دەست بەکاربوونەوەی پەرلەمان لە شەش خاڵ دا

AM:02:33:30/06/2017 ‌

د.فەرسەت سۆفی
 یەکەم: هەر لەو ماوەیە بۆ جاری دووەمە, پارتی مرونەتی تەواو دەنوێنێت بۆ دەست بەکار بوونەوەی پەرلەمان و دوو دەست پێشخەری پێشکەش کراون, هەردوو موبادەرەکەش لە سەر داوای یەکێتی و بیرۆکەی یەکێتی بوونە.یەکەمیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان تایبەت بە راپرسی بەبێ دەستەی سەرۆکایەتی و بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام, دووەمیشیان موبادەرەی ئەم دواییە بوو کە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بگەڕێنەوە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەی یەکەم بکەن و پاشان دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ گۆڕان بێت, بەڵام هەردوو موبادەرە بەبێ سێ و دوو لە لایەن گۆڕان رەتکرانەوە و یەکێتیش کە خاوەنی بیرۆکەی موبادەرەکان بوو بەبێ هەڵوێست مایەوە, خۆ ئەگەر بڕیارە یەکێتی رۆڵی لایەنی سێیەم ببینێت دەبێ چۆن تنازولی لە پارتی وەرگرت لە گۆڕانیشی وەربگرێت, ئەگەر گۆڕان تنازل ناکات دەبێ یەکێتی هەڵوێستی هەبێت, چونکە بیرۆکەی موبادەرەکان هی خۆیان بووە. واتە ئەگەر یەکێتی ئەرکی هێنان و بردنی پەیامە لە نێوان پارتی و گۆڕان ئەوا پارتی خۆی دەتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت و زۆر بە ئاسانی پەیام بنێرێت و دانووستانی راستەوخۆش لە گەڵ گۆران بکاتەوە, ئەگەر لایەنی سێیەمیشن دەبێ گەرەنتی بکەن و خاوەن هەڵوێستیش بن.
 دووەم: یەکێتی لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆی دەڵێت بەشداری ڕاپرسی دەکەین بە مەرجی بوونی یاسای راپرسی لە پەرلەمان, باشە ئەگەر گۆران لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت جا د.یوسف بێت یان هەرکەسێکی دی ئایا یەکێتی دەتوانێت گەرەنتی ئەوە دروست بکات کە ئەو پەرلەمانە یاسای ریفراندۆم دەردەکات و بۆ سەرۆکی هەرێمی دەنێرێت, لە راستی دا لە کارکەوتنی پەرلەمان بۆ دوای ١٩/ی ئابی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە نەک رۆژی ١٢/١٠/٢٠١٥, چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە نەبوو یاسا بۆ سەرۆکی هەرێم بنێرێت, لە کاتێک کە هێشتا سەرۆکی پەرلەمان لە هەولێر بوو, کەچی پەرلەمان لە ئەرکی یاسادانان بە تەواوی پەکی کەوت, بۆیە ئێستا ئەگەر یەکێتی گەرەنتی ئەمە نەکات, کە من پێم وایە ناتوانێت بیکات , کەواتە ئەو مەرجەی خۆشیان بۆ راپرسی دایان ناوە ناتوانن بە وجودی پەرلەمانێک تەحقیقی بکەن کە سەرۆکایەتیەکەی لە دەست گۆڕان بێت.
 سێیەم: ئەوان پێیان وایە پارتی لە پێناوی راپرسی ئاڵای سپی هەڵدەکات و زوو یان درەنگ هەموو ته‌نازولێک دەکات, بە باشی دەزانین رووداوەکانی پێش ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠١٥ بیربخەینەوە کە چۆن پارتی بۆ رێکەوتن هەموو سازشێکی کرد, تەنانەت داوا کرا دوو رۆژ کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخەن, بەڵام نەیان کرد پێیان وا بوو پارتی بە تەنها ماوەتەوە و ئیتر دەبێ تا دواین هەناسە فشاری لە سەر بکرێت, تا گەیشتە بارەگا سوتاندن, مرونەتی ئەوکاتی پارتی لە بەر ئەوە نەبوو لە پێگەیەکی لاواز دایە, لە بەر ئەوە بوو نەگەینە ئەم دۆخەی ئەمڕۆ, ئێستاش هەر خۆیان دەڵێن گەورەترین کارتی دەستمان سوتاند و نەمان زانی وەبەرهێنان لە سەرمرونەتی پارتی بکەین, ئێستاش خەریکن هەڵەی ئەو کات دووبارە دەکەنەوە و پێان وایە پارتی لە پێناوی ریفراندۆم ئاڵای سپی هەڵدەکات و هەرچی بیانەوێت بە دەستی دەهێنن, راستە پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بەو پەڕی نیەت پاکی هاتوونەتە پێش و موبادەرە لە دوای موبادەرە پێشکەش دەکەن, بەڵام ئەگەر نیەت خۆبەدەستەوە دانی پارتی بێت پێم وایە جارێکی دی کارتی دەستی خۆیان دەسوتێنن و بە دەستی بە تاڵ لێی دەردەچن, ئەو کاتیش ئۆباڵی بەرپرسیاریەتیەکە پێش گۆڕان یەکێتی هەڵی دەگرێت. 
 چوارەم: سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەرکردنی یاسای ریفراندۆم, یان دەبێ یەکێتی گۆڕان ڕازی بکات بەو موبادەرەیەی لەم دواییە پارتی و یەکێتی کردیان یان تەنها یەک کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام تایبەت بە ریفراندۆم کە ئەویش هەر بیرۆکەی یەکێتی بووە جا ئەگەر بەبێ گۆرانیش بێت. یان دەبی پرۆسەکە بڕوات بە بی پەرلەمان و هیچ کێشەی یاسایشی تێدا نییە. 
 پێنجەم: ئەوەی سەبارەت بە پەرلەمان دەگوترێت بە هیچ شێوەیەک مەبەست تیایدا کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە, چونکە لە بنەڕەتدا تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان لە رۆژەکانی کۆتایی دایە, تەنها ئەگەر مەبەست لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بێت, ئەگینا باشترە ئەمڕۆ قسە لە سەر هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت لە سایەی هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان کە سەرۆکی هەرێم بە پێی ئەو ئەرکە یاساییەی لە سەر شانیەتی داوای لە کۆمسیۆن کردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی پێش ٦/١١/٢٠١٧ .
شەشەم: لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی و پیادەکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان لە رێگای ڕاپرسی, پارتی هەموو میکانزم و وەسیلەیەکی گونجاو بۆ یەکڕیزی نیشتمانی دەگرێتە بەر, لە هەوڵەکانی لە دەست بەکارکردنەوەی پەرلەمان و دانوستان لە گەڵ یەکێتی و گۆران و سەرجەم لایەنەکان, لە پێشکەشکردنی تنازولی زیاتر و دەستپێشخەری و نەرمی نواندن, لە دان بەخۆداگرتن و خۆ بەدوور گرتن لە زمانی زبر و هەڵمەتی راگەیاندن, تەنها ئەو دوو شتەی کە سەرۆک بارزانی و پارتی دەستی لێهەڵناگرن پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین و لە دەست نەدانی ئەم دەرفەتەیە کە هاتۆتە پێش, هەروەها تەسلیم نەبوونی پارتیە بە حەز و ئارەزووی حزبی و ناوچەگەری هەندێ کەس کە گیرۆدەی گرێی دەروونی مێژوویی بوونە و هەموو سەرکەوتنی خۆیان لە شکستی پارتی دەبیننەوە.