نۆکەری بەو هەرزانییە ناخۆشە

AM:12:48:03/04/2024 ‌
ئێستە هەموو حزبەکان گۆڕەپانی کوردایەتییان چۆڵ کردووە و پارتی بەتەنیا ماوە، هەمیشە هەروا بووە حزبەکانی کوردستان کە بۆ ململانێی پارتی دروست دەبن، لە بری پرۆژە و کارتی باشتر، لە رقی پارتی پاڵ دەدەنە دوژمنەوە و بەوەیش هەر لەمسەرەوە دەچنە بەرەی دۆڕاو، پارتیش وەک هەمیشە وەک خاوەن دۆزی کورد و کوردستان دەسەلمێننەوە.

فەرموو یەک ساڵی ڕەبەقە بەغدا بە دادگا و ستەمی برسیکردن و سووکایەتی بە مووچەخۆرەوە، هەرچی بێڕەوشتییە بەرامبەر کوردستان کردی، کام حزب بەیاننامەیەکی دەرکرد بڵێ ئەمە زوڵمە یا بڵێ قبووڵی ناکەین؟ بێگومان نەمانبینی و پێ ناچێ بیشیبینین. بۆ؟

چونکە حزبەکانی کوردستان ستراتیج و پرۆژەی نەتەوەییان نییە و زیاتر هەڵچوون و حزبی سۆشیال میدیایین. هەر بە سادەیی سەیری یەکێتی بکەن، ئەو رۆڵەی ئێستە لە نۆکەریی بەغدا و تاراندا دەیبینن، لە ٦٦یش وێنەی نەووە، هەرچەند دواتر مام جەلال و برایم ئەحمەد پەنجەی پەشیمانییان گەست، بەڵام دادی نەدان، لەبەرئەوەی مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات، کەچی منداڵەکانیان وادیارە دەرس لە مێژوو وەرناگرن و بە ڕاستی مناڵ و هەلپەرستن،  بە هەموو ئەقڵی خۆیان خەریکی هاشوهوشن وا دەزانن ئەوان یاریچین لە ساحەیەکدا کە پارتی تێدایە.

هەموو بیرمانە ساڵی رابردوو زەواجە سیاسییەکەی بافڵ و کلدانی کە دووو کەسی ناشیعەن لە بەرەی مقاوەمەدا، بوو بە هاتوچۆی مانگی دووجار و هێشتا واوەتریش بافڵ هەفتانە دەچووە سەردانی فەرماندە ئێرانییەکانی حەشد بۆ بەغداد، خۆ ئێستە خەڵک حەقی خۆیەتی بپرسێ کوا بەرهەمی ئەو نۆکەرییە؟ خۆ هەر هیچ نەبێ دەبوو سوودێکی بۆ کوردستان تێدا بووایە، گریمان کوردستانیش هیچ نییە لای ئەوان و تەنیا هەڵپەرستن، خۆ دەکرا بەشی سۆشیال میدیا بەکرێگیراوەکەیان دەسکەوتیان هەبوایە تا شانازیی پێوە بکەن و بۆ نموونە ئەگەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش بێ، بڵێن پێوەندییەکانی یەکێتی ئەم سوودەی هەبوو، یا ئاسانتریشی بکەین، مووچەی سێ مانگی خوراوی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی دابین بکردایە و رەزامەندی پشت پەردەی لە ئێران وەتگرتایە، بەڵام کوا؟ بێزەحمەت بە یەک رستەش بێ یەکێک تێمانگەیەنێ سوودی پێوەندی یەکێتی و شیعە چییە؟ جگە لەوەی کردویانە بە دەسکەلا بۆ لێدانی لە ریزی کوردایەتیی و بێهیواکردنی خەڵک.

بەڵام سیاسەت گەمەی منداڵ و سۆشیال میدیا نییە و داهاتوو پێشانی دەدا کێ شانازیی نەتەوەیی دەستکەوتووە، حزبەکانی کوردستانیش بێ ئاگا هەر لە ڕقی لاوازی خۆیان، خەریکی ئەوەن مۆری خاوەنداریی کوردستان لەلایەن پارتییەوە تۆختر دەکەنەوە و خۆیشیان وەک تەماشاکار دەبێت هەروەک موعجیب بمێننەوە و لە دواوە هەنگاو بنێن.