەترین و كاریگەرترین شۆڕش لە مێژووی گەلی كورد بەسەركردایەتیی سەركردەی مەزن مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، كە بوو بە سەرچاوەیەك بۆ دروستبوونی قۆناغێكی نوێ لە بەرهەڵستكاری دامەزراندنی ڕێبازێكی نوێ لە كوردایەتی دژی ستەم و زۆرداری. 

هەڵبەتە میلەتی كورد بە درێژایی مێژوو زۆر لە پێش شۆڕشی ئەیلوولەوە، بەردەوام لە خەباتی بێ وچان و كۆڵنەداندا بووە، بەهۆیەوە دووچاری كارەسات بووە و بە دەیان سەركردەی مەزنی تێدا هەڵكەوتووە كە گیانی خۆیان كردووەتە قوربانی لە پێناو رزگاری و سەربەخۆیی خاكی كوردستان، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول، تایبەتمەندیی زۆر جیاوازی هەبووە؛ چی لە هەستیاریی قۆناغی مێژوویی و سەردەمی كێبەركێی ناسیۆنالیستی و ئایدۆلۆجی، چی لە توانا و لێهاتوویی كاراكتەرەكان لە سەركردایەتیكردنی شۆڕشەكە لە هێزی جووڵەی جەماوەر و گەل، لە بەخشینی ئاگایی بیری نەتەوەیی و هەستان دژی ستەم و زۆرداری كە ئەمەش كاریگەریی كردە سەر هەموو پارچە داگیركراوەكانی كوردستان.

كەسایەتیی  سەركردەی گەورە مستەفا بارزانی هەر لە سەرەتاوە، هێزێكی یەكجار كاریگەر و پڕ وزە بوو لە دروستبوون و خۆگرتنی شۆڕش، پاشان بەرفراونبوونی و بەجۆشدانی گەل. ئەم هێزەی لەو ساتانەوە دەستی پێ كرد كە بارزانی وەك كوردپەروەرێك، بەشداری شۆڕشی مهابادی كرد، لەگەڵ چەندان پێشمەرگەی قارەمان رووبەڕووی ستەمی شای ئێران بوونەوە. ئەمەش راستەوخۆ ئەوە دەردەخات كە ئەم سەركردە مەزنە چۆن بیری نەتەوەیی و نیشتمانی دوور لە ناوچەیەكی دیاریكراو و سنووردار، لەناو دڵ و دەروونی دا جێگیر بووە. 

پاشانیش هەر لە دوای ڕووخاندنی كۆماری مهاباد؛ بارزانی بەهیچ شێوەیەك دانەبڕا لە ڕەوتی شۆڕش و خەبات، بەڵكو بۆ ئەو ئەم كاروانی كوردایەتییە هەر سەرەتابوو، بۆیە شۆڕشی مهاباد و لە سێدارەدانی سەركردەی گەورە قازی محەمەد، نەك هەر نائومێدی نەكرد، بەڵكو گڕوتینێكی نوێی بەخشییە بارزانی لە كۆڵنەدان و بەردەوامی، ئەمەش بوو بە داینەمۆیەكی بەهێز بۆ بەرخودان و ڕاپەڕین و هەڵمەتی قارەمانانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. 

بارزانی نەمر دڵی ئەو جووڵانەوەیە بوو، بێ ئەو شۆڕش و سیاسەت و حزب وەك جەستەیەكی بێ ڕۆح وابوو
 

هەر لە دوای ساڵی ١٩٤٥وە بەدروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ساڵی ١٩٦١ كە یەكەم فیشەكی شۆڕشی ئەیلوولی تێدا تەقێنرا، بارزانی نەمر دڵی ئەو جووڵانەوەیە بوو، بێ ئەو شۆڕش و سیاسەت و حزب وەك جەستەیەكی بێ ڕۆح وابوو، چونكە هەموو پایە تۆكمە و بەهێزەكان بۆ دروستبوونی پارتێكی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەیەكی توندوتۆڵی بەستراو بە میلەتەوە، پێشتر بارزانی بە شێوازێكی زۆر سروشتییانە پێكی هێنابوو، ئەوەی مابوو تەنیا رووكارێكی تەكنیكی بوو. واتە چی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و چی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، بەبێ بارزانی تەنیا جەستەیەكی بێ گیان بوو، نەیدەتوانی هەناسەیەكی درێژ بدات و بكەوێتە سەرپێی خۆی. 

