كۆتای ئەمساڵ روسنەفت پڕۆژەكانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات

:: PM:07:05:24/07/2018 ‌

كۆمپانیای "روسنەفت"، گەورە كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە رووسیا رای گەیاند كە لە كۆتای ئەمساڵدا دەست بە پلانەكانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان دەكات.

نوێنەری كۆمپانیاكە لەو بارەوە رای گەیاند كە شاندی روسنەفت لە دیدارێكی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك تاوتوێی هەنگاوەكانی پێوەست بە دەستكردن بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا لە ئۆكتۆبەری 2017 كردووە و پێشبینی دەكرێت جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی كۆمپانیاكە بكەوێتە كۆتایی 2018.

ئەو گەورە كۆپانیا نەوتییە رووسیاییە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێك كەوتووە بۆ دەستكردن بە پرۆسەی گەڕانی جیۆلۆجی بەدوای نەوت لە پێنج شوێن لە هەرێمی كوردستان و لەكاتی سەركەوتنی پرۆسەكە بەرهەمهێنانی نەوت لە 2021 دەست پێ دەكات.

بەپێی رێككەوتننەكە روسنەفت بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی دەخاتە وەبەرهێنان لەو شوێنانە، بەوپێیەی نیوەی ئەو بڕە پارەیە لە بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكان بدرێتەوە، لەو كاتەی قەبارەی پشكی كۆمپانیاكە لە بەرهەمی ئەو كێڵگانە نزیكەی 80% دەبێت و بەپێی خەمڵاندنی سەرەتاییش قەبارەی یەدەگی نەوتی لەو شوێنانە دەگاتە 670 ملیۆن بەرمیل.

یەكشەمی رابردوو ئاژانسی "تاس"ی رووسیایی لە حەیدەر مەنسووڕ، باڵوێزی عێراق لە مۆسكۆی گواستەوە، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا ئیگۆڕ سیچن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای روسنەفت، سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوە/ رووسیا تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل