رەوتی نوێی ئاڵای شۆڕش لەناو یەكێتیدا لە دایك دەبێت؟

PM:01:40:30/01/2023 ‌

ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتی، رووداوەكانی هەشتی تەمووز و هەژانەكانی ناو یەكێتی لە رابردوو و تیرۆركردنی پلەدارێكی سەربە دامەزراوەی فەرمیی حكوومەتی هەرێم، حزبەكەی هێناوەتە بەردەم پێشهاتێك كە ئەنجامدەرانی پیلانەكان لە دوای دەرچەیەكن بۆ رزگاربوون لەم دۆخە، بۆیە پێیان وابوو تێكدانی پێوەندییەكان لەگەڵ پارتی، بۆ ئێستە تاكە بژاردەیە بۆ شاردنەوەی لەوەی گوزەراوە، بەڵام بێ خەبەر لەوەی پارتی وەك حزب سەیری تیرۆرەكە ناكات و فەرمی و بەرپرسانە دەڕِوانێتە ئەو كردەیە.

ئێستە ناكۆكییەكان لە بەرزترین ئاستدان، بەڵام خراپتر لەوە گوزەری ناو ماڵی یەكێتییە لە ئاستی باڵادا، لە چەند رۆژی رابردوودا كۆبوونەوەی نافەرمی لە نێوان خۆیان ئەنجام دراوە، بەڵام كاریگەرترین كۆبوونەوە، باس و خواسی نێوان مەلا بەختیار و چەند سەركردەیەكی ناو ماڵی یەكێتی و كۆبوونەوەی نێوان كۆمەڵێك چەپڕەویی ئاڵای شۆڕشی رابردوو بوو لە دەرەوەی وڵات.

ئێستە ئەگەری دووبارە بنیاتنانەوەی ئاڵای شۆڕش لە گۆڕەپانەكەدا ترسی نوێی خستووەتە ناو ماڵی یەكێتی، بەتایبەت دوای پشتیوانی دەربڕینی قادر حەمەجان و كۆمەڵێك سەركردە و ئەندامی كۆنی ئاڵای شۆڕش لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆ، پشیگیری شێخ جەعفەر بە دوودڵییەوە بەتایبەت دوای بێ ئومێدبوون و پشتگوێخستنی سەركردە تێكۆشەرەكانی یەكێتی، كە ئەویش پێی وایە نۆرەی دێت.

 گرنگتر لەو باس و خواسە نافەرمییانە، كۆبوونەوەی ئەندامانی ئاڵای شۆڕشە لە وڵاتی فینلەند بەهیوای دووبارە بنیاتنانەوەی پارتەكەیان، بە مەرجی دەستگرتنی رەوتە ناڕازییەكەی ناو یەكێتی كە خۆیان هەڵقوڵاوی بیروڕای ئاڵای شۆڕش بوون و بوونە یەكێتی لە رابردوودا، بە ڕوونی هەست بە ناڕەزایی زیاتری ئەندامانی تری یەكێتیش دەكرێ. لە ئاستی باڵاشدا دوور نییە رەوتی ناڕەزایی یەكێتییەكان لەناو هەولێر و بەشێك لە سلێمانی، هێزی نوێ بێنێتە ئاراوە.

 جگە لەوانە، ئێستە هاوپەیمانی رابردوو، دوایی بێبەشكردنی لە پۆستی سەرۆك كۆمار، ناڕەزاییەكانی بە روونی گەیاندووەتە و چاوەڕێی ئەوەی لێ ناكرێت بەبێ دەنگی بمێنێتەوە تا سەر، میدیا سێبەرەكانی هاژوهوژی ناڕاستەوخۆیان دەست پێ كردووە، جگە لەوەی سەكۆی لاهوور ئێستە بەتایبەت دوای پێكهێنانی هێزی دووپشك، مەیلی دەركەوتنەوەی زیاتر دەكات.

كەواتە بەرگێكی نوێ و رەنگە هێزی نوێ چاوەڕوانكراو بێت بەرانبەر یەكێتی و روونتر بڵێم بنەماڵەی تاڵەبانیش لە لووتكەی دەسەڵاتدا. 
ئێستە بە بیری بیرمەندانی سیاسی، چەپڕەوە یەكێتییەكان بژاردەی لەدایكبوونی ئاڵای شۆڕش و رزگاركردنی سلێمانین، بۆیە لە ئەگەری زیاتر وێرانبوونی سلێمانی لە سایەی كوڕانی تاڵەبانی، هانای بۆ دەبەن و باس و خواسەكان گەرمتر دەبن. لەولایشەوە لاهوور شێخ جەنگی هێزێكی ئامادەیە و هەركەی كەوتە سەرپێ بەشی خۆی جەماوەری یەكێتی و سنوورەكەی چاوەڕێیین.

بۆیە بنەماڵەی تاڵەبانی یەك رێیان لە پێشدایە تا زیاتر پارتەكەیان لەت لەت نەبێ و لقی تریان لێ نەبێتەوە، ئەویش رادەستكردنی تیرۆریستانی تیرۆركردنی هاوكار جاف و چوونە ژێرباری داخوازییەكانی پارتییە، ئەوان دەتوانن رازیبن بە داواكارییەكانی پارتی، لە بەرانبەریشدا پارتی هێزێك ببەخشێتەوە بە یەكێتی و بیكاتەوە بە هاوبەشی سیاسی لە كوردستان، بەمەش رەوتە جیاكانی ناو یەكێتی، بۆ ماوەیەكی دوورتر جووڵەكانیان سست دەبێتەوە و ئەگەری لەدایكبوونی ئاڵای شۆڕش دوا دەخات.

ئێستە بژاردەكان پێوەستن بە دیدی كوڕانی تاڵەبانی بۆ داهاتووی یەكێتی و بڕیارەكانی لە ئاست پارتی، ئەگەر بەرپرسیارانە بە داواكانی پارتی رازی نەبن، دەبێت ساڵیادی نوێ بۆ نەوە نوێكەی ئاڵای شۆڕش دابنرێت.