ئەوەش ئەوە ناگەیەنێ كە ڕۆڵی سەدان سەركردە و فەرماندەی ماندوونەناس لەبیر بكرێت، بەڵام مێژوو  دەریخست ئەوانەی دوای سەركردەی مەزن بارزانی كەوتن و لەو ڕێچكەیەوە بەردەوامییان بە خەبات و شۆڕش دا، توانیان هێزێكی یەكجار گەورە بە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی كورد بدەن و ئاكامگیرییەكی روونی پڕ لە سەروەری دەستبەر بكەن، ئەوانەش كە لایان دا لەم ڕێبازە و بەبیانووی كرچوكاڵ و كۆپیكردنی كۆمەڵێك ئایدۆلۆجیی دوور لە واقیعی نەتەوەی كورد، دووچاری خیانەت یان ململانێی نالۆجیكی و دووبەرەكی بوون، ئاكامەكەشی تەنیا ماڵوێرانی و گورزی كوشندەیان بە بزووتنەوی شۆڕشی كورد گەیاند.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هێزێك بوو، بارزانیی زیاتر پێی بەخشی وەك لە هێزی ئایدۆلۆجیا و پارتایەتی، ئەم هێزەش بارزانی لە گەلەوە وەری گرتبوو، نەك لە كۆبوونەوەی داخراو و دیسپلین و بیرۆكراسیی دامەزراوەیی حزبی سیاسی، بۆیە حزب بۆی هەیە لاواز بێت و بگۆڕێت یان بپووكیتەوە، بەڵام خۆری ڕێبازی بارزانی هەرگیز ئاوا نابێت و هەمیشە بەسەر ئاسمانی كوردستاندا تیشك دەداتەوە، تۆوی ورە و جووڵە و ئیرادە لەناو ڕۆحی نەوەكانی ئەمڕۆ و داهاتوودا دەچێنێت.

شۆڕشی ئەیلوول لە ڕووی كردەنی و دروستبوونی مەفرەزەی پێشمەرگایەتی و شاڵاوی شۆڕشگێڕانە دژی سوپای داگیركاری عێراق، لە سەرەتادا لە ناوچەكانی باڵەكایەتی ڕۆڵ و كاریگەری هەبوو، بۆیە بارزانی نەمر ئەو ناوچەیەی وەك لانكی شۆڕش و ماڵ و سەركردایەتی دەستنیشان كرد. هەر لەوێشەوە یەكەم تەقە و یەكەم شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول خوێنی پاكی ڕژایە سەر خاكی كوردستان. عەبدوڵا ئاغای گۆرۆنی یەكەم شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول بوو، لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگە و فەرماندەی تێكۆشەر، هێرش دەكەنە سەر  مەخفەری دوژمن لە گەڵاڵەی ناوچەی باڵەكایەتی و پاش شەڕێكی سەخت و شكاندن و گرتنی شوێنی دیاریكراو، ڕۆحی دەكاتە قوربانی.

سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول لە ڕووی كردەنییەوە لە ساڵی ١٩٦١وە دەست پێ دەكات، بەڵام كۆتایی نییە و مێژوویەك نییە تێیدا ئەم شۆڕشە لە وەستان بكەوێ، نە نسكۆی ساڵی ١٩٧٥ و نە گیانسپاردنی  سەركردەی مەزن مستەفا بارزانی، نەبووە كۆتاهێنانی ئەم شۆڕشە، چونكە ڕێبازێك تێیدا دروست بوو كە پاش خۆی، نەوەكان لە چوارچێوەی شۆڕشی گوڵاندا توانیان بەردەوام بن لەسەر ئەم ڕێبازە. بۆیە شۆڕشی ئەیلوول جەستەیەكی جیا نییە كە لە دوای خۆی، دابڕان و بۆشایی گەورەی مێژوویی و قۆناغی نوێی فیكری تێیدا دروست بكات، بەڵكو زنجیرەیەكی نەپساوەی درێژكراوەیە؛ سەرەڕای شكست و نسكۆ و وەستان و كارەسات، بەڵام ئەیلوولی مەزن چاوگ و رەگی درەختێكی مەزنە كە هەموو شۆڕش و بەرهەمەكانی ئازادی و ڕاپەرین و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.

شوێنی شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا، وەك وردە ئەڵماسی ڕەنگاوڕەنگە لە ژێر كانییەكی بەخوڕدا، ئەگەر زۆر لێی ڕانەمێنیت و قووڵ نەبیتەوە لە ڕوانینی، هەرگیز پەی بە سیحری بریقە و پرشنگی رەنگاڵەی نابەیت. لە بەرانبەر ئەمەدا دەتوانین بڵێین شۆڕشی ئەیلوول،  شۆڕشێكی لەبیركراو و پەراوێزخراوە لە ئاستی خۆی و لە چاو ئەو هێزە گەورەیەی كە دروستی كرد و هێنایە كایەوە، بۆ ئایندەی جووڵەی سیاسی و خەباتی نەپساوەیی لە بزووتنەوەی جەماوەری و هەستی یاخیبوون لە ژێردەستی و بەرپەرچدانەوەی هەموو داگیركارییەكان.