ئێمە سەرۆكی وڵاتان دەبینین ئێوەش میلیشیا ببینن

PM:02:30:22/04/2024 ‌
دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەك نەریتێكی هەولێری پایتەخت بۆ پێشوازی لە سەرۆكی وڵاتان، لادیوارێكی قەڵای هەولێر بە ئاڵای توركیا ڕووناك كرایەوە، بەرپرسانی یەكێتی لەژێر كاریگەریی پەكەكەدا كەوتوونەتە دژایەتی پێوەندییەكانی كوردستان و وڵاتان.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە پەكەكە لە ڕێی میدیاكانییەوە دژایەتی هاتنی ئەردۆغان دەكات بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هاتنی بۆ عێراق لای ئەوان ئاساییە بەهۆی ئەوەی حەشدی شەعبی بەشێك لە دارایی پەكەكە دابین دەكات، بە تایبەت لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان، لە كاتێكدا یەكێك لە رێككەوتنەكانی عێراق و توركیا لەم سەردانەدا، لێدانە لە پەكەكە لە بەرانبەر بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق.

ئەو باڵكێشیەی پەكەكە بەسەر سنووری سلێمانی و بەرپرسانی یەكێتیدا هەیەتی، هی ئێستە نییە و پەكەكە كاتی لاوازیی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە و دەیان بارەگانی لە سنوورەكانی دەسەڵاتی ئەو حزبە داناوە، هەر بەو هۆیەشەوە مەترسی بۆردامانی درۆن دەیان جار ڕووبەڕووی خەڵكی ناوچەكانی ئاخجەلەر، كەلار، ماوەت، چەمچەماڵ و شارباژێر و پێنجوێن بووەتەوە، بێ لەوەی ساڵێك و نیوە ئاسمانی توركیا بە ڕووی ئەو فڕۆكانەدا داخراوە كە لە سلێمانییەوە دەفڕن. 

واتە یەكێتی ژیانی خەڵكی خستووەتە مەترسییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و ناتوانێ لە قسەی پەكەكە دەربچێت، چونكە لە ڕووی جەماوەری و چەكدارییەوە دەورەی یەكێتی داوە.

ئامانجێكی تری ئەو حزبە لێدانە لە پێوەندییە دبلۆماسییەكانی كوردستان و بۆ ئەوەیش رێگەی بە پەكەكە داوە گۆڕەپانەكە بخاتە بەرژەوەندی خۆیەوە، لە كاتێكدا كوردستان هەر چوار لای بە دوژمن گیراوە و لە سایەی ئەو پێوەندییانە و ڕەوایی دۆزەكەی ماوەتەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێ ئەم لایەنە گەشەی كورد تاریك بكەن و بۆ هەمیشە چاویان لە دەستی عێراق و ئێران بێت كە كەناڵێكی گرنگی كرانەوە بە ڕووی دنیادا نین.

كوردستان هیچ شتێكی زیادەی بۆ ئەردۆگان نەكردووە، بگرە زۆر زیاتری بۆ پێشوازی لە سەرۆك ماكرۆن كرد و لەسەر ئەم پێشوازی و ڕووە گەشەی خۆی بەردەوام دەبێت، بەڵام خۆشتر بوو لایەنەكانی تریش هەروا بە كوردی بیر بكەنەوە و حەز بكەن وڵاتەكەیان گەشانەوەی زیاتر بێ، نەك بە ئیسلامی و بێدین و چەكدار و كۆمۆنیستەوە بەیەك ئیعاز و لەسەر یەك ریتم دژی هەر جووڵەیەك بن كە پایتەختەكەمان جوان دەكات.

خۆ ئەگەر مەبەست لێدانی پارتی بێت، ئەوە هەڵەن و پارتی لە كاتی ململانێدا خاوەنداری كورد دەكات و لە كاتی سیاسیشدا پێوەندی دبلۆماسیی و كرانەوە بە ڕووی دنیادا پێڕەو دەكات، چونكە پارتی حوكمڕانە. بۆ بیرهێنانەوەیش بۆچوونەكەی رێبەر ئەحمەد لە دیداری سلێمانی زۆری بەسەردا نەچووە و ریفراندۆمیش لەبیر ناكرێ كە توركیا دژە سەرەكییەكەی بوو، بەڵام چونكە پرۆژەیەكی نەتەوەیی بوو، پارتی كردی.

ئاساییە هەولێر پێشوازی لە سەرۆكی وڵاتان دەكات و ڕێزیشی دەگرێ، ئێوەش رەیان كلدانی و كەعبی و هاوتاكانیان بشارنەوە كە لە ترسی بۆردمانی ئەمەریكا هەڵدێن.