توركیا تۆپبارانی دەڤەری برادۆستی كرد

:: PM:11:17:10/07/2018 ‌

ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەمەبەستی لێدان و كردنەئامانجی بنكە و بارەگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، تۆپبارانی دەڤەری برادۆست و سنووری سیدەكانیان كرد.

پەكەكە پارتێكی چەپی كوردییە لە ساڵی 1978 لە باكوری كوردستان دامەزراوە و دوای وەدەرنانیان بە ناوچەی بیقاعی سووریا، لە چیای قەندیل جێگیر بوون و ئێستەیش ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی هەر چوار شارۆكەی سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر و رواندزیان لەژێر دەسەڵاتە و خەڵكێكی زۆر بەهۆی بۆردومانەكانی زەوینی و ئاسمانیی توركیا بۆ بارەگەكانیان بوونەتە قوربانی.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە هێزی سیدەكانی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 9ی ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی گوندەكانی بێركم و كووچی هاجەر و گەرواسنگایان لە دەڤەری برادۆست كرد و بۆردومانەكە ماوەی یەك سەعات بەردەوام بوو. 

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، بەهۆی بۆردومانەكەوە هاووڵاتییان زیانی گیانیان پێ نەگەیشتووە و زیانی پەكەكەیش نەزانراوە. 

سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، بە دووری 144 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە  زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل